✓ موستەفا هوشیار

حەیفە شاعیر لێی بتۆرێی شۆخی جارانم وەرە
وەک شەقامێکی شەکەت بێ تۆ پەرێشانم وەرە

تۆ کە ڕۆیشتی سیاساڵ وەرزی عومری داتەنی
کانی شێعرم وشک هەڵاتوە بەختەبارانم وەره

شادەئیمانم لەسەر دەستی ئەوینت بوو گوڵم
بۆ لە دینم وەردەگێڕی شەرحی ئیمانم وەرە

دیوی تاریکی خەیاڵم پڕ لە دێوی ماتەمە
پەنجەرەی ماڵی دڵم بە، بۆ پشوودانم وەرە

دەنگی پێت وەک قام و لاوک دۆڵی شێعری ڕادەژاند
چۆڵە دەربەندی غەزەل ئەی سۆزی حەیرانم وەرە

تۆ لە خۆم بووی بۆیە پێم خۆش بوو کە داگیرم بکەی
ئێستە وەک خاکی بەدەست بێگانە وێرانم وەرە

پێم دەڵێن تۆ بۆ گەمە خۆت کردە دۆی شێعر و غەزەل
گوێ بە تانەی خەڵکی نادەم چاوبەگریانم وەرە

Kurdish_Poetry