✓ سەیید تاهیر هاشمی (1915 - 1991)

ئەمان لەو کاتە کە یارم بە عیشوە لەنجە دەنوێنێ
هەڵئەستێ، هەڵدەکا چاک، مەی دەڕێژێ، ساغەر ئەشکێنێ

دەچێت و من لەسەر ئاگر ئەبرژێم ئاخۆ کەی بێ ئەو
دووبارە بێتەوە، حەققم لە دەستی هیجر بستێنێ

کە کێشای خەنجەری ناز، دەس لە من هەڵگر نییە تاوێ
مەگەر دەستی شەکەت بێ و شێوەیی مروەت بەجێ بێنێ

فیدای ئەو مەستییەم وا ڕێگەیی مەیخانە کەج ناکا
لەگەڵ شەحنەش ئەگەر تێ هەڵبچێت و دەستی بپسێنێ

چ قەسرێ بوو خودایا دوێنێ شەو من گەیمە قاپی ئەو
کە دەربانی بە قەیسەر داغی چەندین ساڵە دەڕژێنێ

لە ترسا مانگی چواردە مووی هەموو ئەعزای ئەبێ سنگ سنگ
هەتاوی من لە ئاسۆی حوسنەوە گەر ڕوویی هەڵبێنێ

لە خوێنی خۆت دە «تاهیر» جامی بادەی نابی بۆ تێ کە
کە بادەی خوێنی تۆی گەر دەس کەوێتن ناچێ بۆ شوێنێ

Kurdish_Poetry