✓ جەوهەری

قەسیدێک دادەنێم شیعری فەسیح و ساف و غەڕڕا بێ
زەریف و خەندەئاوەر وەک کتێبی "ئەلف لەیلا" بێ

بڵند و پڕ لە مەعنی لەغز و پڕمەغز و سروورئاوەر
لەنێو جەرگەی قەسیدان وەک جحێڵی تازەزاوا بێ

ھەچی وەزعم ھەیە پاکی دەنووسم ھیچی نابوێرم
ھەچی دەردم ھەیە پاکی دەڵێم ئەعلاجی ئەدنا بێ

پەرێشانی و غەم و مەینەت لە دەورم حەڵقەیان داوە
بە عومری خۆم گومان ناکەم وەکوو ئەو ساڵە قەومابێ

لە سوختی داردا سوختم لە گوێنی و دەستەچیلەش دا
ھەمووی سەر یەک بخەی ھیچی نەیێڵی کوورەیەک نابێ

وەتاغم بووەتە نێوماڵی کەسیف و پڕگەنە و قڕنوو
لەتاو کێچ تاکوو ڕۆژ قەت بیست دەقیقە ڕاحەتم نابێ

لەبەر بێشوانی ھاوین گایەکانم ناردە ئەو دێیە
تەپاڵەشمان نەبوو، کەم بوو، بەشی بیست ڕۆژ ئەگەر مابێ

کە تەندوور دادەخەن دووکەڵ فەزای ماڵ پڕ دەکا وەک مژ
وەکوو توونی حەمامێک دەرک و ڕۆچنەی پاکی گیرابێ

بەڕۆژدا کار و جێگەم خوێندنی ئەوراد و مێحرابە
لەبەر قوولە و ھەرا گوێچکەم لە قورئانخوێندنم نابێ

شەوێ دوای نوێژی خەوتنان چووم تفاق بۆ ماینەشێ بێنم
تەماشای کا دەکەم ھەیھوو ھەمووی سێ باری چا نابێ

بەڕۆژوو بووم لەبۆ ئیفتار لە مزگەوت چوومەوە ماڵێ
کوتم برسیمە چێشت و نان و چایی حازرە با بێ

لە جوابدا پێی کوتم کابانی ماڵێ چارەسازێ کە
نە قەند و چا و ڕۆنت ماوە، نەوتیش حەو درەم نابێ

لەجێی نان گۆزەیەک ئاو داندرا وەک دەوری ئەسحابان
کوتم ڕەببی شوکر یا ڕەب کە تۆ نەیدەی ئەویش نابێ

خولاسە تا سەعاتێک کەوتمە نێو بەحری خەیاڵ و خەم
خودایا چۆن دەبێ و کارم بە کێ چا بێ

سەدایە ھاتە گوێم ئەی «جەوھەری» با بەس بێ دەردی دڵ
دەبێ کاری ھەموو چا بێ کەسێ سالاری ئاغا بێ

لە ھەر دوو دەستی وەک ھەوری بەھاری زێڕ و زێو دەڕژێ
لە بەگزادە و لە دێبوکری وەکوو ئەو پیاوە چا نابێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry