٤٢٢٠
✓ مینە جاف (1911 - 1965)
موددەتێکە بۆ ئەهالی کوردی جەرگم لەتلەتە
ئاو لە چاوم سەر ئەکا دێژی شەپۆلی سەر شەتە
دائیما ویردی زوبان و فکر و دڵمە ئەم قسە
بێ زەمانێ تا نەجاتمان بێ لەژێر ئەم زیللەتە
بووین بە جێتانەی حەسوود و خۆشدەماغی دوشمنان
بەختە هەڵسە وەختی ڕەحمە تاکوو کەی ئەم زەحمەتە
پیاوی چاک بن ئیتتحادێ پیاوەکانی کوردسان
خاکی کورد فەوتا نەما هەڵسن زەمانی فورسەتە
حوڕییەتیان دا بە میسر و هەم بە سورییە و عیراق
شەخسییەت دەرکەن لە بەینا ڕۆژی هەوڵی میللەتە
یەکتری تاڵان و کوشتن غایەتێکی باتیلە
شۆڕش و غەوغایی ناوخۆ شیوەیی جەهلییەتە
گشت لەسەر زیادییی یەک بین دەس لە کوشتن هەڵگرن
ئەمڕۆ گشت قەوم و گورووهێ ساحیبی حوڕییەتە
خوێنەوارانمان ئەکەن کۆشش لە شوێن ئەم غایەیە
تا نەجاتی دەن لە ژێری حوکمی غەیر ئەم میللەتە
خوێنەواران بێدەس و هەم ئێوە بێئەفکار و هۆش
کێ بکا داوای حوقووقێ، قوڕ بەسەر ئەم میللەتە
«مینە» ڕۆحی خۆی فیدای بەرپێی شوانەکانتان ئەکا
وەختی خەو ڕابورد و سوبحە، تاکوو کەی ئەم غەفڵەتە