٤١٣١
✓ مینە جاف (1911 - 1965)
دولبەرا سوێن بێ بە چاوی پڕخوماری کاڵی تۆ
سەد قەسەم بەو بەرق و شوعلەی لەعلی لێوی ئاڵی تۆ
پڕ لە ئاو و خوێنە چاوم ئاری دووریم تێ چووە
دولبەرا بۆ گەردنی بێگەرد و ماوی خاڵی تۆ
قومریئاسا ناڵەناڵم تێ عەزیزم ڕۆژ و شەو
چاوەکەم بە خوا لە عەشقی بەژنی نەونەهاڵی تۆ
لەو دەمەی کردت بە پەرژین پەرچەمت بۆ شەمسی ڕووت
ئەلویداعم کرد لە عیرفان لێوە بووم عەوداڵی تۆ
هەر وەکوو مەجنوون ئەسووڕێمۆ لە دەشتی عەشقتا
سەر بەبێهۆشی نیگارا بۆ قەدی شمشاڵی تۆ
گەر دەپرسی حاڵەکەم شێواوە وەک زوڵفی سیات
بۆ پەشێوی ئەگریجەی خاوت لەژێر دەسماڵی تۆ
«مینە»یی بێچارە مەعلوومە کە ئەو سەنعانسفەت
وا بە کێو و هەردەوە بۆ بازن و خڕخاڵی تۆ
ڤەژینبوکس