٣٩٨٣
✓ سەرمەس
باخی سێوت کەی دەگاتێ تا بە لێوم بیسڕم
پێم بڵێ قاشی بە چەندە با بە ڕۆحم بیکڕم
کوڵمەکانت ناسکە و پڕپڕ لە ئاوی ترش و مزر
مەست و سەرخۆشم بە تامی قەت نەڵێی گێژ و سڕم
هەر بە ئاواتی شەوێکم سەر لەسەر باڵت بنووم
تاکوو هێور بێتەوە داخی دەروونی پڕگڕم
سینەچاکی سینەکانتم سینەتم لێ ون مەکە
هەرچی سینەت ون بکا شەرت بێ بە ناخون بیدڕم
هێندە تامەزرۆی گوڵەکەم شلکی ئەو باسکانەتم
هەر لە ئامێزت گرم شەرت بێ بە گازان بیچڕم
دوێنێ بیستم وات ئەفەرموو «سەرمەس» ئازارم ئەدا
کامە پەنجەی گرژی کردی دەست بەجێ با بیبڕم
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/8/19 ـدا کاتژمێر 0:44 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس