٢٨٢٠

 

✓ ئەدیب

  • پێنجخشتەکییەک لەسەر شیعرێکی تاهیر بەگی جاف

لاحەولە لە سەر تا بە قەدەم دڵبەر و شەنگە
بۆ جەزبی دڵی عاشقی عیشقت چو نەهەنگە
پەنجەت کە بە خوێنڕێژی دەڵێی شێر و پڵنگە
ئەی پڕتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی هەمەڕەنگە
خاڵت بەمەسەل زولفی سیاهت شەوەزەنگە

ئاشووبی زەمەن، زیبی چەمەن، سونبولی خۆشبوو
گێسووی و برۆی نازر و حەیرانە بە هەرسوو
ئەی سەروقەدی سیمتەن و مەهوەشی گوڵڕوو
بەزم و تەرەب ئامادەیە، ساقی مەیێ فەرموو
دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازەیی چەنگە

بیمارە دڵم، تەنگە وەکوو غونچەیی زارت
بوو باعیسی مەخمووریی من، چاوی خومارت
خەجڵەتدەرە بۆ حۆر و پەری، حوسنی ویقارت
سەد نامی خودا بێ لە دوو پوستانی ئەنارت
گرد و شلک و ناسک و پڕچەنگ و قەشەنگە

جارێکی لە عوششاقی نەپرسی چییە حاڵی
دووری تۆ دەچێژێ، بەسە ژەهر و خەم و تاڵی
بێچارە بە تیری تۆ بریندارە، دەناڵی
لێوت کە وەکوو لەعڵی بەدەخشانە بە ئاڵی
گەنجوور و نگەهبانی دەهان و دەمی تەنگە

ڕووت شەمسە، کە سەر تازە وەدەر دێنی لە خاوەر
شوعلەی لەسەر ئافاقی مەلاحەت وەکوو داوەر
فەرماندەیی ئەبرۆیی خەمت، ئامیر و یاوەر
تابووری موژانت لە‌گەڵ ئەگریجە بەرابەر
وەستاوە ئەڵێی لەشکری ژاپۆن و فەڕەنگە

چاوم کە لە موشتاقیی ڕووت بۆتە بە دەرمان
وا چاوەڕێ و والە و گریانە، دوڕئەفشان
مەزڵوومە، ئەسیری تووە، مەحکوومە بە فەرمان
مورغی دڵم ئەر خەستە و خوێنینە بەقوربان
پێکاوی موژەی تۆیە، نە کوژراوی تفەنگە

ڕووت جەننەت و حوسنت مەلەک و ساحرییەت جن
بۆ هاڵەیی دەوری قەمەرت کافر و موئمن
ناوەستێ لەبەر تیری موژەت جەوشەنی ئاسن
چاوت بە مەسەل ئافەتی دڵهایە، وەلاکین
بۆچ وایە کە ئەبرۆیی کەچت مەیلی بە جەنگە

بۆ دیتنی ئەم ڕۆژە زەمانێکە لەسەر ڕێم
قەولی، لە کەڕەمدا، بەمە فەرموو کە شەوێ دێم
حازر بێ مەی و ساقی و پەیمانە لەگەڵ جێم
عاجز بوو کە ڕووم خستە بەری پێی و وتی پێم
ئەی ئەبلەهە کەی ماڵشی ئاوێنە بە سەنگە

بەو شەهدی لەبت تفڵی دڵم چون بووە موعتاد
حەیرانە بە کێوی غەمەوە عاجز و ناشاد
یەکدەم بە دەمی خونچەیی شیرینی بکە یاد
سەرگەشتە و ئاشوفتەیی ئەشقم وەکوو فەرهاد
کێوم بەدڵ و سینە و سەر، پەنجە قوڵنگە

ئینسافە بە هەوری وەرە ئەم پەردە مەپۆشە
بەم نەرگسی شەهلا، بەسە عیشوە مەفرۆشە
باکی چ بە شیرینە، «ئەدیب» مایلی نۆشە
مەنعی مەکە،‌ ‌«تاهیر» کە ئەگەر مات و خەمۆشە
دێوانەیی ڕووی تۆیە نە مەستی مەی و بەنگە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٩

 

✓ ئاران

تۆ شەهیدی نیشتمانی و مەشخەڵت بووژاندەوە
ئاگری ئاورگی ئاڤێستاییت هەڵگیرساندەوە

کوردەواری هۆرەی ئازادی و ئەوینی خۆی چڕی
تۆ بە ئەم گۆرانی گەرمی خوێنە بۆت ئەستاندەوە

پردی پێوەندی ئەوین واژۆیەکی تۆی پێ دەویست
گیانی خۆت پێ بەخشی و پێوەندەکەت سازاندەوە

بوولەرەی کەرکووک بوو کرماشانی ئاوا توند هەژاند
مەرگی تۆ سێبارە پشتی میللەتی لەرزاندەوە

هەر لە کرماشان هەتا بۆکان سڵاوت لێ دەکەن
کۆڕی یەکڕیزیت لە کوردستان ئەوا ڕازاندەوە

خزمەتی خەڵک هەر بە دارایی و سەرۆکبوون خۆ نییە
ڕووحی گەورەت ڕاستەقینەی ئەم قسەی سەلماندەوە

گەرچی زریان، هەستی وەرزی ساڵەها تاساندبوو
نەوبەهاری کوردی ئەمما  کۆچی تۆ ڕاساندەوە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٨

 

✓ کاکەی فەلاح

خۆشم ئەوێ، خۆشم ئەوێ
ئەم نیشتمانەم خۆش ئەوێ
تا لێدانی دڵ ئەسرەوێ
هیچ لە بەرچاوم ناکەوێ
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم

ئا ئەم هەوا و ئاو و گڵە
بۆ ژیانم خوێنی دڵە
دڵ کە بلبلی سەرچڵە
شەیدایە بۆ ڕووی ئەو گوڵە
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم

کوردستانە خۆشەویستم
هەتا ماوم ئەیپەرستم
هاوار ئەکا هۆش و هەستم
بە جوانی دیمەنی مەستم
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم

دڵم ئەڵێ، وەک زمانم
خۆشم ئەوێ کوردستانم
خۆشەویستی نیشتمانم
بۆتە سەرلەوحەی ئیمانم
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم

خۆشم ئەوێ، خۆشم ئەوێ
ئاواتەخوازم سەرکەوێ
ناوی لە ناوا دەرکەوێ
گەشە و ڕووناکی بەرکەوێ
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٧

 

✓ ئەنوەر ڕەوشەن

خەڵکی نیشتمانی گوڵ و هەتاو!
سپاس بۆ خورۆشانی زرێباری هەستتان.
سپاس بۆ دەستی بەخشەندەتان.
سپاس بۆ ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئینسانی و نەتەوەییتان.
بژین بۆ ئەوەی هاتن بەهانای هاونیشتمانییە لێقەوماوەکانتان لە کرماشانی دێرین.
بژین بۆ ئەوەی متمانەتان کرد بە ڕۆڵەکانی خۆتان و هاوکاری و یارمەتییەکانتان بەوان سپارد تا بیگەیێننە دەستی خوشک و برا بوومەلەرزەلێدراوەکانی سەرپێڵ و قەسر و سەلاس.
سەربەرزم کە لە ئێوەم و شانازیتان پێوە دەکەم و جارێکی تر لە ناخەوە سپاستان دەکەم.

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٦

 

✓ هێمن

هەر لە بۆتانەوە هەتا سۆران
هەموو سۆرانی شینە بۆ گۆران

هەر لە کوێستانەوە هەتا گەرمێن
یەخەمان دادڕاوە تا دامێن

لە جزیرە هەتاکوو بەحری ڕەش
نییە کیژێ سەری نەنابێ لە هەش

لە دیاربەکرەوە هەتا ورمێ
سەربەقوڕ، ملبەکوێنە نێر و مێ

هەر لە کەرکووکەوە هەتاکوو سنە
شین و ڕۆڕۆ و فغانی پیاو و ژنە

لە مەریوانەوە هەتا زێبار
وەک زرێبارە چاوی کوردی هەژار

هەر لە زاخۆ هەتاکوو کرماشان
پرسەیە، ماتەمە، بەخۆدادان

لە مەهاباد هەتا سلێمانی
ناڵەناڵە لەباتی گۆرانی

هەر لە بێجاڕەوە هەتا شەمزین
کچ و کوڕ، لاو و پیری کورد شەمزین

لە شنۆوە هەتاکوو سەنجابی
تووشی کوردێکی بێ کەسەر نابی

هەر لە هەولێرەوە هەتا پاوە
نەتەوەی کورد پەشێوە، تاساوە

جا چلۆن دڵبەخەم نەبین، نەگرین
جا چلۆن کۆڕی شینی بۆ نەگرین

شاعیرێک بوو بەنرخ و بێوێنە
بیری ڕۆشن بوو، چەشنی ئاوێنە

شاعیرێک بوو بەجەرگ و هەڵکەوتوو
پێشڕەوی گەل بوو نەک لەگەلکەوتوو

تاکی کەم بوو لە جوانپەرستیدا
وەکوو مێو بوو وشە لە دەستیدا

هەستی پاک، مێشکی تازە، بیری نوێ
شیعری پڕسۆز، قسەی بەتام و خوێ

دڵتەڕ و خۆشخەیاڵ و ناسکبین
بەهونەر، شارەزا، وشەڕەنگین

پێم پەریشێعر و مۆسیقاتۆران
بۆیە بردیانەوە سەرێ گۆران

یا خودای جوانی تووڕە بوو لێمان
ئەو چرایەی ڕەوا نەدی پێمان

ڕۆژگار گەوهەری وەبن گڵ دا
داخی ئەو مایەوە لەناو دڵدا

داخەکەم ئەو بڵێسە دامرکا
کە خەریک بوو وڵاتی ڕوونتر کا

ڕۆیی گۆرانی خۆشەویست ڕۆیی
شین و ڕۆڕۆی گەلی نەبیست ڕۆیی

ڕۆیی بێ وەی گەلی بگا بە مراد
ڕۆیی بێ وەی ببینێ کورد ئازاد

ڕۆیی ئاواتی بردە بن گڵی ڕەش
ڕۆیی کورد ماوە بێکەس و بێبەش

حاجی، گۆران و پیرەمێرد مردن
"داخەکەم کوردی ئێمە هەر کوردن"

کوردن و تووشی ڕۆژی تەنگانەن
مەردن و دیلی دەستی بێگانەن

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٥

 

✓ کوردی

لە غەم شاری دەروون مەعموورە ئەمشەو
بناغەی مڵکی دڵ خاپوورە ئەمشەو

ئەمن فەرهاد و شاهید بێستوونە
ئەتۆ شیرین، شەماڵ شاپوورە ئەمشەو

لە ناو ئەشک و لە ڕووتەی چاو شەهێنم
دڵ ئاهوووار و چاو بێ نوورە ئەمشەو

لە ناڵین مەنعی «کوردی» مەحزی کوفرە
فەقیر و ناخۆش و مەغدوورە ئەمشەو

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٤

 

✓ جەوهەری

ڕەفێقان با بکەین شیوەن کە وەختی هیجری یارانە
پیاڵە و شووشە بشکێنین کە شادی ڕووی لە شێوانە

حەریفان، تاکوو ئێستە بەزم و ڕەزم و چەپڵەڕێزان بوو
ئەوێستا وەختی قوڕپێوان و نۆبەی شین و گریانە

لە هەر لایێ کە دەتدی مەجڵیسی ئاوازەخانی بوو
لە هەر کۆشکێ دەبینی ئێستە واوەیلا و لەخۆدانە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٣

 

✓ حەمدی

بۆ چی بوویتە مەسخەری ئەرز و سەما ئەی مەملەکەت
بۆ چی بوویتە مەعرەزی ئافات و فیتنە و وەلوەلە

ئەم برینانە زەمانە هەر دەبێ ساڕێژی کا
«حەمدی» ئەمما بۆ ئەمەش پێویستە سەعی و حەوسەلە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١٢

 

✓ موفتی پێنجوێنی

هێندە لەرزیبووین لە ترسی بوومەلەرزە و زەلزەلە
بێ لەرز یەکسەر گرفتاری نەخۆشی لەرز و تاین

گەر فەلەک ڕەحمی ببێ بەم حاڵە بتهێڵێتەوە
چش کە وێرانی بە بەرد و خاک و خۆڵیشت ڕەزاین

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٨١١

 

✓ ئاران

بە ناوی تۆ قەسەم دنیا ئەگەر وێران ببێ هەر دێم
بە چاوی تۆ قەسەم دنیا ئەگەر وێران ببێ هەر دێم

لەسەر دەستی هەبوونی تۆ دەخۆم سوێندی ئەوینداری
نەمێنێ گیان و هەم ڕێگا ئەگەر وێران ببێ هەر دێم

بە پەیمانێک کە بەستوومە لەگەڵ بەستەی وەفاداریت
ئەگەر بشکێ دەس و پێ و ڕێی سەفەر وێران ببێ هەر دێم

بە هەست و سۆزێ وا ویستوومە لەم هەڵبەستە نوێیەمدا
هەوارت کێوی قاف، تووران و گەر ئێران ببێ هەر دێم

گەلێ ڕژد و گەوە و هەڵدێر و زۆزانم لە پێشدایە
بە گشتیان سوێند ئەگەر ئیمان و گیان و سەر بچێ هەر دێم

زەمانە هیچ بوارێکم نەدات و پاک هەڵم بوێرێ
وەکوو سێبەر، لە ڕێی خەون و بەپێی خولیا، بەبێ سەر دێم

دەرۆستی ئەو دڵەم نایەن سەدان کۆسپ و هەزار لەمپەر
لە ئەم چاڵی نەهاتەش هەر بە هێزی باوەڕم دەردێم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry