٤٤٣١
✓ هێدی (1928 - 2016)
لە دەرد و مەینەتی ژینا هەتا زانیم تەمەن ڕۆیی
پەلەی کرد نەیدەویست چیدیکە ئازاری بدەن ڕۆیی
لە دەوری گوڵ دەمێک بوو دەیچریکاند بولبول و ڕۆژێ
کە نازی باغەوانی دی، لە سەیرانی چەمەن ڕۆیی
خەیاڵ تەکبیر و ڕای زۆر کرد هەتا گەییە سەری زولفی
بەڵام زانی ئەوێ بێگانە دەستی بۆ دەبەن ڕۆیی
بە جارێ هاتوچۆی ئەو شۆخە نەزمی گوڵشەنی تێک دا
ئەگەر وەک یاسەمەن هات و ئەگەر وەک نەستەرەن ڕۆیی
دەڵێن ئەو بێوەفایەی تۆ ئەرێ کەی دێ، ئەرێ کەی دێ
ئیتر ناڵێن ئەرێ بۆ هات و وەک ئاسکی خوتەن ڕۆیی
بەیانی سروەیەک هات هەڵوەدای سەیری بەیان ئەمما
بەناکامی ئەگەر زانی یەخەی لێ دادەخەن ڕۆیی
ئەوەندەی دەرد و خەم پێ بوو، دڵی بێچارە سام گرتی
نەوەک ڕۆژێ بڵێن دێوانەیە، زنجیری کەن؛ ڕۆیی
لە سەرمایەی ژیان هیچم نەما، ئاوارەیی هەر ما
لە دەستم چوو، ئەرێ چم کرد؟ تەمەن ڕۆیی وەتەن ڕۆیی
قومارێکی قورس بوو چارەنووس هێنای و دۆڕاندم
ژیانی من بەخۆڕایی لەنێو دارودەوەن ڕۆیی
لە بەر دیدەی منا هەڵبەستەکانم بۆیە سان دەگرن
ئەگەر مردم نەبادا کەس بڵێ «هێدی» ڕەبەن ڕۆیی