٢٥٢٩
✓ هێمن
لە کۆ ئەسرین دەبارێنم لەبۆ کوردی پەراکەندە
لە گەرمێن غەرقی ئارەق بووم و چاوم ھەر لە سامڕەندە
منی زنجیرپسێن لێرە ئەسیری بسکی جوانێکم
زەمانە گەرچی ئاڵۆز و پەشێوە، کەڵ بەموو بەندە
گوتی ئێوارە بازاڕێ وەرە ماچت دەمێ، نەمویست
ھەڵۆی کوێستانی کوردستانم و ناژیم بەدەستەندە
دڵم سەد ھێندی دیکانە بەناز بشکێنی، دەنگ ناکەم
چ سوودێکی ھەیە، کێیە بپرسێ داد و گازندە!؟
جیھان و ھەرچی خێر و خۆشییە بۆ ھەڵبژاردانە
بە قانوونی تەبیعەت پاشەرۆکخۆرە ئەوی گەندە
ئەگەر تاوانی بێھێزی نییە بۆ چی لە دنیادا
بەشی من ماتەم و شینە، بەشی خەڵکی زەماوەندە
بەمردووییش نیشانەی گوللەیە ئەو کەللە پڕشۆرە
ئەوێستاش دەرسی سەربازی دەڵێ ئەو شاعیرە ڕەندە
سەری تەعزیم لەبەر تۆ دانەواندن فەخرە بۆ «ھێمن»
بژی "حاجی" کە کێوی ھیممەتت سەد ھێندی ئەڵوەندە
+ بڵاو کرایەوە لە 2017/4/16 ـدا کاتژمێر 23:58 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|