٣٠٢٧
✓ موحەممەد سددیق مەحموودی
لە خۆشیی تۆیە نەورۆز وا سروشت دونیا دەنەخشێنێ
لەسەر چیمەن شەماڵی شۆخ بە ناز داوێنی دەخشێنێ
خڕاو ڕێبواری نێو دەشت و چیایە و نێرگزی مەستیش
دڵۆپی نیونیگای گەرمی لە کاسەی چاوی دەڕژێنێ
بلۆقی ئاڵ و کەسکی شەونمی سەر بەرگی جوانی گوڵ
سەرنج ئەتوێتەوە تێیدا و ناخی هەست ئەجووڵێنێ
هەڵاڵە و سوێسنە هەر کامە جۆرێ گیان دەلاوێنن
گوڵاڵەش کوانێ وەک ئەو شۆخوشەنگێ تاسە بارێنێ
گەزیزە لارولەنجەی دادەنێ پێی ناز لەنێو دڵدا
لە کاتێکدا کە شانەی با قژی زێڕینی دادێنێ
چریکە و شۆقی سەرگۆنای گەشی سارا دڵی شۆخی
پەریی کۆشکی بەهەشتی خۆشی خوایی دادەخورپێنێ
ئەرێ نەورۆزی پیرۆز تۆ مەگەر ئایەی خوداوەندی
کە هەر هاتی لەنێو دڵدا ونیی غەم شوێنی نامێنێ
نەشەی گەرموگوڕ و سۆزی خوڕەی هەڵدێری چۆماوت
دەڵێی حەیران و سوارۆیە کە لاوێنێ دەلاوێنێ
وەتەن گیانم فیدای تۆ بێ و فیدای کوێستانی سەربەرزت
کە شمشیری ترۆپکی شاخەکانی هەوری دادێنێ
ڤەژینبوکس