٢٧٥٦
✓ ئەحسەن موفتی
گەر بەهیوای سەربڵندی و سەرفرازیت گیانەکەم
سەد کەڕەت ڕۆحم فیداتە خاکی کوردستانەکەم
نەک دەنگ و ڕەنگ و حەیاتم بۆ بڵندی ناوی تۆ
بەڵکوو چوار فەسڵەی ژیانم وا لەبۆت تەرخان ئەکەم
کوردە قوربانی وەفاتم ڕۆژی هەوڵ و هیممەتە
ڕووم لە تۆیە گیان و ڕۆحم گیانەکەت قوربان ئەکەم
زیاد لە سەد ساڵە بە زەبری تۆپ و تانکە لێت دەدەن
ئەمڕۆ کورد چاوی لە تۆیە، دیدەکەم باوانەکەم
زوو سبەینێ ڕوو لە بنکە، دەنگی خۆت تۆمار بکە
نێر و مێ، پیر و جەوان و گەنج و لاوی لانەکەم
دڵ بەخۆشی و چاو بەفرمێسک و زوبانیش هاتە جۆش
دەس لەسەر پیتکەی تفەنگە بۆ دەر و دەربانەکەم
وا سولەیمانی و دهۆک و شاری کەرکووکم دەڵێ
من بە دەنگی پڕزوڵاڵم، دوژمنیش پاوان ئەکەم
شاری هەولێر و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین
ئاکرێ و شەنگاڵ و زاخۆ پشدەر و سۆرانەکەم
خانەقین و دەربەنیخان و کەلار و چەمچەماڵ
دوز و شەقڵاوە و دووکان و مێرگ و هەورامانەکەم
پێنجوێن و یەکبەیەک گوند و دێهات و شارەکەم
وا زەماوەندە بەجارێ، بووکی خانومانەکەم
نیشتمانی کوردەکانە وا بە ئەمری مەعنەوی
مانگی ئەیلوول مانگی هەنگوینی لەبۆ تەرخان ئەکەم
سەربەخۆیی بۆتە خولیای کوردی چوار پارچەی وڵات
بۆتە کارخانەی ژیانم، دەردی پێ دەرمان ئەکەم
نەنگە بۆ پیاوێ کە وا لەم خاکی کوردستانە بێ
دەنگی بۆ بێگانە بێ، ئاخر بەچی پێوانە کەم
«ئەحسەن»ـە نان و خۆراک و ژینی لێ بۆتە وڵات
نەفرەتی خوا لەو نەیارەی کۆسپی ڕێگە و بانەکەم
دەست و پەنجە و خامەکەی تۆ، مستەکۆڵەی توندە بێ
بۆ دەم و دان و لمۆزی دوژمنی دیوانەکەم
یەک دەنگی تۆ بۆ "بەڵێ" بێ، ئەمڕۆ بیدەی یا سبەی
شاد و کەیف و سەربەخۆییت پێ دەدا چاوانەکەم
ڤەژینبوکس