✓ بێخود

بە دەشتی پڕجنوونی ئاخەوە مەجنوونی شەیدا خۆم
بە شاخی "بێستوون"ـی داخەوە "فەرهاد"ـی ڕیسوا خۆم

لە بازاڕی دڵا سووتا هەموو سەرمایەیی خۆشیم
لە یانەی دەست و پێ بەسراوییا بێ سوود و سەودا خۆم

لە حەوتخوانی تەلیسمی سەخڵەتی و زیندانی ماتەمدا
گەهێ کاووسی بێ تاوان و گاهێ بیژەنئاسا خۆم

منم هەر دوو دەسم لێ بوونە تیغی تیژی سەرهەنگان
بەدەس "ئەسکەندەر"ـی گەردوونەوە بێچارە "دارا" خۆم

لەبەر بای پێچەوانەی غەم لە هیچ لا ناگرم ئۆقرە
لە عەردی وشکی دووری جاویدانا مەوجی دەریا خۆم

لە ساحەی پڕ لە تۆز و گێژەڵووکەی دڵشکستیدا
بەدەم بای ئاهەوە هاوشانی دڕکوداڵی سارا خۆم

سەر و شانی دڵم پڕ بوو لە تاج و شیر و ڕوتبەی غەم
لە مشکۆی پایتەختی نامورادیدا شەهەنشا خۆم

گەهێ سەرگەشتەیی "مەلحە" و "قەراج" و "نەینەوا" و "پیرمەم"
گەهێ ئاوارەیی "هەولێر" و ڕێی "کەرکووک" و "بەغدا" خۆم

لە کەنعانی فیراق و جانگودازیدا وەکوو "یەعقووب"
لە "میسر"ـی ئیشتیاق و عیشقبازیدا "زوڵەیخا" خۆم

هیلاکی بازەکەی ئەوجی "عەبابەیلێ"ـی وەکوو "بەغدا"
پەشێوی شاهەکەی "ئەحمەد بڕندە"ـی وەک "بوخارا" خۆم

گەهێ دڵ چاکی تێغی زیهنی "شێخ عبد الکریم"، گاهێ
جگەر چاو پڕ لە ئاوی ڕۆژی عیلمی "کاکە بابا" خۆم

هەڵەستم دائەنیشم وێنەیانم هەر لەبەر چاوە
موریدێک و خەریکی ڕابیتەی دوو پیری دانا خۆم

بەهەشتی نیشتمانم بێ ئەوان لا ئاگری سوورە
لە شادی گیتییا دۆزەخنشینی شینی عوقبا خۆم

لە هیچ لا بێ بەها نابێ سەدەف پەروەردەیی ئیخلاس
لە بەحری بێ پەیی میهر و وەفادا دوڕڕی یەکتا خۆم

بە دەم دەننووکی چەرخی چنگ بە خوێنی دەردەوە «بێخود»
لە چۆڵی گەرمیانی بێنەواییدا حوبارا خۆم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry