٢١٣٥

 

✓ مەحوی 

ماھی من ڕۆژێ لە ڕوو لادا نیقاب
شەو مەگەر ھەڵبێ لە شەرمان ئافتاب

لێوی ھەر ھاتە قسە ڕۆحم چووە
بۆ سوئالی ئەو بەڵێ ڕۆحە جەواب

ئەزیەتم کەمتر دەدا دا ڕۆژی حەشر
زۆری ڕانەگرن لەگەڵ من بۆ حیساب

ڕامە حەتتا بۆ سەگێکی وەک ڕەقیب
ئەو جەنابە ھەر لە منیە ئیجتیناب

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٣٤

 

✓ وەلی دێوانە 

هەی شەمی شەوان هەی شەمی شەوان
ھەی شەمی بەشەوق چلچرای شەوان

ھەی ژیانی من ھەی ڕۆحی ڕەوان
ھەی گلێنەکەی دیدەی بێ خەوان

ھەی ئاسکی سەرکەل لە سێبەر سڵکەر
ھەی ھەوای سازی کوێستانان لەسەر

ھەی عەنبەرینخاڵ سۆسەنیکڵاف
ھەی ڕووناکایی ڕەشماڵانی جاف

ھەی من پەروانەی پەڕسووتاوی تۆ
ھەی من گیرۆدەی زوڵفی خاوی تۆ

تۆ جارێ نایەی بۆ سەروەختی من
گوێ نادەی بە ئاھ زامی سەختی من

ناپرسی ئاخۆ من بۆ تۆ چۆنم
بێباکی لە تین قرچەی دەروونم

ھەوای کوێستانت وا بۆ بووەوە
حەیفت کرد منت لەبیر چووەوە

بێمروەتیت کرد ھەی شەم دەربارەم
من بۆ تۆ قەیسی سیاستارەم

وادەی من و تۆ دیوانی خوا بێ
مەگەر ئەو ڕۆژە دادم ڕەوا بێ

شەمی شەمڕوومەت تۆ بەسەلامەت
سکاڵای دڵم کەوتە قیامەت

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٣٣

 

✓ پەروین ئیعتیسامی 

پیرەپیاوێک ڕووتی داماوی هەژار
ڕۆژگارێ تاڵی بوو وەک ژەهری مار

هەم کوڕ و هەم کچ نەخۆش و ناتەوان
ئەم خەمەشی هاتە سەر باری خەمان

جارێ ئەویان ئارەزووی هەنگوێنی بوو
تاوێ ئەمیان مەیلی بڕوێشینی بوو

جارێ ئەو نانی دەویست و ئەویان دەوا
تاوێ ئەو کەوشی دڕابوو ئەمیان کەوا

باوکی بێچارە بەیانی تاکوو شەو
لای کەس و ناکەس ئابڕووی نایە گرەو

لەش شەکەت شەو قرخەقرخ و ناڵەناڵ
بۆ پەرستاری ئەهاتۆ ناو مناڵ

ڕۆژێ گەڕیا ڕاست و ژوور و خوار و چەوت
هەوڵی زۆری دا و هیچی دەس نەکەوت

شەو درەنگ هاتە لای یەک ئاشەوان
سواڵی مشتێ ئاردی کرد بیکا بە نان

ئاشەوان پێی وت بدە دەسماڵەکەت
باش گرێی دە و بیخەرە ژێر شاڵەکەت

ڕوو بەرەو ماڵ هاتۆ بەپرتە و بۆڵەبۆڵ
هەر سکاڵای بوو لە ژینی تاڵ و سۆڵ

بۆ چی بەستت لێم خودا هەر چی کونە
کەی ئەکەیتۆ ئەم گرێکوچکەی منە

زۆر گرێی خەڵکت بەئاسان کردەوە
ئەم گرێش بۆ من کەیتۆ بەم شەوە

دی گرێی دەسماڵەکەی کریاوەتۆ
ئارد ڕژیاوە دەسماڵ ماوەتۆ

کفری هاتە سەر وتی مردووت مرێ
من کەی وتم تۆ بیکەیتۆ ئەو گرێ

من وتم قوڵفەی گوریسی بەختی ڕەش
وا گرێ دریاوە بیکەیتۆ لە لەش

من کەی وتم بیکەیتۆ گرێی دەسماڵەکەم
بیڕژێنی ڕۆژوویی منداڵەکەم

دانەوی کۆ کاتۆ ئاردی ڕژاو
دی لەوێ داکەوتبوو کێفێک دراو

کەوتە تۆبە و سوجدە و پاڕانەوە
مووڕنین و مەعزەرەتهێنانەوە

ئەی خودا کاری ئەتۆ گشتی حەقە
بەندە بێچارە و نەفام و ئەحمەقە

تۆ منت دەرگا بە دەرگا ماڵ بە ماڵ
ڕادەدا وەک پووش بە هێزی بای شەماڵ

تاکوو حاڵی بم بە ئەمری تۆ نەبێ
هیچ کەسێک سەرناکەوێ و دانانەوێ

چون بڕا هیوام لە خەڵکی بێشعوور
بانگی کردم خازنی ڕەحمەت لە دوور

ئەی [کامی] هەر وەکوو [پەروین] بە دین
تۆش لە خەرمانی خودا بە خۆشەچین

● ئەگەر کەسێ وەرگێڕی ئەم شیعرە ئەناسێت تکایە پێمان بڵێت.

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٣٢

 

✓ وەفایی

دڵم تیفلی دەبستانی غەمە وا مەیدە بەر غەمزە
ھەتا کەی تیرەباران ئاخر ئەو مەزڵوومە مەعسوومە

لەبەر تاقی برۆت گریانی دڵ بۆ زوڵفە بەرپا بوو
عەجەب ماوم دەڵێن شەو ڕووبەقیبلە ناڵە مەحکوومە

لە سیڕڕی حیکمەتی زارت کە نوقتەی جەدوەلی ڕۆحە
عەجەب ماوم چ نیکتێکە نە مەوجوودە نە مەعدوومە

وەفایی وا بەکوڵ دەگری بەدڵ بۆ گوڵ دەناڵێنێ
بە سەد غولغول دەڵێ بولبول لە باغی قیبلە مەحروومە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٣١

 

✓ وەفایی

ھەر لەحزە کە دێ پێدەکەنێ حەقمە کە بگریم
پشکووتنی گوڵ مایەیی بارانی بەھارە

بەو دوو مەمە زوڵف و ڕوخی تۆ نۆبەری سەرون
ھەر عەترە بە تا ھەر گوڵ و نارنجە بە بارە

پرسیم چییە تەبخاڵە لەسەر ئەو لەبە فەرمووی
جێی ماچی [وەفایی] ئەوە نیشانەیی پارە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٣٠

 

✓ ئەحمەد موختار جاف

ئەمشەو لە غەمی تۆ دڵەکەم زار و زەبوونە
مەجڕووحە دڵم دیدە کە ئاڵوودە بە خوونە

ئەلفی قەدەکەم ئێستە لەبەر حەسرەتی باڵات
وا خەم بووە گیانا کە ئەڵێی حەڵقەیی نوونە

ئەو تاو و شەرارەی کە ئەڵێن وا لە سەقەردا
عوشرێکە لە میعشاری گڕ و سۆزی دەروونە

ھەڵسە وەرە لای عاشقی سەرگەشتەیی وێڵت
سەیری کە کە چەن شێت و چ سەرخۆش و جنوونە

بنواڕە چ غەڕڕایە [کەماڵی] ھەموو شیعرم
عەیبی منی بێچارە بەخوا پارەنەبوونە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٩

 

✓ نالی

دڵ موزمەحیلی دەردە وەکوو دیدە لە نمدا
حەیران و پەرێشانە وەکوو قەترە لە یەمدا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٨

 

✓ نالی

لۆمەی زەمان دەکەی کە بۆچ خواریی ڕاستی دەوێ
غافڵی دەستی ڕاستی خۆت خزمەتی دەستی چەپ دەکا

توتیی تۆ لە حیرسی دڵ داوی تەمەع دەکاتە مل
بولبولی من لە عەشقی گوڵ تەغنیە و تەرەب دەکا

[نالی] حەریفی کەس نییە ئیلف و ئەلیفی کەس نییە
بەیتی ڕەدیفی کەس نییە ھەرزەنویسە گەپ دەکا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٧

 

✓ قسەی خۆش با ون نەبێ

[تۆفێق]ـناوێک ئەیەوێت کچێکی مەسیحی بخوازێت. کچەکەش ڕازی ئەبێت بەمەرجێک ببێت بە مەسیحی و ناوی خۆی بگۆڕێت. تۆفێقیش، کە بە دەردی شێخی سەنعان چووە ناچار ڕازی ئەبێت بۆ ئەم کچە مەسیحییە لە ئیسلام وەرگەڕێت و ناویشی بگۆڕێت. ڕۆژێک تۆفێق و کچەکە و چەند کەسێکی نزیکی کچەکە ئەچن بۆ کەنیسە و لەوێ قەشەیەک پاش ئەوەی کەمێک باسی یاساکانی ئاینی مەسیحیی بۆ ئەکات، سێ شڵپ ئاو ئەدات بە تەپڵی سەری تۆفێقدا و لەگەڵ هەر شڵپێکیشدا ئەڵێ:
ئەوە ئیتر تۆ تۆفێق نیت و [جۆرج]ـیت ...
ڕۆژێکی ڕەمەزانی مەسیحییەکان، کچەکە دێتە ماڵەوە و ئەبینێت جۆرج مریشکێکی برژاوی داناوە و خەریکی خواردنیەتی. کچەکە بەتووڕەیی و سەرسوڕمانەوە پێی ئەڵێ: ئەوە چی ئەکەیت جۆرج؟ ئەی نازانیت ئێمەی مەسیحی بۆمان نییە گۆشت بخۆین کاتێک کە بەڕۆژووین؟
تۆفێقیش لە وەڵامدا ئەڵێ:
با چۆن نازانم؛ بەڵام ئەمە گۆشت نییە چونکە بەر لەوەی بیبرژێنم سێ شڵپ ئاوم دا بە سەریدا و لەگەڵ هەر شڵپێکیشدا وتم: تۆ مریشک نیت، پەتا‌تەیت ...

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٦

 

✓ شێخ عوسمان سیڕاجەددین

مووی سپی و ڕووی ڕەش و زەردم ئەوا هێنا حوزوور
قۆچی قوربانم ئەوا قوربانە قوربان هیممەتێ

تاجی شاهی و گەورەییتە ئایەتی [ن و القلم]
مادیحی تۆیە سەرانسەر سیڕڕی قورئان هیممەتێ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry