✓ مەزڵووم (1916 - 1955)

نەورۆز بەخێر بێی جەژنی نەوبەهار
دنیات نەجات دا لە سەرما یەکجار

سوپای عەدلی تۆ گەیشتە لامان
نوقمین لە گوڵدا سەر تا بەدامان

بە هەوات لە جێی گەرمیان و کوێستان
گوڵ خێمەی هەڵدا بەیداغی چەقان

درەختی دەشت و چیا و لاپاڵان
کردیان بە بەردا کەوای سەوز و جوان

دەستەی گوڵی جوان، پەسەندی نازدار
خۆی ئاریش دا لە کانی و کۆسار

نێرگسی ڕووخۆش وەک جوانی سەرمەس
خۆی کرد بە ساقی و پیاڵەی زەڕ بەدەس

کەنێرە بۆنی خۆشی حازر کرد
بە بۆنی خۆشی جیهانی پڕ کرد

لە وشکەچەمان ئاوان جاری بوون
ئاوەڵ و چەمەن گشت سەوز و شین بوون

هاژەی قەڵبەزان شمشاڵی لێ دا
بای وەعدەی بەهار لە هەڵپەڕکێدا

مەلانی عاشق لە گوڵزاری شین
بەستە ئەخوێنن بە لەهجەی شیرین

گڕ وەک ئاگری زەردەشت هەڵگیرسا
«مەزڵووم» لە مەدحت دەنگیشی نووسا

Kurdish_Poetry