٣٣٤٨
✓ موستەفا هوشیار
دێ شەوەی یادت لەپڕ کۆرپەی خەیاڵی من دەبا
لێت بەزیاد بێ بێخەوی شەو، ئەو نەبا چم کردبا
دوورپەرێز کەوتووم لە خەرمانی قژت، چۆن ئیرەیی
من نەبم بەو "با"ـیە کاتی خۆی لە زولفت سەر دەبا
دەستبەئەژنۆم و لەلایەک دەستبەدوعا چاوەڕێم
دەستوبرد زریان گەواڵەی نامورادی لاببا
چش لە دڵ، خۆزگە پەپوولەی ئاوەدانی بێ ترس
بێ لەسەر پەلکی مەراقی نیشتمانم نیشتبا
تۆزی گرت و هەڵوەری گوڵدانی شێعرم بێ بزەت
شین دەگێڕێ پەنجەرە بۆم، خۆزگە تۆ نەتهێشتبا
شاعیری شێتی شەقامی شارم و بۆم دەرکەوت
گەر ئەوین یەک لایەنە بێ، سەد بریا هەرگیز نەبا
بۆ قدیلکەی هەستی من تاریفی لێوت کرد چەلێک
چی دەبوو دەسخۆشی شێعرم، نوقڵی ماچم چێشتبا
+ بڵاو کرایەوە لە 2019/3/2 ـدا کاتژمێر 21:16 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس