٢١٢٥

 

✓ فەنایی

جەژنی قوربانە هەموو کەس عادەتی قوربانییە 
ئەی منی بێچارە چی بکەم کەڵکی قوربانم نییە

مەزبەحەی مینای دەروونم بۆیە خاڵی کرد لە غەیر
تا نەڵێی جێی سەربڕینی قۆچی قوربانم نییە

گەر بەرانێ بوو بەدیلی زیبحی تاقانەی خەلیل
بۆ بەڵاگێڕی سەری تۆ من خەمی گیانم نییە

من لە ناخی دڵمەوە خۆم دایە بەر تیغی برۆت
تا بزانی من لە قوربانی هەراسانم نییە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٤

 

✓ ئەحمەد موختار جاف

جەژنی قوربان ساڵێ جارێ خەڵکی قوربانی ئەکەن
بۆ وەتەن من ڕۆژێ سەد جار ڕۆحی خۆم قوربان ئەکەم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٣

 

✓ حەریق

قوربان وەرە قوربانە سا بمکە بەقوربانت
ڕەنگین کە بە خوێناوم کاکۆڵی پەرێشانت

جێژنانەی ئێمە ڕۆحە کردوومە بەقوربانت
تۆش ماچێ کەرەم فەرموو لەو سێوی زەنەخدانت

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٢

 

✓ بێسارانی

چین چین جەمەرەی خەیاتانی خام
حَجَرالاسوَد مسجدالحَرام

نەمەردام تەواف مسجدالحَرم
عەرەفە و مینا بازاڕی زەمزەم

بکەردام جارێ ئیحرام بپۆشام
جامێ جە شەربەت زەمزەم بنۆشام

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢١

 

✓ کوردی

بە ساڵێ جارێ قوربانی دەکەن حاج
ئەمـــن ھەر دەم بەقــوربانی وەفاتم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١٢٠

 

✓ کوردی

جانا وەرە ئەم جەژنە بەقوربانی سەرت بم
بۆ تیری قەزای چاوی حەسوودان سپەرت بم

شادن لە تەماشای نەزەرت مەحرەم و ئەغیار
مروەت نییە تەنھا ھەر ئەمن دەربەردەرت بم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١١٩

 

✓ ئەدیب

بۆ دیتنی ئەم ڕۆژە زەمانێکە لە سەر ڕێم
قەولی لە کەرەمدا بەمە فەرموو کە شەوێ دێم
حازر بێ مەی و ساقی و پەیمانە لەگەڵ جێم
عاجز بوو کە ڕووم خستە بەری پێی و وتی پێم
ئەی ئەبلەھە کەی ماڵشی ئاوێنە بە سەنگە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١١٨

 

✓ ئەدیب

لاحەولە لە سەر تا بە قەدەم دڵبەر و شەنگە
بۆ جەزبی دڵی عاشقی عیشقت چو نەھەنگە
پەنجەت کە بە خوێنڕێژی دەڵێی شێر و پڵنگە
ئەی پڕتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی ھەمەڕەنگە
خاڵت بەمەسەل زوڵفی سیاھت شەوەزەنگە

بیمارە دڵم تەنگە وەکوو غونچەی زارت
بوو باعیسی مەخمووریی من چاوی خومارت
خەجڵەتدەرە بۆ حۆر و پەری حوسنی ویقارت
سەد نامی خودا بێ لە دوو پوستانی ئەنارت
گرد و شلک و ناسک و پڕچەنگ و قەشەنگە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١١٧

 

✓ وەفایی

قوربان وەرە سەیرێکی دڵ و عالەمی دڵ کە
ھەر زەوقە بە دڵ شەوقە لە سەر ئاھە لە دەمدا

ئاخر سەگی خاکی دەری تۆ بووم بە جودایی
مروەت نەبوو تیغت لە سەری سەیدی حەرەم دا

ڕۆحم بەنیساری قەدەمت بۆ چی دەڕەنجێی
ڕۆحم کە بە من بایە وەکوو دڵ چییە دەمدا

وا عاشقی زار و کەمەری تۆیە [وەفایی]
لەو نێوە وجوودێکە لە بەینی دوو عەدەمدا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢١١٦

 

✓ وەفایی

ئەی نەشئەخەندی زارت شیرینکەری حەیاتم
عیشوەی زوڵف و عیزارت موژدەی شەوی بەراتم

فەرمووت تۆم نەمری نایێم ناژیم نەیێیتە سەر جێم
وەعدەکانت بەخێر بێ ھەر چاوەڕێی وەفاتم

خۆزگەم بەوەی لەدووی تۆ ھەر دەنواڕێتە ڕووی تۆ
مردم بە ئارەزووی تۆ قوربانی ئاشناتم

گوڵ عەتری خۆی بڵاو کرد دونیای پڕ لە گوڵاو کرد
لاڵ بوو زوبانی بولبول کوشتەی زات و سیفاتم

خۆشخوانی مەجلیسی گوڵ بێنەوە جۆش ڕۆح و دڵ
بێحاڵە زۆر [وەفایی] فیدای دەنگ و سەداتم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry