✓ سەیید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

بەندی قەیدی هیجرەتم ئەی سەروی ئازادم وەرە
زار و غەمباری جەفام، دڵداری دڵشادم وەرە

گەر لە عیلمی عاشقی وا هیچنەزان و کاهیلم
زوو بە عیشوەی چاوەکانت کە بە ئوستادم وەرە

من زەلیلی دەستی جەوری ناکەسانی سوفلەخووم
کەلبی دەرماڵی ئەتۆم ئەی غەوسی بەغدادم وەرە

ها لەدووم کەوتن بە هووها و لەعنەت و بەرد و جنێو
گیان و ماڵم بێ فیدات سا مەحزی ئیمدادم وەرە

من لە ڕێ وێڵم لە سارای گومڕەهیدا سەرنگوون
بێکەس و خوار و مەلوولم، قوتبی ئیڕشادم وەرە

بۆ شیفای زامی دەروونی پڕ لە زووخم مەرهەمێ
بۆ سەفای حاڵی حەزین و ڕەنجی بەربادم وەرە

بۆ خەلاسی «تاهیری» مەحزوون لە حیرمانی ویساڵ
چاوەنواڕی لوتفەکەی تۆم خۆت بخە یادم وەرە

Kurdish_Poetry