٣٩٧٠

 

✓ ئەخۆل

  • پێنجخشتەکی لەسەر غەزەڵێکی کوردی

وەها کەوتوومە ژێر بەندی خەم و هیجری ستەمکارێ
هەمیشە زار و ناڵینمە لە حەسرەت عەشقی دڵدارێ
دەسا توخوا ڕەفیقان بێن بە دەنگ ڕۆرۆمەوە جارێ
ئەمان مردم عیلاجێ سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ
ویسالە، یا قەتڵە یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ

خوا ئەم ئێش و ئازارەم بە زامی عەشقەوە تا کەی
بەسە ئیتر لە عومری نەوجەوانی خۆم نەکرد ئۆخەی
دەخیل ئێوە و خوا یاران عیلاجم کەن بە جامێ مەی
وەها سووتاوم ئەسلەن تابی فریادم نەما سا دەی
ڕەفیقان نیوەسووتن ئێوە نامەرد عەرزە هاوارێ

تەماشای چۆن ئەکێشم بۆی جەفاو و قەهری مەفتوونی
لە دەستا تیشەیی فەرهاد، لە سەردا شۆڕی مەجنوونی
لە حەسرەت قامەتی بەرز و فیراقی لێوی مەیگوونی
لە کونجی سینە دەنگی ئای و وای دڵ دێ بەمەحزوونی
وێران بێ نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ

هەموو خاکی بەری پێتم وەکوو عەنبەر بە سەردا کرد
ئەوەت لایەق نەبینی پێم وەکوو عەنبەر بە سەردا کرد
خوا هەڵناگرێ گیانە منت شێت و بەڕەڵڵا کرد
ئەلای هەر کەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆ چی ڕیسوا کرد
درێغ بۆ حاڵزانێ، ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ

بە سۆزی گریەوە چاوم هەمیشە سوور و نەمناکە
سەراسەر سنگی بەدبەختیم هەتاکوو دامەنم چاکە
لە خوێنا تل ئەدەم بەسیە وەرە حاڵم تەماشا کە
لەژێر باری غەما وا شانی سەبرم ڕیشە ئیستاکە
فیراقی یار لەبەر ئاخرشەڕی لێم بۆتە سەربارێ

گڕی بەر داوەتە جەرگم بە سەودای عەشقی وەک ئاگر
کەساس و دڵبرینار و پەرێشان بەو بەشەم سابر
ئەوەندەش دڵڕەقە بۆ چی گوناهی من چییە ئاخر
لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەسیە دەڵێ کافر
هەما چەت دیگە تۆ سەگمەرگە کارم ماگە پێت جارێ

لە مەی غافڵ مەبە ساقی زڕەی فنجانەکەت با بێت
بە نەشئەی جامەکەی تۆیە غوباری غەم لە دڵ دەرچێت
لە هوشیاریم بەدەر کە هەی سەر و ماڵم فیدای تۆ بێت
سەبا یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من دەپرسن لێت
بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووەعەییارێ

«ئەخۆل» هەر بگری تا دەمری لەسەر قەبری جەوانمەردی
بەقەد لێزمەی بەهاران و گوڵالە و شەستپەڕی زەردی
سەراسەر سوور و ڕەنگین کە بە ئەسرین ئەلحەد و بەردی
دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی «کوردی»
درێغا کوا لە دنیادا قەدرزان و خریدارێ

Kurdish_Poetry

٣٩١٨

 

✓ ئەخۆل

ڕێبواری بەڕێز مەڕوانە گڵکۆم
ئەزانی من کێم یا پێت بڵێم خۆم

لاو بووم نەوجەوان تا بڵێی لاو بووم
ئارامی گیان و ڕووناکی چاو بووم

نەمزانی لەپڕ چەپگەردی ناپاک
وا زوو بێتاوان ئەمخاتە ژێر خاک

Kurdish_Poetry

٣٨٨٩

 

✓ ئەخۆل

یەکێ نەمام ئەڕوێنێ و یەکێ نەمام ئەنێژێ
ئەمیان چاوەڕێی گوڵە و ئەویان فرمێسک ئەڕێژێ

  •  وشەی نەمام بە دوو واتا هاتووە؛
  1. جاری یەکەمیان بە واتای نەمام یان شەتڵ دێت.
  2. جاری دووەمیان بە واتای گەنج، لاو، یان جوان دێت.
  •  لێرەدا شاعیر مەبەستی ئەوەیە ژیان بریتییە لە پێکەنین و فرمێسک، لە خۆشی و ناخۆشی. یەکێک شەتڵی گوڵ ئەچێنێت و یەکێک جوانێک ئەنێژێت، یەکەمیان بە پێکەنینەوە چاوەڕێی گوڵە، ئەوی دیکەیان فرمێسک بۆ جوانەمەرگ ئەڕێژێت.

Kurdish_Poetry

٣٨٤١

 

✓ ئەخۆل

ئەم چەرخە وەکوو کاسەیەکی قڵپە سەرەوخوار
کەوتوون لە بنیدا بەزەبوونی هەموو هوشیار

تێ فکرە لە خۆشویستنی میناکە و پیاڵەش
خوێنیان کە لەسەر لێوی یەکە و خوێنە لەسەر زار

Kurdish_Poetry

٣٨٤٠

 

✓ ئەخۆل

فڕی تەیارەیی مەعشووق موقابیل بوو لەگەڵ بەدرا
کرا بومباردومانی دڵ لە بورج و قەلعەیی سەدرا

گەهێ بۆمبا گەهێ تۆپە، گەهێ شەستیرە هاڕەی دێ
ئەکا شاباش بەسەر سەرما لە وەختی نیوەڕۆ و عەسرا

بە ئەنگوستێکی شێرانە ئیشارەی کردە کۆهی دڵ
لەسەر ئەمری دڵم شەق بوو بەوێنەی تاقەکەی کیسرا

بە حەڵقەی زوڵفی سەر کوڵمی کە عارەق هاتبووە خوارێ
وەکوو قاتیلم و گیرابم قەنارەم بۆ هەڵاوێسرا

Kurdish_Poetry

٣٧٨٩

 

✓ ئەخۆل

نێرگس گوڵەباخ گوڵاڵەی بەهار
بەیبوون وەنەوشە چنوور و چنار

لە چیا و دەشت و میرگ و مێرغوزار
تا چاو بڕ ئەکا هەزاران هەزار

لەمانەش جوانتر ڕووبار و کانی
جوانییان لە تۆوە وەرگرت ئەی جوانی

Kurdish_Poetry

٣٧٨٤

 

✓ ئەخۆل

گەر چی بە دەمی تیغی برۆت قیمە کراوم
هەر باقییە دوود و گڕی دڵ جەرگ و هەناوم

سۆزانە هەمیشە لە جگەر ناری فیراقت
جەریانە سروشکم بەمەسەل دیجلە لە چاوم

دەستبەستە و دڵخەستە و زامار و ئەسیرم
توخوا بگە فریام وەرە زوو بەستەیی داوم

گریانە، خرۆشانە عەزا و شینە لە دەورم
ڕەحمێ بکە قوربان کە لە دەست چووم و نەماوم

ئەی شۆخی دڵازارم و ئەی ڕاحەتی گیانم
مەرهەم بکە ناسۆری دڵ و زامی کوڵاوم

ڕابورد لە فیراق و خەمی تۆ عومری جەوانیم
هەر دامەنی وەسڵت نەگەییە دەستی شکاوم

دێوانە و حەیران و سەراسیمە و «دەروێش»
بەم ناوەوە ڕۆژی ئەزەلی ناوییە ناوم

Kurdish_Poetry

٣٧٣٦

 

✓ ئەخۆل

خاکی بەر پێتە بەقوربان نووری چاوانم وەرە
با فیدای دوو دیدەکەت کەم دین و ئیمانم وەرە

هەر وەکوو یەعقووب لە دووری تۆیە گریە و زار ئەکەم
چاوەڕێی پیراهەنی تۆم شاهی کەنعانم وەرە

چەن هەزاران شاهی عەشقت کردە عەبد و دەرکەوان
بۆ خوڵامیت حازرم من شاهی جوانانم وەرە

تۆ بفەرمووی دائیما من حازرم بۆ مردنیش
باوەڕیش ناکەی لەژێر دەستایە قورئانم وەرە

هەر بڕێژن با ڕەقیبان خوێنەکەم پێیان حەڵاڵ
گەر لەسەر تۆ من بکوژرێم وەک شەهیدانم وەرە

گەر قەبووڵم کەی بە دڵدار بێستوونم بێتە ڕێ
شەرت ئەکەم تا ڕۆژی مردن مەردی مەیدانم وەرە

ڕوو لە کونجی خەم ئەکەم قەت نامەوێ عەیش و سروور
زیکر ئەکەم ناوت بەوێنەی وێردی سوبحانم وەرە

موددەتێکە ئاشناتم ڕوو لە من بۆ لا ئەدەی
دوور لە باڵات هەر خەریکی شین و گریانم وەرە

گەر نەبێ لۆمەی ئەم و ئەو ڕوو لە کێو و دەشت ئەکەم
چی بکەم پابەستەیی لۆمەی ڕەقیبانم وەرە

ڕۆژی جوانیت بۆ بگیرێ قەت خوا هەڵناگرێ
شوعلەوەر بە توخوا خورشیدی تابانم وەرە

وا بەجارێ مەوج ئەدا وەک بەحری خوێنین دیدەکەم
تۆی کە سەدی کەی شەپۆلی ئەشک و گریانم وەرە

هیج شیفام نابێ بە لوقمان بێت و زیندووش بێتەوە
چاوەڕیی تۆم، تۆ دەزانی دەرد و دەرمانم وەرە

ڕوو مەکە ئەغیار و ناکەس، حەیفە خۆت ڕیسوا ئەکەی
تۆ بە دێوانەم مەزانە من قەدرزانم وەرە

Kurdish_Poetry

٣٧٢٣

 

✓ ئەخۆل

عەشقی تۆ نەمکا بە بریان کێ هەیە بەحسم بکا
زوڵفی تۆ شێتم نەکا گەر، کێ هەیە لۆمەم بکا

گەر نەسووتێم بۆ برۆکەت تۆ لە دینم لا نەدەی
کەس نییە مانع بە ئیشم تا خودا یارم بکا

عەقڵ و هۆشت لێ بڕیوم خواردن و خۆراکی من
هەر غەمی تۆیە بەقوربان، ئەیکە کێ چارم بکا

هەڵبەتە حاڵم بزانی چیم بەسەر هاتووە لەبۆت
تێ دەگەی ئەوسا چلۆنم کێ هەیە مەنعم بکا

بۆ چی ناپرسی لە زارم زەڕەیە ڕەحمت نییە
ناوی مەجنوون وا لە دونیا هەر ئەوە عەینم بکا

سەد ئەڵێن فەرهاد بە شیرین عاشقە وەک من نییە
ئای کە چۆن مەنسوور ئەتوانێ تاکوو تەقلیدم بکا

من وەکوو بولبول ئەتۆ گوڵ کوڵمی ئاڵت قەترەیە
یا وەکوو لەمپا بە ڕووی تۆ جوڕمی سووتانم بکا

یا ئەسووتێم یا ئەبێ بمرم بە مەقسەد گەر نەگەم
یا لە دونیا خۆ تەبەڕا خەڵقی با سەیرم بکا

«ئەحمەد»ـە تەقلیدی مەجنوون ئەکا بۆ لەیلەکەی
هەر وەکوو فەرهاد خەریکە ناوی خۆی مەعلووم بکا

Kurdish_Poetry

٣٧٢٢

 

✓ ئەخۆل

هاڕەهاڕی ئەشکی سوورم وا بەخوڕ ئەڕژێتە خوار
هەر ئەڵێی شەتی فوراتە خۆی بە خوێن پیشان ئەدا
یا ڕەب ئەم ناڵان و زارەی «ئەحمەد»ـە ببڕێتەوە
وا خەریکە هەر بە فرمێسک لافی وەک تۆفان ئەدا

Kurdish_Poetry