٣٤٥٧
✓ موستەفا هوشیار
گەرچی کلڕێژە بە خەم چاوی غەزەل دایم تەڕە
تۆ بە سەمفۆنی وشەم پێت خۆشە بێ من هەڵپەڕە
چون گەلێک کەمتەرخەمیت کرد دەرحەقی شێعری دڵم
بۆ شڕۆڤە ئێستە نابێ، دەستی لێ دەی، پەڕپەڕە
حەیفە دووکانی ئەوین با گاڵە نەدرێ بۆیە تۆ
دەست بە جامخانەی دڵمدا بێنە دوایی تێ پەڕە
خۆبەخش خۆم خستە نێو زیندانی دایم چونکە یار
پەڵپی خۆڕایی لە من دەگرێ، گەلێک ئههلی شەڕە
چون بە عیشقت فرچکی گرتووە قەڵەم، ئەی نیشتمان
تاکوو ڕۆژنامەی تەمەن دەرچێ هەواڵت سەرپەڕە
باوە ئەوڕۆ ماف هەتا زۆرت نەبێ ناستێندرێ
کێ دەپرسێ لەو گەلەی چەوساوەیە یان لاشەڕە
تۆ دەدەی باوێشک و کارت بۆتە خەونووچکە بەڵام
بووکی ئازادی بەئاسان نایەتە ژوان ڕاپەڕە
+ بڵاو کرایەوە لە 2019/5/15 ـدا کاتژمێر 17:9 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس