✓ بێخود

بێ قەدی تووبایی تۆ سەروی ڕەوانم بۆ چییە
جەننەتی فیردەوس و عومری جاویدانم بۆ چییە

تا موژە و ئەبرۆیی جەوهەرداری تۆ بێ ئەسڵەحەم
خەنجەری قەزبین و شمشێری دەبانم بۆ چییە

ڕۆژی وەسڵت هەر سبەینێیە کە وا پڕتەو نەدا
من لە تاریکی شەوی هیجرا ژیانم بۆ چییە

سەیری تۆی گەر پێ نەکەم کوێر بم ئەگەر چاوم بوێ
وەسفی تۆی گەر پێ نەکەم لاڵ بم زمانم بۆ چییە

تا بەهاری ڕوویی گوڵڕەنگت بڕێژێ ڕەنگی حوسن
سونبول و نەسرین و لالە و ئەرخەوانم بۆ چییە

بۆ قەدی هەروەک عەسایە غەیری قومریمەشرەبان
هیچ کەسێ نازانێ ئاهی ناتەوانم بۆ چییە

جێگەگازی من هەتا ئەو ڕوومەت و ئەو لێوە بێ
سێوی سەردەشت و هەناری شارەبانـم بۆ چییە

تۆ کە چاوت پێم بڵێ دەرسی زوبانی ئەجنەبی
وەک موفەتتیش بەگ ئیتر من تەرجومانم بۆ چییە

یار کە فەرمووی بێرە باغی ڕوومەوە بۆ گوڵچنین
«بێخود» ئیتر ئیزن و پرسی باخەوانم بۆ چییە

Kurdish_Poetry