٣٠٣٧

 

✓ حاجی قادری کۆیی

جەبەڕووتی کە شکا دڵ لە حوزووری مەلەکووت
هاتە ئەم عالەمی ناسووتە غەریبێکی نەسووت

ناهەقە شەکوە لە بێعەهدی و بێپەروایی
کەی وەفایێکی ئەدا کردووە سەد دەفعە زمووت

بە گوڵ و لالە بەهاری ڕوخی ڕازاوەتەوە
غایەتی کوێری وەرە هێچ نەبێ سەیری کە بە لووت

وەکوو دەریایە نەسیمی سەحەری سەبزەیی گوڵ
پێکەوە مەوج و حوبابی دەهەژا و دەبزووت

ئەشعەس و باقلی و حاتەم و گەر حەسسانی
دەوڵەتی تۆ بە فەنای نەفسە سکوونت بە سکووت

هەرچی لەو لاوە نەیێ من لەوێ نایناسمەوە
ئەوی ناسیوتە مەئموورە بە ئەمری جەبەڕووت

نانی خۆی تاکوو بە تەندووری گەرم پێوە نەدا
ناڕوا «حاجی» ئەگەر چاوی دەرێنن بە بزووت

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٣٦

 

✓ کوردی

تاڵانی سەروماڵم چاوی ڕەشی فەتتانت
پابەندی دڵ و دینم کاکۆڵی پەرێشانت

وەک خەنجەری زیجەوشەن تا ڕۆژی حەشر دەتکێ
خوێنی دڵی مەزڵوومان لەو ناوکی موژگانت

تەسخیری دڵی کردم حەملەی سەفی موژگانت
هۆش و خیرەدی بردم لەعلی لەبی خەندانت

سەر لافی ئەوەی لێ دا گۆی عەرسەیی بازیت بێ
پۆسیدە بوو، نەیبوو تاب، بۆ زەربەتی چەوگانت

بۆ چم دەوێ ئەم قەلبە گەر نەیکەمە خاکی ڕێت
ڕۆحم بە چ مەسرەف دێ، گەر نەیکەمە قوربانت

خۆت بۆ ستەمان کەم بووی، بیستت قسەی ئەغیاریش
فیرعەونی زەمان، ئامان گوێ مەگرە لە هامانت

دڵ دائیمە وەک بولبول موشتاقی دەهەن وازە
تا ئاوی حەیات نۆش کا لەو خونچەیی پێکانت

ڕۆیی دڵی مەحزوونم، داخم ئەوە نەمزانی
دوو چاوی ڕەشت بردی یا زولفی پەرێشانت

باکم نییە مورغی دڵ بیکەی بە کەباب ئەمما
بیدە بە سەگ و مەیدە دەرخوردی ڕەقیبانت

ڕۆح مایلی بۆسێکە لەم دامەنی پاکی تۆ
مانع مەبە لەم خێرە، دەستی من و دامانت

عەزمت ئەمە بوو ئەی دڵ ڕیسوام بکەی و کردت
دەست هەڵگرە لێم ئیتر سا خۆت بی و ئیمانت

بۆ تیری قەزا سینەم بۆت بوو بە سپەر قوربان
بۆ تەجروبە سا تیرێ باوێژەرە قەڵخانت

چاو قاتڵی عاشق بوو جادوو بەچە بوو عەییار
بۆ شوێنەونی دەسڕێ ئەم خوێنە بە دامانت

ئەز بەسکی فیراقی دی، وەک دۆزەخییان «کوردی»
یەکسانە لەلای ئێستا نەزدیکی و هیجرانت

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٣٥

 

✓ هێمن

ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێ کە کەمێکی تر
کە وا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر

لە بادە ئەم ژەمە تێر کە منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر ژەمێکی تر

ئەوەندە دەردەدار و بێ پەرستارم کە پێم وایە
لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر

گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر

گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ کەچی ڕوانیم
لە پێشمدایە زەرد و ماھ و سەخت و ئەستەمێکی تر

هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر

نەما "خانی" هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین "زین و مەم"ـێکی تر

پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر

هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر

هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر

کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی
گوتم یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر

شەوێکی چاوەنواڕت بووم نەهاتی گیانەکەم ویستت
منی دڵناسکی شاعیر بگێڕم ماتەمێکی تر

خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بە کانیی ژینێ دانووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر

بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر

بەهار و گوڵ کچ و مانگەشەو شێعری تەڕ و بادە
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٣٤

 

✓ مەستوورە

والی وەهارەن والی وەهارەن
بە تاجت قەسەم، فەسڵی وەهارەن

شکۆفەی گوڵان جە دوور دیارەن
ئیبتیدای فەزای گوڵ و گوڵزارەن

زومەڕەد ڕەنگەن سەحرا و کەش و کۆ
بە جەخت مەناڵان نە هیجرانی تۆ

گوڵان و گوڵزار وە هەم جەم بەستەن
بوڵبوڵ جە بادەی وەسڵشان مەستەن

ژەرەژ مەوانۆ نەسەر کڵاوان
مەدۆ جیلوەی وێش نە پای وەفراوان

بوڵبوڵ نە سۆزش بییەن نەغمەخوان
هەزار مەوانۆ بە هەزار دەستان

درەختان خەڵات ئەخزەری پۆشان
دڵەی دەساخان جە نەو مەخرۆشان

دەهەن وا کەردەن شکۆفەی دڵ چاک
بەرگی تاک پۆشان خەڵات وە ڕووی خاک

وەنەوشە و ڕەعنا، گوڵ مینا و سۆسەن
خەیمەشان پێکان زێبا و یاسەمەن

بداخ و زەمەق، نەسرین و ڕێحان
گوڵ سورخ و گوڵ زەرد چەنی ئەرغەوان

هەر یەک بە تەورێ خودسازیشانەن
ئەمما پەشێوی دووریی تۆشانەن

سوپای سیسەنبەر خێزان جە باخان
گوڵ مێخەک کەردەن چەمەن چراخان

لالە و شەقایق سونبوڵ و شەوبۆ
زار زار مەگرەوان پەرێو عەزڵ تۆ

نەستەرەن نە باغ، نەیلۆفەڕ نە ئاو
نەرگس نە چەمەن، سەمەن نە شەتاو

پەی دووریت -قوربان- سەرحەڵقەی یاران
هەر یۆ بە نەوعێ ماتەمێ داران

نیمێ گەردنکەچ، نیمێ سەرنەوەر
نیمێ جگەرخوون، نیمێ خاکوەسەر

نیمێ سووچیان سەبوونی دووری
نیمێ وا بەردەی واگەی مەهجووری

نیمێ جامەی گیان وێشان کەردەن چاک
نیمێ دوور جە تۆ، سەر نییان وە خاک

نیمێ چەنی غەم سەر نییان وە هەم
نیمێ پەی ئامات، گەرتەنی وە دەم

خولاسەی کەلام مایەی نیشاتم
ڕۆح ئەفزای ڕۆحم، مایەی حەیاتم

قەسەم بەو لیقای یووسف ئاسای تۆ
هیچ یەک نەی گوڵان نەکەردەنم بۆ

تەماشای سەحرا و گوڵانی وەشبۆ
شەرتەن نەی وەهار جە من حەرام بۆ

سەیری گوڵاڵان نە پای کۆساران
بێ تۆ -دوور جە تۆ- سەفا نەداران

ڕەزای فدەویت زویر و زارەن
پەرێو مەعزوولیت جە گیان بێزارەن

گەردوونی چەپگەرد چە نەردێ بازا
ئەساسەی عوزلەت نیم ساعەت سازا

چێش مەبۆ فەڵەک نەردێ بشانۆ
دەردەکەی ئێمە بەوان بنمانۆ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٣٣

 

✓ سالم

بەدەل کەین با بە نەشئەی مەی خوماری میحنەتی دونیا
الا يا ايها الساقي ادر کاساً و ناولها

مەحەببەت زۆر بەئاشووبە بە سەھلی تێ مەگەن یاران
که عشق آسان نمود اول ولی افتاد مشکل‌ها

کە بادی سوبحدەم ئەفشان ئەکا گێسوویی پڕچینی
ز تاب جعد مشکینش چه خون افتاد در دل‌ها

دڵا ھەرچی بڵێ ناسیح لە نیک و بەد بەجێی بێنە
که سالک بی‌خبر نبود ز راه و رسم منزل‌ها

مەحەللی ڕیحلەتە دونیا ڕەفیق ئیمرووز و فەردایە
جرس فریاد میدارد که بربندید محمل‌ھا

لە بیمی مەوجی دەریای ئەھلی دڵ زاھید خەبەردار نین
کجا دانند حال ما سبک‌باران ساحل‌ها

قسەی من شوھرەیی شەهرە تەماتە تازە بیپۆشم
نهان کی ماند آن رازی کز او سازند محفل‌ها

ویسالی دڵبەرە «سالم» موعەززەمتر لە ھەر مەتڵەب
متىٰ ما تلق من تهوىٰ دع الدنيا و اهملها

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٣٢

 

✓ ناری

هەتا غونچەی گوڵی دڵ بێ لە لالەی نەوبەهارم چی
لەگەڵ شمشادی باڵاکەی لە سەروی جۆیبارم چی

کە یاری دەس بدا بۆ من لەسەر سینەی بە جووتێ بەی
لە بازی و سەیری مۆرەی نەردی سەر تەختە و قومارم چی

ئەگەر بگرم لەدەس یەک دەم تورەنجی غەبغەبی کاڵی
لە لیمۆی زەرد و سێوی ئاڵ و نارنج و هەنارم چی

ئەبەد تەشبیهی ڕۆژ و شەو بە زوڵف و ڕوومەتی ناکەم
لە وەسفی دوو مونافی هەر وەکوو لەیل و نەهارم چی

کە بۆ ماچی دەمی وەک چاوی مەستی تۆبە دەشکێنم
غوڵامی تورکی مەخموورم لە شێخی تۆبەکارم چی

بە شەرحی خاڵ و خەتتی حیکمەتی ڕوخساری مەشغووڵم
لە سیڕڕی حاشیەی زوڵفی سیاهی تارومارم چی

بە قانوونی غوڵامی گەر قبووڵم کا لە دەرگادا
لە چەتری عەیش و تەختی ناز و تاجی ئیعتیبارم چی

گرێبانی سەبووری پارە کردم تیری موژگانی
دەبا من ڕوو لە سەحرا کەم لە ئارام و قەرارم چی

لە خۆفی چاوی مورغی دڵ لەسەر شەهدی لەبی لاچوو
کە یەعنی من لە زەخم و حەملەیی بازی شکارم چی

خەیانەت تا ئەبەد «ناری» بە تەحریکی موژەی ناکەم
لە بەند و کۆت و زنجیری فەلاقەی سەختی یارم چی

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٣١

 

✓ موستەفا هوشیار

لە دەفتەری سووری خۆمدا
چی وشەیە ئەنفالی دەکەم
بە بۆنی خەردەل 
چی شێعرە دەیخنکێنم
بەو مەرجەی جارێک لە ئاسمانەوە
بمپێکێ مووشەکی ئازادی

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٣٠

 

✓ نالی

وەها هەستا بە باڵی جازیبەی قودرەت لە نیوەی ڕێ
بەجێ ما ئەسپ و پەیک و ڕەفڕەف و ئەم چەرخی دەورانە

موشەڕڕەف بوو بە تەختی عەرش و تاجی قوربی "عنداللّە"
بە هەرچی دەرجی "أوْ أدنی" و "ما أوحی"ـی قورئانە

بە هەرچی چاوی دینی عیشقی تێدا شاهیدی سیدقە
بە هەرچی دیدەیی عەقڵی تیا شەوکوێر و حەیرانە

موخەسسەس بوو مورەخخەس بوو بە ئەسرارێ کە تەقریری
ئەجەلل و ئەعزەم و ئەعلا لە تەعبیری سوخەندانە

پەیاپەی هاتەوە سەر جێگەیی گەرمی لەگەڵ توحفەی
سەلات و هەم سەلام بێ لەو حەبیبی پاکی سوبحانە

لەگەڵ ئال و لەگەڵ سەحبی خوسووسەن چار یاری دین
ئەبووبەکر و عومەر، عوسمان و حەیدەر شێری یەزدانە

بەقوربانی عولوومی ئەووەلین و ئاخیرینت بم
لەگەڵ ئەسراری قورئانت کە وا ئەلتافی ڕەحمانە

مورادم زیللەت و پاڕانەوەی حاڵە نەوەک نەعتە
بە چەن بەیتێکی کوردانە کە قورئانت سەناخوانە

ئەگەرچی کوردی دووری شارەزووری قەسوەتم ئەمما
وەسیلەم تەیبە و حیلمی شەفیع و فەزلی مەننانە

بە سەر هاتوومە ئەو خاکەی کە هەر مسقاڵەزەڕڕێکی
بە میزانی شەفاعەت کێوی حیلم و بەحری غوفرانە

نەبوو ڕووم بێمە خاکی چاکی پاکی تەیبە تا بیستم
بە سەگ نابێ مولەووەس ئاوی زەرقا بەحری ئیحسانە

چ زەرقا بۆ سیاهی دەفتەری هەر ناسییە ماحی
چ تەیبە بۆ تەبایی دەردی هەر دەرماندە دەرمانە

دەری ڕەحمەت کە وا بەحری موحیتی عاسییە «نالی»
تیا جان و تەن ئوفتادەی شەپۆلی سەیلی عیسیانە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٢٩

 

✓ قانێع

ئەی بولبولی بێ دانە من و ئێوە هەژارین
هەر دوو وەکوو یەک مونتەزیری فەسڵی بەهارین
تۆ چەشنی من و من وەکوو تۆ بێکەسوکارین
داماو و کز و دەربەدەری کووچە و شارین
یا بەندی قەفەسخانە و یا وێڵی دیارین

من قوڕبەسەری دەستی فەلەک چەرخی جەفاکار
تۆ دڵ بە خەمی دەردی گوڵ و خونچەیی گوڵزار
من دەربەدەری فیتنەیی جاسووسی خەتابار
تۆ بێ پەڕ و باڵ لەدەس زوڵمی لقی خار
هەر دوو بەیەکۆ چاکە بڵێین دیل و هەژارین

تۆ شێتی دڵ و من بەهیوای بەرزی وڵاتم
تۆ مەستی گوڵ من بەفیدای عەزم و سوباتم
بەم جۆرە ئەڕۆم شەرتە هەتا ماوە حەیاتم
تا دەس نەکەمە گەردنی ئاواتی نەجاتم
ڕووم نایێ بڵێم زادەیی شێرانی شکارین

من شیوەن و گریان و ئەتۆ شۆر و تەرانە
تۆ بەزمی سبەینان و منیش ئاهی شەوانە
من بۆ وەتەنی بێ کەس و تۆ دانە و لانە
بنواڕین لەبۆ سووڕی کەچی چەرخی زەمانە
بێ سووچ و خەتا بۆ چی وەها بێبەش و یارین

ئەی بولبولی هاودەردی خەفەتباری دەروونڕێش
تۆش هەر وەکوو من بێ کەس و بێ یاوەر و بێ خوێش
هەر دوو وەکوو یەک پەست و بریندار و جەفاکێش
کەی بێ کە برینی دڵی هەر دوو ببێ ساڕێش
بێباک بڵێین ئێمە لەناو گێتی دیارین

«قانع» من و تۆ بولبول و خەم چەشنی برا بووین
بۆ یەکتری ئەم چوارە تەواو پشتوپەنا بووین
هەر یەک لەبۆ ئەو سیانی ترە زۆر بەوەفا بووین
بۆ چی من و خەم ئێستە لە ئەو دووانە جیا بووین
بولبول لە گوڵ و گوڵ لە چڵ و ئێمە لە خارین

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٢٨

 

✓ شێرکۆ بێکەس

کاتێ پرشنگی سەرنجی نیگات
دنیای ئارامی لێ ورووژانم
کاتێ کە لەنجەی پڕ لە مۆسیقات
تەزووی ئارەزووی خستە سەر گیانم

زانیم کە ژینی دوێنێی بێتۆیی
تەمەنی لاوییم بێهوودە ڕۆیی
زانیم کە بێ تۆ ئا ئەم ژیانە
ئاخە، کسپەیە، ناسۆرە، ژانە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry