٤٤٨٦
✓ قانع (1898 - 1965)
سەرخۆشم پەروام نییە، بێباک ئەڵێم با بێ شەراب
سێوی ترش و پرتەقاڵ و هەم هەنار یا خۆ کەباب
بۆ مەزەی مەی، بێنە ساقی، لازماتی نۆشی مەی
مەجلیسی بەزمم تەواو کە، بێنە دەی ساز و ڕوباب
بەپەلە سووڕێ بدە، با سەرگران بن مەجلیسم
شۆڕشێ پەیدا بکە، دڵ بێتە حاڵی ئیزتراب
بەزمی کەیخوسرەو بینا کە تا سبەینێ ساقیا
بیرە و ویسکی و مەزە و قۆنیاخ و ئارەق هەم شەراب
گشتم بۆ ئامادە کە تاکوو بەوێنەی ئەنوەران
سەیری ئەم دونیایە کەم، لاچێ لە پێش چاوم حیجاب
چوون منەووەر شارەزای سەرکەوتنن، تەرفیع ئەکەن
شەرتی ئەووەڵیان شەرابە و کەیف و سەیران و حیساب
عومری بێهوودەم بەسەر برد، ئێستە بیرم کەوتەوە
هیچنەزان بوون باپیرانمان، ماڵسووتاو، خانەخەراب
«قانعا» تۆش خۆت منەووەر کە بە شێعری فەشقیات
گوێ مەدە هەرگیز بە دنیا، دڵفەرەح بە و کامیاب
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2022/6/1 ـدا کاتژمێر 22:57 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس