٤٥٣٨
✓ دڵدار (1918 - 1948)
لە حەسرەت دەردی بێدەرمانی دووریت وا پەشۆکاوم
لە شێوانی جەفائامێزی مەئوای دڵ پەشێواوم
ئەزانی چی بە عەقڵ و هۆشی کردم قەشمەری خەلقی
گەلێ جار لێم ئەشێوا، خوایە چی بێ مەبدەئی ناوم
ئەڵێن: شێتی وەفای هاودەردی یاری میهر و دڵسۆزی
ئەڵێم: ڕاستە. ئەلێن: کوانێ؟ لە بەحری حیرەتا ماوم
دڵی خۆم خستە سەر سینی سزاواری و لەبۆتم نارد
کە هاتە بەردەمت داتە دەمی سەگ گوایە هەر خاوم
ڕەقیب و موددەعیش ئێستا بە لاما دێن بە گاڵتە و گەپ
بزانم تا بە زاری فیتنەجۆیی وا نەجووراوم
لە قاقای پێکەنینی فەوزی سەرگەرمی ئەدەن وەختێ
ئەبینن دوو دڵۆپەی ڕوون و گەرمی ئەشکی دوو چاوم
لە ئانی نەزعەتا بووم وشکەسۆفی هات و لێی پرسیم
وەفات چۆنە؟ وتم: بیللا لەسەر عەینی وەفا ماوم
+ بڵاو کرایەوە لە 2022/12/21 ـدا کاتژمێر 19:50 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|