٢٦٠٤
✓ بێخود
ئارەقم کرد و نەجاتی ھەر نەدام دەردی گوناح
لەرز و تاداری خەجاڵەت خۆم و ڕووزەردی گوناح
گەییە چەرخی مەعریفەت وێڵداشیی من خاکم بەسەر
من حەمامۆکێ ئەکەم ھێشتا لەسەر عەردی گوناح
مشتەتۆوێ دانەوێڵەی چاکە شک نابەم کەچی
دائیمەن ھەڵگێڕ و وەرگێڕی ئەکەم وەردی گوناح
وەک کەسێ لای دا لە ڕێ حۆلی بیابان وا منیش
نەفسی بەد پێم تەی ئەکا ئەم ھەرد و ئەو ھەردی گوناح
چوومە ناو بێشەی چوغوردی زۆر خیلافی شەرعەوە
قەت لە شێری حەق نەترسام وا ئەبێ مەردی گوناح
ھیچ کەسێ وەک من لە حەپسی شەشدەری یەئسا نەھێشت
ئاسمان وەختێ فڕێی دا بۆ زەمین نەردی گوناح
دەک فەڵەک دەستت شکێ بەر تیری قەھری حەق کەوی
ھەر وەکوو شووشەی منت وا دایە بەر بەردی گوناح
ئەی خودا گەر مشتوماڵی لوتفی تۆ چاری نەکا
ئەی خوا وەک خۆرە ئاوێنەی دڵم گەردی گوناح
دێڕبەدێڕ کەشکۆڵ و دیوانی ھەموو عالەم گەڕام
تیا نەبوو «بێخود» وەکوو من مونتەخەب فەردی گوناح