٢٩٤٠

 

✓ هێمن

قەت لە دنیادا نەبوو بێجگە لە ناخۆشی بەشم
مات و داماو و پەشێو و بێکەس و چارەڕەشم

سەردەمێک ئاوارە بووم و ماوەیەکیش دەسبەسەر
نەمدی ڕووی ئاسوودەیی، هەر تووشی گێرە و قەڕقەشم

دابی کوردی وایە کەس لاگیری لێقەوماو نییە
بۆ چی سەرکۆنەی بکەم لێم زیزە یاری مەهوەشم

تیغی بێ مەیلی و جەفای ئەو نازەنینە دڵڕەقە
جەرگی لەت کردم بەجارێک ئەنجنیویە سینەشم

کوشتمی و شەش خانی ئوممێدی لە من گرتن حەریف
مۆرەهەڵداوێم و بێهوودە بەهیوای دووشەشم

نابینی زەردە لەسەر لێوی کەسێ لەم شارەدا
گەر خەم و دەردی دڵی خۆمیان بەسەردا دابەشم

خۆشەویستی گۆشەکەی تەنیایی هەر ئەژنۆکەمە
بۆیە ڕۆژ و شەو وەها گرتوومەتە نێو باوەشم

نایەڵێ دوژمن بە ڕەنگە زەردەکەی من پێ کەنێ
تا دەمی مردن ئەمن مەمنوونی فرمێسکی گەشم

شاعیرێکی ڕاست و یەکڕووم و فیداکار و نەبەز
کوردە موحتاجی محەک نیم زێڕی بێ غەلل و غەشم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٩٣٩

 

✓ هێمن

شەوانە ئەو دەمانەی شەو دەگاتە کاتی نیوەی شەو
خەڵک نووست و لە چاوی من کەسەر دیسان ڕەواندی خەو

سکووتێکی بەسام سەرتاسەری ئەم دێیە دادەگرێ
دەڵێی هەر زیندەوارێکی هەیە لەو دێیەدا دەمرێ

لە هیچ لا خشپەیەک نایە، چرای ماڵێکی ناییسێ
بەئەسپایی لە ماڵ دێمە دەرێ دەخوشم وەکوو نیسێ

تەک و تەنیا بەئارامی دەچم بۆ گردەکەی بەر دێ
بەدڵتەنگی و کز و خەمناکی ڕادەکشێم لەسەر بەردێ

دەکەم جا سەیری ئەستێران و هەڵدەمژم شنەی شەوبا
شەو و بێدەنگی چەند خۆشە، هەمیشە خۆزگە هەر شەو با

وەکوو ئاواڵی چاک ئەستێرەکان گوێ ڕادەدێرن بۆم
هەتا بۆیان بەیان کەم مووبەموو ڕازی دەروونی خۆم

کوڵم هەڵدەستێ ئەو جارە و لەبەر دەردم دەناڵێنم
هەتا ئاوری دڵم دەکوژێتەوە ئەسرین دەبارێنم

شەوانە گەر نەکەم ئەو شیوەن و ناڵین و گریانە
دەسووتێنی وجوودم ئاگری ئەم جەرگە بریانە

بەڵێ گریانی نیوەی شەو دەکا ناسۆری دڵ مەرهەم
کوڵ و کۆم دادەمرکێنێ و بەجێ دێڵێ دڵی من خەم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨٨٤

 

✓ هێمن

گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لەدەس ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن

ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕخاڵ نیم
ئاشقی کێو و تەڵان و بەندەن و بەردم ئەمن

گەر لە برسان و لەبەر بێبەرگی ئیمڕۆ ڕەق هەڵێم
نۆکەریی بێگانە ناکەم تا لەسەر هەردم ئەمن

من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نییە
لەتلەتم کەن بمکوژن هێشتا دەڵێم کوردم ئەمن

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٦

 

✓ هێمن

هەر لە بۆتانەوە هەتا سۆران
هەموو سۆرانی شینە بۆ گۆران

هەر لە کوێستانەوە هەتا گەرمێن
یەخەمان دادڕاوە تا دامێن

لە جزیرە هەتاکوو بەحری ڕەش
نییە کیژێ سەری نەنابێ لە هەش

لە دیاربەکرەوە هەتا ورمێ
سەربەقوڕ، ملبەکوێنە نێر و مێ

هەر لە کەرکووکەوە هەتاکوو سنە
شین و ڕۆڕۆ و فغانی پیاو و ژنە

لە مەریوانەوە هەتا زێبار
وەک زرێبارە چاوی کوردی هەژار

هەر لە زاخۆ هەتاکوو کرماشان
پرسەیە، ماتەمە، بەخۆدادان

لە مەهاباد هەتا سلێمانی
ناڵەناڵە لەباتی گۆرانی

هەر لە بێجاڕەوە هەتا شەمزین
کچ و کوڕ، لاو و پیری کورد شەمزین

لە شنۆوە هەتاکوو سەنجابی
تووشی کوردێکی بێ کەسەر نابی

هەر لە هەولێرەوە هەتا پاوە
نەتەوەی کورد پەشێوە، تاساوە

جا چلۆن دڵبەخەم نەبین، نەگرین
جا چلۆن کۆڕی شینی بۆ نەگرین

شاعیرێک بوو بەنرخ و بێوێنە
بیری ڕۆشن بوو، چەشنی ئاوێنە

شاعیرێک بوو بەجەرگ و هەڵکەوتوو
پێشڕەوی گەل بوو نەک لەگەلکەوتوو

تاکی کەم بوو لە جوانپەرستیدا
وەکوو مێو بوو وشە لە دەستیدا

هەستی پاک، مێشکی تازە، بیری نوێ
شیعری پڕسۆز، قسەی بەتام و خوێ

دڵتەڕ و خۆشخەیاڵ و ناسکبین
بەهونەر، شارەزا، وشەڕەنگین

پێم پەریشێعر و مۆسیقاتۆران
بۆیە بردیانەوە سەرێ گۆران

یا خودای جوانی تووڕە بوو لێمان
ئەو چرایەی ڕەوا نەدی پێمان

ڕۆژگار گەوهەری وەبن گڵ دا
داخی ئەو مایەوە لەناو دڵدا

داخەکەم ئەو بڵێسە دامرکا
کە خەریک بوو وڵاتی ڕوونتر کا

ڕۆیی گۆرانی خۆشەویست ڕۆیی
شین و ڕۆڕۆی گەلی نەبیست ڕۆیی

ڕۆیی بێ وەی گەلی بگا بە مراد
ڕۆیی بێ وەی ببینێ کورد ئازاد

ڕۆیی ئاواتی بردە بن گڵی ڕەش
ڕۆیی کورد ماوە بێکەس و بێبەش

حاجی، گۆران و پیرەمێرد مردن
"داخەکەم کوردی ئێمە هەر کوردن"

کوردن و تووشی ڕۆژی تەنگانەن
مەردن و دیلی دەستی بێگانەن

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٧٥٨

 

✓ هێمن

لاگری سوڵحە تەواوی ڕەنجبەری وشیاری کورد
چاوەنۆڕی دەرفەتێکە خەڵکی لادێ و شاری کورد

کوندی شوومی شەڕ لە زەندۆڵان خزی بە دزی و فزی
کۆتری سوڵح و ئاشتی نیشتووە لەسەر دیواری کورد

دەستی دا دەستی برای و هاتە ناو کۆڕی خەبات
کیژی نەشمیل و لەبار و شۆخ و گوێ بەگواری کورد

کورد گوتوویە سوار هەتاکوو نەگلێ قەت نابێ بە سوار
ئێستە چابوکسوارە، چونکە زۆر گلاوە سواری کورد

فێری زۆر دەرسی بەکەڵک و باشی کردین تێشکان
جا ببینە ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەم جاری کورد

بەیت و بالۆرەی هەزار جار بۆ بڵێ کۆنەپەرست
تازە وێژینگێکی نادا دیدەکەی بێداری کورد

ڕۆژبەڕۆژ قایمترە، مەحکەمترە، بڕوایەکەی
دەمبەدەم چاکتر دەبێ، باشتر دەبێ، ئاکاری کورد

بێ وچان دەڕواتە پێش و ڕێگە دەبڕێ بۆ هەدەف
زۆر لە ساڵان ڕوونترە ئەو ساڵەکە ئەفکاری کورد

کورد بەزینی بۆ نەبوو دەستی نەدا، با دوژمنیش
ڕانەوەستابێ لە تاڵان و بڕۆ و کوشتاری کورد

ئەو لە ئازار و شکنجەی قەت نەبوو خافڵ، بەڵام
کوردی کردۆتە سماتە جەزرەبە و ئازاری کورد

سەدهەزار بەرگێڕەوەی با بێتە سەر ڕێ، ئاخری
هەر دەگاتە مەنزڵی ئاوات و خۆشی باری کورد

مافی کوردی هەر دەبێ بستێندەرێ بستێندەرێ
دوژمنی کورد تێ گەیشتووە ناکرێ باشاری کورد

وا گزینگی دا بەیانی جوانی ئازادی بەشەر
ڕۆژی ڕووناکە، نەماوە زوڵمەتی شەوگاری کورد

نایەوێ یاریدەدان و کۆمەگی ئەسڵی چوار
جووجەڵەی ئاغای ترۆمن وێی کەوت پللاری کورد

هەر کە تووشی بوو دەڵێ: "یانکی گۆ هۆم یانکی گۆ هۆم"
تازە دەستی ئەجنەبی ناتوانێ بگرێ زاری کورد

تووڕەیی خەڵکی کە دی وا کلکی گرتە ناو گەڵۆز
دوژمنی خوێڕی، وەکوو ڕێوی لە ترسی داری کورد

دێتە سەر ڕێبازی راست و دێتە ناو کۆڕی خەبات
خوارەپێچەی لێ بڕاوە پیاوی خێچ و خواری کورد

هێزی بێگانەی لەپشت خۆی دیبوو، بۆیە وای دەکرد
باری هێلکان نابزێوێ خاینی لاساری کورد

دانەنیشێ گەر لەسەر ئەو پەتک و سینگە بێ گومان
تۆ لە ئەستۆیدا دەبینی پەتک و گوێلەوساری کورد

تێک دەدەن کۆشکی بڵیندی مفتەخۆری زگزەلام
پاڵە و جووتیاری برسی، کارگەری بێکاری کورد

دیوتە چۆن خۆی شاردەوە خوێڕیانە وەک ئاغاکەی
ئەو گزیرە بەدفەڕەی دەنگی دەدا بێگاری کورد

خۆی لەبەر لافاوی قینی توندی گەل ڕاناگرێ
دوژمنی وەحشی و دڕندە و زاڵم و زۆرداری کورد

دەچتە سەر دارێ لە ڕۆژی ئینتیقام و تۆڵەدا
ئەو کەسەی کوشتی بەناهەق پێشەوا و سەرداری کورد

نایەڵن ئادار بەسەر پاداری ئەو دەربارەوە
چونکە دەیگوت نایەڵم ئاداری کورد، پاداری کورد

[پاش قڕانی موددەعی دەس پێ دەکەن تەعمیری موڵک]
دێتە دی ئاواتی بەرزی "ئەحمەدی موختاری کورد"

[ڕێگەیی ئاسن دەچێتە شاخی هەورامانەوە]
هەر کە کەوتە دەستی کوردی چارەنووس و کاری کورد

مەدرەسە و دانیشکەدە بۆ شار و لادێ دادەنێن
خوێندەوار بێ تاکوو ڕۆڵەی زیرەک و نازداری کورد

ئەو زمانە شیرنەی ئێمە پەرەی دەگرێتەوە
نادڕێ چیدی کتێب و دەفتەری ئەشعاری کورد

بێ برەو نابێ مەتاعی کوردەواریمان ئیتر
ڕەونەقی پەیدا دەکا ئەو جارەکە بازاڕی کورد

دادەمەزرێنن لە گشت شاری وڵات کارخانەیەک
تا بەدەستی خۆی ڕەنێو بێ بەرهەم و کرگاری کورد

بەر دەدەن گاجووتی لەڕ، سواری تەڕاکتۆران دەبن
دێتە دەر بوورە و بەیار و بەندەن و نیساری کورد

کشتوکاڵ و جووت و گامان دێتە سەر باری لەبار
پڕ دەبێ تێڕ و جەواڵ و مشت دەبێ عەمباری کورد

خەستەخانەشمان دەبێ، دوکتۆر و دەرمانیش فرە
ناکەوێ تازە لە کووچان خەستە و بیماری کورد

بەختیار و خوێندەوار و ساغ و تێر و پڕ دەبێ
دێتە دەر ماکەی نەهاتی و نەگبەتی و ئیدباری کورد

دەست لە ئەستۆی یەک دەکەن ئازاد و شاد و بەختەوەر
کیژ و کوڕ، لاو و گراوی، دڵبەر و دڵداری کورد

بۆنی ڕزگاریت لە شێعری دێ چ جوانت هۆندەوە
ئەی "هەژار"، ئەی شاعیری تێکۆشەری ناوداری کورد

[کۆتری پیکاسۆ کە موژدەی هێمنی هێنا گوتی]
مرد، بەسەر چوو، ڕۆژی ئیستیعباد و ئیستعماری کورد

ئەی مەلی خۆشخۆینی ئاوارە و تەرە و بێ ئاشیان
موژدە بێ زوو دێیەوە ناو میللەتی ڕزگاری کورد

بلبلە سەرمەستەکەی باخی موکریان ئەوچەلیش
تێر بخوێنە، دەنگ هەڵێنە تۆ لەناو گوڵزاری کورد

خۆشەویستی میللەتی خۆتی لەبیر چۆن دەچییەوە
چاوەڕێتە ئێستەکانە شاری بێ ئەغیاری کورد

ئەو ژیانەی بێ تۆ ڕای دەبوێری «هێمن» مردنە
بێکەسێکە پاشی تۆ و پاشی سەرۆک کۆماری کورد

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٨٧

 

✓ هێمن

جاران پەناگای شەوانم
ئامێزی ئاوەڵای ژن بوو
گەرمی و نەرمی ئەو ئامێزە
مایەی حەسانەوەی من بوو

دەردی ژیان، ڕەنجی خەبات
ماندووبوونی ڕۆژی ناخۆش
بەشەو لە ئامێزی ئەودا
ھەمووم دەکردن فەرامۆش

نیگای چاوی، بزەی لێوی
برینی دەکردم ساڕێژ
برینی ئەو دڵەی دوژمن
بەتیر دەیکرد دابێژدابێژ

نازی، تۆرانی، زیزبوونی
لاواندنەوەی، ئاشتبوونەوەی
ھەموو لە جێی خۆی شیرین بوون
زۆر سەختە لەبیرچوونەوەی

بەڵێ سەختە، یەکجار سەختە
دووری لە ژن، نامرادی
بەڵام لە ژن خۆشەویستتر
لەلای من ئەتۆی ئازادی

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٢٣

 

✓ هێمن

دەمگرێ ئەمما لە گرتووخانە ڕقەستوورترم
لێم دەدا ئەمما لەسەر داوا ڕەواکەم سوورترم

دەمکوژێ ئەمما بەگژ جەللادەکەمدا دێمەوە
کوردم و ناتوێمەوە ناتوێمەوە ناتوێمەوە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٠٠

 

✓ هێمن

بەمنداڵی لە لێوی ئاڵی تۆم ئەستاندووە ماچێ
بەپیریش لەززەتی ئەو ماچە شیرینەم لەبیر ناچێ

بە سەد دکتۆر و دەرمان و پەرستار ناکرێ چارەی
کەسێک تیری مژۆڵی ئەو کچەکوردەی لە دڵ ڕاچێ

دەکا گیرۆدەتر پیرانی دڵتەڕ ئەو کچەکوردەی
بچێتە مەکتەب و بسکی بە مۆدەی تازە ھەڵپاچێ

خەم و دەردی زەمانە پیری کردم وشک و بێ زەوقم
کە شاعیر وشک و بێ شۆر بوو لەناو خەڵکی دەبێ لاچێ

لە گۆشەی بێکەسیدا ئێستە وا دڵتەنگ و خەمبارم
نییە باکم ئەگەر ماڵم بەجارێکی بەقوڕدا چێ

بەشی کوردێکی زانا لەم وڵاتە مەینەت و دەردە
ئەوەی نەتویست بڵێ ڕەببی بەدەردی کوردی زانا چێ

لەناو بازاڕی ئەوڕۆکەی ئەدەبدا شیعری تۆ «ھێمن»
وەکوو پووڵی چرووکە، ھیچ ڕەواجێکی نییە، ناچێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٥٣٤

 

✓ هێمن

چاوەکەم چاوی ڕەشی تۆ ئافەتی گیانی منە
گیانەکەم برژانگی تیژت نووکەڕمبی دوژمنە

بەژنەکەت سێدارەیە کەزیەت تەنافە زووبە دەی
بیخە ئەستۆی من کە کوردم کورد بەشی خنکاندنە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٥٢٩

 

✓ هێمن

لە کۆ ئەسرین دەبارێنم لەبۆ کوردی پەراکەندە
لە گەرمێن غەرقی ئارەق بووم و چاوم ھەر لە سامڕەندە

منی زنجیرپسێن لێرە ئەسیری بسکی جوانێکم
زەمانە گەرچی ئاڵۆز و پەشێوە، کەڵ بەموو بەندە

گوتی ئێوارە بازاڕێ وەرە ماچت دەمێ، نەمویست
ھەڵۆی کوێستانی کوردستانم و ناژیم بەدەستەندە

دڵم سەد ھێندی دیکانە بەناز بشکێنی، دەنگ ناکەم
چ سوودێکی ھەیە، کێیە بپرسێ داد و گازندە!؟

جیھان و ھەرچی خێر و خۆشییە بۆ ھەڵبژاردانە
بە قانوونی تەبیعەت پاشەرۆکخۆرە ئەوی گەندە

ئەگەر تاوانی بێھێزی نییە بۆ چی لە دنیادا
بەشی من ماتەم و شینە، بەشی خەڵکی زەماوەندە

بەمردووییش نیشانەی گوللەیە ئەو کەللە پڕشۆرە
ئەوێستاش دەرسی سەربازی دەڵێ ئەو شاعیرە ڕەندە

سەری تەعزیم لەبەر تۆ دانەواندن فەخرە بۆ «ھێمن»
بژی "حاجی" کە کێوی ھیممەتت سەد ھێندی ئەڵوەندە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry