٤٤٨٨
✓ نالی (1800 - 1877)
گەر بازی نەزەربازی، لەم دەست و نیگارەت چی
بۆ یاری و دەسبازی، لەم ڕاو و دیارەت چی
گەردنکەچی زوڵفی بووی، سا دڵ مەدە بەر موژگان
وا خۆت لە تەناف داوە، ئیتر لە قەنارەت چی
ئەو چاوە کە هەڵدێنی، سەد عەربەدە دەنوێنی
هەر ڕۆحە کە بستێنی، لەم غەمزە دوبارەت چی
گەنجینەیی نێو سینە، ڕەنگینە بە سەد کینە
ئەی لەککەیی ئایینە، یا ڕەببی بەغارەت چی
موژدەی قەدەمی سەر بوو، دڵ هات و لە ڕێدا چوو
جان ماوە لەبۆ وەسڵی، بدرێ بە بەشارەت چی
وا خوانی کەناری من بۆ نوقڵی دەم و ماچە
ئەی لووتەخۆری تەکیە، سا تۆ لە کەنارەت چی
بۆچ ماییلی تەنهایی سەودایەکە خۆڕایی
ئەی مەردومی بینایی، لەم کولبەیی تارەت چی
«نالی» خۆشە نەومیدی، دڵبەستە مەبە ئیدی
گەر عاشقی تەجریدی، لەم یار و دیارەت چی
+ بڵاو کرایەوە لە 2022/6/5 ـدا کاتژمێر 23:26 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس