٣٣٩٦


✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: عەدنان کەریم
  • شیعر: هێمن

پەیامی من بەگوێی ئەم دڵبەرە نازدارە ڕاناگا
نەسیم بێ سیم دەبینێ، شل دەبێ، بەم کارە ڕاناگا

گوتی سەبرت هەبێ دووبارە دێمە دیتنت ئەمما
لە کورتیدا تەمەن، وا دیارە بەو دیدارە ڕاناگا

وەکوو پەروانە دەوری لێ دەدەن لاوانی خۆوڵاتی
گوڵی ئێرە بە ژوانی بولبولی ئاوارە ڕاناگا

نەخۆش و دەردەدار و دڵبریندارم، پەرستارێک
بەحاڵی ئەم دڵە پڕژان و پڕئازارە ڕاناگا

دەکەی ماچی دەم و لێوان ئەگەر هێز و گوڕێکت بێ
دەنا جوانێک بەدەردی ئاشقی بێچارە ڕاناگا

هەتا کۆمتر دەبێ پشتم پتر هەڵدەکشێ مینی ژۆپ
ئیتر دەستم بە داوێنی کچی ئەم شارە ڕاناگا

دەبێ بولبول لە من فێر بێ غەزەلخوێنی، بەڵام چ بکەم
گرفتارم، چریکەم بەو گوڵ و گوڵزارە ڕاناگا

Kurdish_Poetry

٣٣٤٠

 

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: ناسر ڕەزای
  • شیعر: هێمن

وەرە یارم وەرە ئەی تازەیارم
وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم

وەرە ئەی شاپەڕی باڵی خەیاڵم
وەرە ئەی شەوچرای ڕووناکی ماڵم

وەرە ئەی نەونەمامی باخی ژینم
وەرە ئەی شاگوڵی مێرگی ئەوینم

وەرە ئەی «خەج» وەرە ئەی «خاتوو زین»ـم
وەرە با بەژن و باڵاکەت ببینم

وەرە با دامرێ ئاوات و تاسەم
وەرە با بسکەکەت لادا هەناسەم

وەرە سوور بە لەسەر وادە و بەڵێنی
وەرە کورد بە و مەکە پەیمانشکێنی

وەرە ماچم دەیە ماچی خودایی
کە بێزارم لە ماچی سینەمایی

Kurdish_Poetry


٣٣٢٠

 

✓ هێمن

بووینەوە دیل و یەخسیر
وڵاتمان کرا داگیر
ڕاوکەر بوونەوە نێچیر
یووسف خرانە ناو بیر

حکوومەتنیزامییە
تۆزێک ئازادی نییە
ئامانجی دوژمن چییە
قڕکردنی خەڵکییە

دەڵێ فەرمووی فەرماندەر
لە شامەوە تا سەحەر
هەر کەس لە ماڵ هاتەدەر
"کلکش بکن پسر"

داخرا دەرکی ڕۆژنامە
شکاون نووکی خامە
کوردینووسین حەرامە
دوژمن دەڵێ بێتامە

دڕان کاغەز و دەفتەر
گیران شاعیر و نووسەر
کۆمەڵێک بوون دەربەدەر
کۆمەڵێکیش دەسبەسەر

خوێندن بە زمانی خۆمان
سووچ و تاوانە بۆمان
چاپخانە و بڵیندگۆمان
بوونە بەردی بن گۆمان

لەلایەک قاتوقڕە
لەلایەک کوشتوبڕە
هەموو کەس حاڵی شڕە
دوژمن نانودۆبڕە

ئاژان وەکوو سەگی هار
دەخولێنەوە لەناو شار
درۆزن و ڕیاکار
دز و جەردە و بەدکردار

بەرتیلخۆر و گورگەمێش
وەک سەگی سەر خۆڵەمێش
چەنەسووک و دەملەپێش
بە فیشاڵ و کێشەکێش

لە سەقز و لە بۆکان
شین و شەپۆڕە و گریان
تێکۆشەر لەدار دران
قارەمان لەناو بران

لە چوارچرای مەهاباد
لە کانگای بیری ئازاد
دەستی ڕەشی ئیستیبداد
چەقاندی داری بێداد

Kurdish_Poetry

٣٣١٨


 

✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: باسیت حەمە غەریب
  • شیعر: هێمن

وەرە مەیگێڕ دەمەوێ ئەوشۆ خەمی دڵ کەم کەم
لووزەوم بەردە سەرێ نامەوێ جورعەی کەم کەم

تەشەنا بۆتەوە ناسۆری دەروونم دیسان
زامی کۆنە و بە مەیی کۆنی دەبێ مەڵهەم کەم

مشتوماڵی دەوێ ئاوێنەیی ژەنگاوی خەیاڵ
مەست و گێژم کە هەتا گاڵە بە جامی جەم کەم

ئێستە بۆ چاری خەمم گۆشەیی مەیخانەیە جێم
من کە ڕۆژێک دەمەویست میللەتەکەم بێخەم کەم

تا نەڕووخاوە بڵا پڕ بێ لە خۆشی و مەستی
تازە پێی ناوێ ئەمن هۆدەیی خۆم مەحکەم کەم

چۆن نەبەم بۆ مەی و مەیخانە پەنا تێ گەییوم
لەو وڵاتە هەموو شت زۆرە بەنی ئادەم کەم

پیر و زورهانم و ئێستاش دڵەکەم هەر دەیەوێ
سەروماڵم بەفیدای خاڵ و خەت و پەرچەم کەم

داستانی مەم و زین کۆنە، کچێکم گەرەکە
شلکەڕانی بگووشم بۆنی لە سینگ و مەم کەم

من لە جوانی دەگەڕێم تێ پەڕە زستانی دزێو
کچ کە ڕووم نادەنێ، با سەیری گوڵ و شەونەم کەم

شەڕەبایە لە چیاکان و هەوا تووشە دەنا
وەکوو شێتان دەمەویست ڕوو لە چیای ئەستەم کەم

Kurdish_Poetry

٣٢٨٢

 

✓ هێمن

بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر

Kurdish_Poetry

٣٢٣٤

 

✓ ناسر حیسامی

شەهریار لە ئێراندا ڕەنگە لە هەموو شتێک زیاتر بەوە ناسرابێ کە ئەوێنێکی ناکام ژیانی گۆڕی. بە گەنجێتی کەوتە داوی دڵدارییەک و پازدە ساڵ تێیدا سووتا. سەرەنجام پێی نەگەیشت. ئەو کاتی کە ئیدی پیر ببوو شیعرێکی نووسی کە زۆر جار کرایە گۆرانی.

آمدی جانم به قربانت ولی حالا چرا؟
بی وفا حالا که من افتاده ام از پا چرا؟

نوشداروئی و بعد از مرگ سهراب آمدی
سنگدل این زودتر می خواستی حالا چرا؟

ئەو شیعرە هەست و هاودڵیی زۆر کەسی بزواند. شاعیرێکی ڕەنجاو دوای ئەو هەموو ئازارە خۆشەویستەکەی دەلاوێنێتەوە و بە زمانێکی نەرم گلەییی لێ دەکا. گوێگری شیعرەکە بەزەییی بۆ شەهریار دەبزوێ. لە ساڵانی کۆتاییی ژیانیدا زۆر جار وێنەی بڵاو دەکرایەوە کە هەر لەسەر جێگاوبانەکەی دادەنیشت، جلێکی شڕۆڵەی لەبەردا بوو و دەفتەرێکی لەبەردەم بوو لێی دەنووسی. زۆر دڵپڕ دیار بوو. کە شیعریشی دەخوێندەوە لەگەڵی دەگریا. زۆر جار بە دیتنی شەهریار ئەو دیمەنەم وەبیر دێتەوە کە مام هێمن وەسفی خۆیی پێ دەکا:

شاعیری پیری تووڕە و زیزم.

یەکێک لە دوایین شیعرەکانی شەهریار، شیعرێکە باسی پیریی خۆی دەکا و گلەیی و گازندەکانی دووپات دەکاتەوە:
پیرم و گاهی دلم یاد جوانی می‌کند.
دەتوانن شیعرەکە بە دەنگی شەهریار ببیسن... درێژەی بابەت.

درێژەی بابەت

٣٢٢٥

 

✓ هێمن

بۆ کوڕێکی نەبەزیوی کە لە سەنگەردا مرد
نەک بە سەرشۆڕی و بێشەرمی لەسەر نوێن دەگریم

گەنجی کوردی وەکوو گەنجینە لە هەردی خستن
دوژمنم، تاکوو نەزانم هەموو لە کوێن دەگریم

تا وەکوو موڵگە و پێشێلی سوپای دوژمن بێ
کێڵگە پڕپیتەکەم و بەندەنی بژوێن دەگریم

تا گوڵاڵەی گەشی بۆنخۆشی ترۆپکی کوێستان
بە گڕی مووشەکی بێگانە بپروێن دەگریم

بەسیەتی دووبەرەکی و ملهوڕی و لاساری
تا برایانە هەموو پێکەوە نەدوێن دەگریم

تا کرێکار و فەلاح، ڕەنجبەر و ڕۆشنبیر
دەست لە یەک نەگرن و پیاوانە نەبزوێن دەگریم

تاکوو بۆ تۆڵەیی ئەو ڕۆڵە شەهیدانەی کورد
خەنجەری ڕۆڵەیی ئازا هەموو نەسوێن دەگریم

تا بە داسی دەسی ئەو پاڵە بەکارەی کوردی
دڕکوداڵی سەرەڕێ گشتی نەدروێن دەگریم

تاکوو نەسڕێتەوە فرمێسکی هەتیوباری هەژار
تا هەتیو لێوی وەکوو خونچە نەپشکوێن دەگریم

تا بە دەستی پەری ئازادی لەسەر گۆڕی شەهید
گوڵەشللێرە لەگشت لایەکی نەڕوێن دەگریم

Kurdish_Poetry

٣١٨١

 

✓ شێرزاد هەینی

شێرکۆ بێکەس وتی: لە سەردانێکم بۆ سلێمانی وتیان ئەمرۆ لە هۆڵی نەقابەی مامۆستایان کۆڕێک بۆ "هیمن"ـی شاعیر هەیە کە کامەران موکری پێشکەشی ئەکات. ساڵی ۱۹۷۷ بوو. ئەگەرچی سەردەمی ترس بوو؛ بەڵام خەڵکێکی زۆر ئامادە بوون. منیش چوومە کۆڕەکە. من بووم و "حەمەی باقی" بوو و "ڕەئووف بێگەرد". کۆڕەکە دەستی پێ کرد و کامەران موکری لە سەرەتادا وتی من لە ڕێی ئەم شیعرەی "هێمن"ـەوە کە ئەڵێ:

گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لەدەس ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن

زۆرتر شەیدای شیعر بووم. ئینجا هێمن باسی ئەزموونی شیعری خۆیی کرد و گفتوگۆکان گەرم بوون و لێیان پرسی: شیعری کام شاعیرت بەدڵە و کام شیعر بەلاتەوە زۆر جوانترە؟ لەوێدا هێمن ئاماژەی بە شیعرێکی من کرد کە شیعرێکی ڕومانسیی ناسکی منە:

مەدالیای کەمانێکی بچکۆلانەت
دابوو لە سنگ
کە هاتوچۆت
بە بەردەمی مندا ئەکرد
گوێم لێ ئەبوو
کەمان ئەکەوتە لێدان و
ئەشمبینی مەمکەکانت
ورد ورد
سەمایان بۆ ئەکرد

هێمن گوتی ئەگەر شیعری نوێ ئاوا بێت من هەموو ڕوژێ ماچی ئەکەم ...

Kurdish_Poetry 

٣١٦٩

 

✓ هێمن

ئەگەر خەرمانی عومرم ئێستەکانە پاکی با بیبا
بەمەرگی تۆ مچووڕکیشم بەدڵدا نایە با بیبا

هونەر گەر خۆی پەرێشانی نەبایە لەم وڵاتەیدا
بەشی من بۆ دەبوو چارەڕەشی و خانەخەرابی با

لە کوێ حاڵی من و تۆ وا دەبوو ئەی خۆپەرست ئێستا
ئەگەر دنیا ئووسوول و قاعیدە و نەزم و حیسابی با

بە جامێ بادە تێر نابم، گەر مەیلت هەیە ساقی
گڵێنەی خۆم دەنێرمە خزمەتت بۆم تێ کە تا بیبا

وەبەر من نایەڵێ لێرەش مەی و ساقی جەنابی شێخ
دەنا لەولا شەراب و حۆری با هەر بۆ جەنابی با

هەموو عومری ئەبەد تێیدا نییە خۆشی دەمێک مەستی
خدر ئاوی حەیاتی بۆ چ بوو فێری شەرابی با

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry 

٣١٦٣

 

✓ هێمن

ئەی ئەو کەسەی دەتپەرستم و لێم ونی
تۆ خودا نی، تۆ خۆشەویستی منی

لە ئاسمان نی تا وێت ڕانەگا دەستم
لە قاف نی کاڵەی ئاسنت بۆ هەڵبەستم

تۆی لە من ون کرد و منی لە تۆ دوور
ئەو بستۆکەی دوژمن ناوی نا سنوور

© WWW.T.Me/Kurdish_Poetry