٤٤٨٥
✓ میرزا غەفوور (1870 - 1938)
ئەی موسڵمانان عیلاجێکم بکەن شەیدایە دڵ
کوشتەیی خاڵی سیاهـ و پەرچەمی تاتایە دڵ
والە و سەرگەشتە و حەیرانم وەکوو مەجنوون لە چۆڵ
عاشقی خاڵ و خەت و ڕوخساری مەهسیمایە دڵ
عیزەتی نەفس و حەیاتم بۆ نەماوە زەڕەیێ
مەست و مەدهۆش و زەدەی تیری موژەی لەیلایە دڵ
چی لە گوڵشەن داوە، هەر کەس فیکر و هۆشێکی ببێ
مایلی گوڵدەستەیی شاهی جیهانئارایە دڵ
گەشت و گوڵزاری جیهان بێسوودە، عەیش و لەززەتی
بەستەیی بەند و کەمەندی موشفیقی مەولایە دڵ
ئارەزوو ناکەم مەتاع و ماڵی دنیای دوونپەرەست
مایلی جام و سوراحی و بادەیی سەهبایە دڵ
شین و فەریادی سبەینانی هەدەر چوو عەندەلیب
خاڵە «میرزا» ـش جانفیدایی کۆی شەهی بەغدایە دڵ
+ بڵاو کرایەوە لە 2022/5/30 ـدا کاتژمێر 23:11 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|