٢٦٨٧
✓ هێمن
جاران پەناگای شەوانم
ئامێزی ئاوەڵای ژن بوو
گەرمی و نەرمی ئەو ئامێزە
مایەی حەسانەوەی من بوو
دەردی ژیان، ڕەنجی خەبات
ماندووبوونی ڕۆژی ناخۆش
بەشەو لە ئامێزی ئەودا
ھەمووم دەکردن فەرامۆش
نیگای چاوی، بزەی لێوی
برینی دەکردم ساڕێژ
برینی ئەو دڵەی دوژمن
بەتیر دەیکرد دابێژدابێژ
نازی، تۆرانی، زیزبوونی
لاواندنەوەی، ئاشتبوونەوەی
ھەموو لە جێی خۆی شیرین بوون
زۆر سەختە لەبیرچوونەوەی
بەڵێ سەختە، یەکجار سەختە
دووری لە ژن، نامرادی
بەڵام لە ژن خۆشەویستتر
لەلای من ئەتۆی ئازادی
+ بڵاو کرایەوە لە 2017/8/1 ـدا کاتژمێر 23:44 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس