٣٠٢٩
✓ قانێع
ئەی بولبولی بێ دانە من و ئێوە هەژارین
هەر دوو وەکوو یەک مونتەزیری فەسڵی بەهارین
تۆ چەشنی من و من وەکوو تۆ بێکەسوکارین
داماو و کز و دەربەدەری کووچە و شارین
یا بەندی قەفەسخانە و یا وێڵی دیارین
من قوڕبەسەری دەستی فەلەک چەرخی جەفاکار
تۆ دڵ بە خەمی دەردی گوڵ و خونچەیی گوڵزار
من دەربەدەری فیتنەیی جاسووسی خەتابار
تۆ بێ پەڕ و باڵ لەدەس زوڵمی لقی خار
هەر دوو بەیەکۆ چاکە بڵێین دیل و هەژارین
تۆ شێتی دڵ و من بەهیوای بەرزی وڵاتم
تۆ مەستی گوڵ من بەفیدای عەزم و سوباتم
بەم جۆرە ئەڕۆم شەرتە هەتا ماوە حەیاتم
تا دەس نەکەمە گەردنی ئاواتی نەجاتم
ڕووم نایێ بڵێم زادەیی شێرانی شکارین
من شیوەن و گریان و ئەتۆ شۆر و تەرانە
تۆ بەزمی سبەینان و منیش ئاهی شەوانە
من بۆ وەتەنی بێ کەس و تۆ دانە و لانە
بنواڕین لەبۆ سووڕی کەچی چەرخی زەمانە
بێ سووچ و خەتا بۆ چی وەها بێبەش و یارین
ئەی بولبولی هاودەردی خەفەتباری دەروونڕێش
تۆش هەر وەکوو من بێ کەس و بێ یاوەر و بێ خوێش
هەر دوو وەکوو یەک پەست و بریندار و جەفاکێش
کەی بێ کە برینی دڵی هەر دوو ببێ ساڕێش
بێباک بڵێین ئێمە لەناو گێتی دیارین
«قانع» من و تۆ بولبول و خەم چەشنی برا بووین
بۆ یەکتری ئەم چوارە تەواو پشتوپەنا بووین
هەر یەک لەبۆ ئەو سیانی ترە زۆر بەوەفا بووین
بۆ چی من و خەم ئێستە لە ئەو دووانە جیا بووین
بولبول لە گوڵ و گوڵ لە چڵ و ئێمە لە خارین
ڤەژینبوکس