✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: عادڵ نادری
  • شیعر: پەشێو

لێت ڕاهاتووم
وەکوو مناڵ، لە گۆپکەی مەم
وەکوو ماسی، لە زەریا و چەم
وەکوو شاعیر، لە شێتی خۆی
وەکوو شێت، لە سووژێتی خۆی

لێت ڕاهاتووم
وەکوو بەنگکێش، لە بۆنی بەنگ
وەک نیگارکێش
لە هارمۆنیا و زمانی ڕەنگ

لێت ڕاهاتووم
وەک خەنجەر، لە کالانی خۆی
قەرەج، لە ئاگردانی خۆی
وەک کیژی لادێی کوردستان
لە کلچووک و کلدانی خۆی

ئەگەر ڕۆژێک لێت تووڕە بووم
ئەگەر ڕۆژێک بڕیارم دا جێت بهێڵم
دڵتەنگ مەبە
خەمت نەبێ
درێژترین ڕێی تووڕەییم
لە بەردەرگە کۆتایی دێ

Kurdish_Poetry