٣٨٩٢
✓ فەنایی
دڵ کە مەشغووڵە بە یادی حەزرەتی دڵدارەوە
بێخەبەر ماوە لە حاڵی ئاشنا و ئەغیارەوە
یادی دیداری جەماڵت گەر غەمئەنگیزە غەمت
جەژنی دڵ بێدارە ئازیز بێجیهەت مەیشارەوە
تازە دڵ بڕیاری داوە ساعەتێ بێ تۆ نەژی
چونکە بێ تۆ وا ئەزانێ وا بە دەم ڕەشمارەوە
سەر ئەگەر سەودازەدەی مەیلت نەبێ بۆ وا ئەبێ
هەر وەکوو نووکی قەڵەم بخرێتە سەر پەڕگارەوە
باوەڕت بێ تا کەسێ تامی فیراقی دڵ نەکا
قەدری وەسڵی لا نییە وەک مەی بەدەس مەیخوارەوە
شۆڕشی بازاڕی عەشقت شۆڕشێکە بێنەزیر
سا مەگەر دەوری فەلەک بیکا بە بەزمی شارەوە
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/6/12 ـدا کاتژمێر 0:10 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|