٢٥٢٨
✓ هێمن
دیتم لەناو دار و دەوەن
لەسەر چڵی سوورە گوڵێک
ھەڵکورمابوو، دەیکرد شیوەن
بەری بەیانی بولبولێک
گوتم ئەی مەلی دڵسووتاو
چییە، بۆ دەناڵی بەتاو؟
کە ناڵینت بۆ ئەوەیە
گوڵت وا زوو ھەڵوەریوە
ئەو ناڵینە بێ فایدەیە
بۆچی نازانی، نەتدیوە؟
گوڵ ھەفتە ناباتە سەرێ
سیس دەبیت و ھەڵدەوەرێ
وەڵامی دامەوە بولبول
بەشێنەیی، بەکاوەخۆ
گوتی ناناڵێنم بۆ گوڵ
کە سیس بووە، دەزانی بۆ؟
ئەو عومرێکی ڕابواردووە
پشکووتووە جا سیس بووە
ناڵینی من بۆ خونچەیە
بۆ خونچە پەشێوە حاڵم
ئەو داخە لە دڵمدا ھەیە
بۆیە ھەمیشە دەناڵم
ئەو، پێش پشکووتن سیس بووە
بە جوانەمەرگی مردووە