✓ هێمن

کە شێعری تۆ بزاوتی ھەستی ھەستان
ھەموو سەوداسەری سەربەستی ھەستان

لە کوردستان گەلێک شۆڕش بەرپا بوون
کوڕی کوردی بەگژ بێگانەدا چوون

لەمێژساڵە دەڕێژن ئارەق و خوێن
بەڵام داخی گرانم ھێشتە لە کوێن

ئەوێستاش دەردەکورد نەکرا عیلاجی
ئەوێستاش کوردی کۆیلە ماوە حاجی

گەلی کوردت نەبوو ھێشتا نەجاتی
بە خوێنی لاوەکان سوورە وڵاتی

ئەوێستاش دوژمنی لاسار و بەدفەڕ
دەکووژێ کوردی بێتاوان و لاشەڕ

ئەوێستاش ھەر دەمانکەن تیرەباران
دەنەخشێنن بە خوێن کۆڵانی شاران

ئەوێستاش پڕپڕن زیندان لە لاوان
بەغەیری وەی کە کوردن نیانە تاوان

ئەوێستاش گۆڕغەریب زۆرن وەکوو تۆ
ئەوێستاش بێنەسیب زۆرن وەکوو تۆ

ئەوێستاش بێکەس و دوورەوەتەن ھەن
ئەوێستاش شاعیری پیر و ڕەبەن ھەن

ئەوێستاش شێعری وردی کوردی دەدڕن
زمانی شاعیرانی چاکی دەبڕن

بەڵام تۆ دڵنیا بە پیری زانا
بناغێکی وەھات بۆ کوردی دانا

ئیتر سەنگەر بەتاڵکردن مەحاڵە
ئیتر کورد و بەزین خەون و خەیاڵە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry