٤٦٢٨

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

ئەوا سوڵتانی نەورۆزی سوپای تیپ تیپی هێناوە
ڕەنگاوڕەنگ ژاڵە و نەرگسی لە دەشتا خەیمەیی داوە

بە سروەی بای نەسیم کاوان شکاوە تەختی یەخبەندی
لەلایێ زایەڵەی تەیرە لەلایێ هاژەیی ئاوە

لەلایە زیڕەیی قوڵنگ لەلایێ نەعرەیی شاهین
لەلایێ قیژەیی کۆتر بە چنگی بازی شەهلاوە

لەلایێ خوێندنی سوێسکە لەلایێ قەهقەهەی پۆڕە
لەلایێ قاسپەی کەو تێ لە تەک فەجرا تێکەڵاوە

لەسەر ئەورەنگی زومڕووتی لە سەحرادا ئەڵێن نەرگس
وەکوو سوڵتانی نەورۆزی لەسەر تاجی تەڵای ناوە

دەڵێی ئەگریجەیی پەخش و پەریشانی نیگارانە
شنۆی ئەگریجەیی شەوبۆ ئەشنیۆوە بەدەم باوە

بە ڕەنگی خاڵی ئاوداری سەری گۆنایی گوڵڕەنگە
لە ڕوویی لالە ئەو خاڵەی بە ناز و عیشوە نەخشاوە

چیا ڕازاوەتۆ وەک بووک دەڵێی ئەم بووکە مەخسووسی
کەوای سەوز و کراسی سوور و سوخمەی زەردی پۆشاوە

لەباتی چەتفەیی سورمە بەنەوشە چارەکەی کۆڵیە
چ شیرین تازەبووکێکە بە گوڵ چارشێوی داداوە

بڕۆن یاران تەماشا کەن چەمەن ئارایشی خۆی کرد
بە گوڵ ڕەنگین بووە دێژێ بەهەشت هاتۆتە دنیاوە

لە پرشەی ڕەنگی عاقیقی گوڵەزەردە ئەبێت حەیران
سەحەرگاهان کە خۆر هەڵتێ و ئاو و ئاونگی لێ داوە

بە شوعلەی خۆر ئەڵێی مروارییە شەونم تریسکەی تێ
گوڵەخاشخاش دەڵێی لەعلە و وە یا پیرۆزە ڕژیاوە

تەماشای باغ و گوڵشەن کە دڵی سەد دڵ دەکا حەیران
دەڵێی وا جەننەت و فیردەوس لەسەر ئەرز جیلوەیی داوە

وەکوو ئاوازی سەمتوورە سەحەر بولبول ئەناڵێنێ
بە ڕەنگی کوڵمی مەحبووبە بە پەڕەی گوڵ غونچە پشکاوە

نموونەی پەرچەمی شێواوی پەخشی شۆخی تەننازە
پەشێوی سونبول و نەسرین و سۆسەن وا بە شەیداوە

لەسەر سەفحەی گوڵی شەستپەڕ ئەنووسێ خامەیی سۆسەن
بە ئەمری حەییی دادارە «ئەمین» ئەم ڕەنگە ڕێژیاوە

Kurdish_Poetry

٤٤٤٤

 

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

مەرحەبا ئەی شاهی دەوران، رحمتً للعالمين
مەرحەبا ئەی شەهسواری مەحشەر و سالاری دین
مەرحەبا ئەی مەدحی تۆ یاسین و تاها و والضحىٰ
مەرحەبا ئەی ئەشرەفی مەخلووق و ختم المرسلين

پرتەوی نوورت جیهانی کرد مونەووەر سەروەرا
موعجیزەی تۆ بوو لە غەیبۆ، تاقی کیسرا شەق کرا
ئەو دەمەی شەمسی نوبووەت شوعلەیی دەرخست لە ڕووت
لەو شوعاع و شوعلە، شاها کوفر و زوڵمەت لابرا

ئەی لە نووری تۆ سەراسەر ڕوبعی مەسکوون پڕ لە نوور
وەی لە یومنی تۆ جیهان پڕکەیف و شەوق و پڕسوروور
وەی لە فەزڵی تۆ عەرەب ئەفزەڵتری کافەی بەشەر
وەی لە فەیزی تۆ مەدینە ئێشی ئەقسا و کێوی توور

ئەی نەبی ئوممەتپەناهـ و ئەی ڕەسوولی مونتەخەب
ساحیبی میعراج و تاج و سەروەری عالینەسەب
حاکمی عاسیپەناهـ و شەهریاری موڵکی دین
ئەی ئەمیری بێنەزیر و فەخری ئافاق و عەرەب

ئەی لە ئایینی شەریفت جوملە ئایین پڕشەرەف
ئەی موحەممەد ئیسمی زاتت ئەحمەد و مەحموود لەقەب
لەو دەمەی تەشریفت بردووە عەرشی عالیت کردە فەرش
ئاسمان پڕشەوق و زەوقە، ساکینانی پڕتەرەب

مەسنەدئارایی ڕیسالەت، شەهریاری باشەرەف
شوعلەئەفرووزی نوبووەت، فەخری ئافاق و سەلەف
سەد کەڕڕەت حەددی نییە «مینە» کە مەدحی تۆ بکا
لێک هەتا ئەمرێت ئەڵێ ئەم بەیتە لێل ئاوازی دەف

أنتَ ختم المرسلين، أنتَ إمام المُتَّقين
أنتَ فخر المؤمنين، أنتَ شَفيع المُذنِبين

Kurdish_Poetry

٤٤٠٤

4404

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

نیشانەی زەلزەلەی مەحشەر سەعاتێکە لە دونیادا
کە ئەو نازارە ڕووبەندی ڕووەو مەشریق لە ڕوو لادا

ئەوی وا ئەهلی عیرفانە هەمیشە دەسبەقورئانا
دەڵێت ئەو شۆخە ڕۆژ و شەو سیاچارشێو بە سەردا دا

بەئیمای نیمنیگای نازی بە سیحری چاوی غەممازی
وەها مەعلووم ئەکا نیازی لەگەڵ ئەڕواحی شەیدادا

بە پەیکانی موژەی تیری بە دوو ئەبرۆیی شمشێری
ئەبێ بیکا بە نێچیری هەر ئەووەڵ سەردەسی ڕادا

کە چاوم کەوتە ناوچاوی دڵم کەوتە ئە تۆڕ داوی
غەرەز فەوتا و نرا ناوی وەکوو غەرقێ لە دنیادا

لەلای ئەگریم ئەناڵێنم بەدەم ئێشۆ ئەناڵێنم
بە ڕوو بەرپێی ئەماڵێنم کە ڕووم تێ کا چی ڕووی بادا

وەکوو مەجنوون بە ڕووی زەردۆ مەکانم وا بەسەر هەردۆ
دەپلکێمۆ بەدەم دەردۆ لە کێو و شێو و سەحرادا

...
بە حەڵقەی پەلکی پێبەستم بە تایی زوڵفی سەییادا

وەرە «مینە» دەخیل چارێ ئەگەر بێت و نەکەی کارێ
دەسووتێم هەر وەکوو پووشێ لە کوورەی ئاری حەددادا

Kurdish_Poetry

٤٣٦٨

 

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

موسوڵمانان چییە تەدبیر لە عیشقی مانگی ڕوخسارێ
لە سەد لا کونکونە جەرگم بە تیری دیدەبیمارێ

بە ئەم ئەفغان و هاوارە لە تۆی گۆشەی دەروونم تێ
مەزەننەم وایە زامارە بە غەمزەی شۆخی خوێنخوارێ

لە کونجی سینە دەنگی شیوەنی دڵ تێتە گوێم یاران
گومانم وایە ئەوگار بێ بە تیری چاوی عەییارێ

گرفتارە دڵی زارم بە عیشقی ئەم دڵئازارە
چییە چارە فیداتان بم ڕەفیقان سەد دەخیل چارێ

نەماوە تاقەتی سەبرم بەتاڵە بیر و ئەفکارم
ڕەهاییم بۆ نییە قەتعەن عەزیزم بۆم بکەن کارێ

ئەوەن غەددارە ئەم شۆخە نییە ڕەحمی لە دەرحەق کەس
تەداوی لا نییە یاران لەبۆ زامی بریندارێ

دڵ و جەرگم بریندارە بە تیری چاوی ئەو یارە
نییە دەرمانی دەردم کا خوایا کوا دەواکارێ

وەکوو باران لە چاوم دائەبارێ ئەشکی گوڵناری
دەڵێی لافاوە زووخی دڵ لە وێرانەی دەروون ئارێ

هەمیشە مات و خامۆشم لەبەر شمشێری ئەبرۆی ئەو
زەلیل و وێڵ و سەرگەردان لەبەر زۆری دڵئازارێ

بە زاری با بڕۆم بۆ خۆم بە گریان و بە هاوارێ
زەبوون و مات و مەینەتبار بە ئێشی جەوری زۆردارێ

بە خوێن و زامەوە کەوتۆتە سەر خاک و ئەڵێ «مینە»
ئەمان مردم بە بێخوێن چووم، دەخیلە کوانێ حەقدارێ

Kurdish_Poetry

٤٣٠١

 

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

شەها یاڕەب کە ئەم جەژنەت موبارەک بێت و پیرۆز بێ
هەسێرەی بەخت و ئیقباڵت وەکوو خۆر پرتەوئەفرۆز بێ

Kurdish_Poetry

٤٣٠٠

 

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

بڕۆ نامە بڵێ جەژنە موبارەک بێت و ڕەنگین بێ
لەگەڵ خۆت دۆستت دڵخۆش بێت و دوژمن مات و غەمگین بێ

لە بەر چاوئێشەیە مامە کە «مینە» نایێ بۆ لاتان
منەووەر تالعت دایم بە سانی نەجمی پەروێز بێ

Kurdish_Poetry

٤٢٢١

 

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

وتی بۆ چی نەما هۆشت؟ وتم بە خوا لەبەر چاوت
وتی بۆچ بووی بە مەجنوون تۆ؟ وتم بۆ پەرچەمی خاوت

وتی چی عاشقی کردیت؟ وتم خورشیدی ڕوخسارت
وتی تۆ شێتی چی بووگی؟ وتم بۆ خاڵی نەخشاوت

وتی بۆچ بووی بە دێوانە؟ وتم بۆ بازن و پەنجەت
وتی بۆ چی زەلیلی تۆ؟ وتم کەوتوومە ناو داوت

وتی بۆ چی ئەناڵێنی؟ وتم بۆ غونچەیی لێوت
وتی بۆ چی دڵ ئەوگاری؟ وتم بۆ قامەتی لاوت

وتی مات و سەراسێمەی؟ وتم بۆ گەردنی سافت
وتی حەیرانی چی بووگی؟ وتم گیان شەوقی ناو چاوت

وتی بۆ چی وەها شەیدای؟ وتم بۆ باغچەیی لیمۆ
وتی کوانێ؟ وتم سینگت لەژێر سوخمەی ترازاوت

وتی هاوار ئەکەی بۆ چی؟ وتم بۆ قامەتی سەروت
وتی دێژی برینداری؟ وتم کەوتوومە بەر ڕاوت

وتی هەڵسە لەگەڵما بێ، وتم مومکین نییە حەپسم
وتی زەنجیر لە پێتایە؟ وتم پێپلکی هووناوت

وتی «مینە» هیلاکی تۆم، وتم قوربان دەوام سەهلە
وتی چی بێ دەوات بیکەم؟ وتم ماچێ لە بەر چاوت

Kurdish_Poetry

٤٢٢٠

 

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

موددەتێکە بۆ ئەهالی کوردی جەرگم لەتلەتە
ئاو لە چاوم سەر ئەکا دێژی شەپۆلی سەر شەتە

دائیما ویردی زوبان و فکر و دڵمە ئەم قسە
بێ زەمانێ تا نەجاتمان بێ لەژێر ئەم زیللەتە

بووین بە جێتانەی حەسوود و خۆشدەماغی دوشمنان
بەختە هەڵسە وەختی ڕەحمە تاکوو کەی ئەم زەحمەتە

پیاوی چاک بن ئیتتحادێ پیاوەکانی کوردسان
خاکی کورد فەوتا نەما هەڵسن زەمانی فورسەتە

حوڕییەتیان دا بە میسر و هەم بە سورییە و عیراق
شەخسییەت دەرکەن لە بەینا ڕۆژی هەوڵی میللەتە

یەکتری تاڵان و کوشتن غایەتێکی باتیلە
شۆڕش و غەوغایی ناوخۆ شیوەیی جەهلییەتە

گشت لەسەر زیادییی یەک بین دەس لە کوشتن هەڵگرن
ئەمڕۆ گشت قەوم و گورووهێ ساحیبی حوڕییەتە

خوێنەوارانمان ئەکەن کۆشش لە شوێن ئەم غایەیە
تا نەجاتی دەن لە ژێری حوکمی غەیر ئەم میللەتە

خوێنەواران بێدەس و هەم ئێوە بێئەفکار و هۆش
کێ بکا داوای حوقووقێ، قوڕ بەسەر ئەم میللەتە

«مینە» ڕۆحی خۆی فیدای بەرپێی شوانەکانتان ئەکا
وەختی خەو ڕابورد و سوبحە، تاکوو کەی ئەم غەفڵەتە

Kurdish_Poetry

٤١٩٩

 

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

زار و زامارم بە غەمزەی تیری چاوی دولبەرێ
وام لە زنجیرا بە حەڵقەی پەلکی گێسووی عەمبەرێ

چینی زوڵفی لابەرێ وەختێ لەسەر خورشیدی ڕووی
قەت میسالی ڕووی بە خورشیدی درەخشان ناکرێ

بێت لەژێر چارشێو دەرخا ڕۆژی کوڵمی خۆی بە ڕۆژ
خۆر لە عەشقی شێت ئەبێ ڕێی مەغریبی بۆ نابڕێ

گیان بەدەس ئەم دولبەرە ئەندەر نیقابە دائیما
گەر لە ڕووی لادا نقابی بێژە عالەم تێکدەرێ

دوو هیلالی یەکشەوەن ساکن لەسەر چەرخی جەبین
یا خۆ دوو ئەبرۆی سیان هەر یەک لە شکلی خەنجەرێ

فتنەیی ئاشووبی عالەم وا بە چاوی مەسیەوە
عشوەیی شیرێکی حەربی غەمزەیەکی نەشتەرێ

هەر دەڵێی ئۆردووی فەرەنگن تیپی برژانگی ڕەشی
بەم ئوسووڵەم من نەدیوە هیچ سوپا و سەرعەسکەرێ

چوون موعەمما ڕەسمی تەعلیمە لەسەر ئەم عەسکەرە
وا بەئیما فێر بوون قورئان ئەخۆی تەعلیم دەرێ

دائما مەشغووڵە تەعلیمیان ئەدا و فێریان ئەکا
تا نەبن موحتاج کە ئەمرێکیان زوبانی پێ کرێ

گەر لەژێر دەسماڵییا دەرخا گەهێ سیای میشکەکەی
سوێن ئەخۆی ڕەشمارە یا خوا تابی میشکە بێ دەرێ

نەرگسی شەهلا لە حەسرەت چاوی بیماری ئەوە
دائما بیمار و گەردەنلارە سەر هەڵناگرێ

لێو وەکوو غونچە لەتیفە پەمبەیی و سوور و سپی
ناوی غونچە پڕ لە گەوهەر خەندە شیرین شەکەرێ

گەردنی سافی وەکوو ئاوێنەیی سافی بلوور
قەت میسالی لۆکسی ئەڵمان بەم بلوورە ناکرێ

دوو هەناری گوڵبەدەم جێگیر لە سینەی سافیا
تۆ بە گوڵیان تێ مەگە هەر گوڵە لەعلی ئەحمەرێ

نافەیی شیرین چ نافێ نافەیی ئاهووی خوتەن
عەترپەخشانە بەدایم وەک لە مشکی پڕ کرێ

سووریی گوڵ ڕەنگ نییە حەیرانی ڕەنگی ڕووی ئەوە
تۆ بە سووری تێ مەگە بیمارە تایە ئەیگرێ

وەسفی سەر تا پای ئەتوانم من بە شیعرێ بۆت بکەم
جوان ئەوەس گشتی بەیان کەم یەک بە یەک مەدحی کرێ

ڕوخ و ڕوو چاوئەختەر و زوڵفعەمبەر و ئەبرۆهیلال
سیمبەر و قەدعەرعەر و لێویش لە گوڵ ناسکترێ

بۆ مەزەی ماچی لە شەهدی لەعلی لێوی بێچەشم
«مینە جاف» سوێن بێ بە قورئان وەختە گیان و دڵ دەرێ

Kurdish_Poetry

٤١٨٣

 

✓ مینە جاف (1911 - 1965)

چوویتە کوێ ئەی نازەنین ئەی ئاهوویی دەشتی خەتا
چوویتە کوێ ئەی دڵشکەن قەدعەرعەری باڵاعەلەم

چوویتە کوێ ئەی دیدەمەس ئەبرۆ هیلالی یەکشەوە
تاووسی خولدی بەرین ئەی بەدری بورجی چواردەهەم

قامەتت سەروی دڵارا لەنجەکەت قومریخەرام
ڕوومەتت خورشیدی ڕەخشان و جەمینت جامی جەم

چوویتە کوێ ئارامی گیان و مایەیی خۆشی و سروور
ئەی فیراقت دەردی کاری و جێگەیی ئەنواعی غەم

موددەتێکە دڵ بە ئێش و دەردی دووریت موبتەلاس
ئیستە کە وام لە ویساڵا نووری هەر دوو دیدەکەم

دەک بە خێر تۆ عەزیزم ڕەببی هەر خێر بێتە ڕێت
«مینە» ـئاسا من ئەڵێم بێ تۆ نەمێنێ ڕۆحەکەم

Kurdish_Poetry