٣٢١٠

 

✓ شەیدا

بە خۆم و خامەکەم یادی ویلادەت یارمە ئەمشەو
خەیاڵی تازە وەسفێکی گوڵ و دڵدارمە ئەمشەو

چ حەددێکی هەیە گوڵ خۆی بە حوسنی ئەو بشوبهێنێ
لەلای من خەرمەنی گوڵ یەک بە یەک وەک خارمە ئەمشەو

لەسەر خاکی بەری پێیا بەئومێدم سەرم دانێم
بە تەخت و بەختی کەی هەم جامی جەم من عارمە ئەمشەو

خەیاڵم جەمع و شەوقی مەشقی عەشقی حەزرەتی یارە
کە مەیلی بەزمی مەجلیس هەم نەشەی ئەشعارمە ئەمشەو

لە میهر و سۆزی ئەو دڵدارە من ئەمشەو دڵم خۆشە
کە مەدحی حەزرەتی فەخری دوو عالەم کارمە ئەمشەو

ئەگەر لوتفێ بفەرموێ ئەو شەهی خاوەن مەقام و جا
کیفایەتمە بە دڵ چون ئارەزووی دیدارمە ئەمشەو

بەیادی نیونیگاهێکی شیفابەخشی لەگەڵ دڵدا
عەجەب گریان و شین و ناڵە و هاوارمە ئەمشەو

بە دڵ من چاوەڕێم ساحەی دڵ و سینەم موعەتتەر کا
کە یادی نێوی ویردی سەر زمان و زامە ئەمشەو

منی «شەیدا»ـی جەماڵی ئەو تەماداری نەسیمێکم
کە بێشک مەرهەمی دەردی دڵەی زامارمە ئەمشەو

Kurdish_Poetry 

٣٢٠٩

 

✓ بێخود

لە ئەووەڵ و لە ئاخرا مەداری ئەنبیایە ئەو
لە باتین و لە زاهیرا حەبیبی کیبریایە ئەو
کە چونکە لای خودا قسەی بەڕاستی ڕەوایە ئەو
دە موژدە بێ لە ئوممەتی کە گەورەیێکی وایە ئەو
لە ڕۆژی مەحشەرا تکای هەموو گوناهکار ئەکا

پەیەمبەرێ کە باعیسی وجوود و خەلقی عالەمە
کە تاقەسواری عەرسەیی شەفاعەتە و موسەللەمە
کە زام و هیجر و میحنەتی سروور و وەسڵ و مەرهەمە
لە هەفتخوانی سینەدا موژەی خەدەنگی ڕۆستەمە
لە فەتحی خەیبەری دڵا برۆی لە "ذوالفَقار" ئەکا

شەها بە غەیرەتت قەسەم دەمێکە دیلە ئوممەتت
بەدەس عەدووی دینەوە عەجەب زەلیلە ئوممەتت
لە خەستەخانەیی غەما وەها عەلیلە ئوممەتت
بە چیهرەزەردییا ئەڵێی دوچاری سیلە ئوممەتت
دەوایی ڕەحم و لوتفی تۆ هەمیشە ئینتیزار ئەکا

خۆش ئەو دەمەی کە ڕۆژ و شەو تەواف ئەکا ڕەواقی تۆ
خۆش ئەو سەرەی کە کەوتبێ لە کووچە و سوقاقی تۆ
بە تیکە تیکە بێ دڵێ کە نەیبێ ئیشتیاقی تۆ
حەیاتی من ویساڵی تۆ، مەماتی من فیراقی تۆ
بەڵێ پەری خەیاڵی تۆ عیلاجی شێت و هار ئەکا

Kurdish_Poetry 

٣٢٠٨

 

✓ ئەخۆل

ئەگەر چاوم لە تۆ جوانتر کەسێکی دی هەتا ماوم
ئەڵێم خوایە لە ئەو دونیاش بەساغی هەڵنەیە چاوم

Kurdish_Poetry 

٣٢٠٧

 

✓ سوارە ئیلخانیزادە

ڕێگەمان دوور و سەخت و قاقڕە
خۆشەویستەکەم
ئێمە نوێنەری خەباتی ڕۆژهەڵات
ڕۆژهەڵاتی سووری ئاگرین
فێر نەبووین بەزین و دابەزین
ڕانەهاتووە
چاوی قارەمانی کورد
بە شەونمی گرین

Kurdish_Poetry 

٣٢٠٦

 

✓ مەحوی

بە حەق هەر حەق بە ناحەق ناحەقم وتووە لە ڕۆژێ بووم
وەکوو مەنسوور ئەگەر بیشمکوژن ناکەم لە حەق لادەم

Kurdish_Poetry 

٣٢٠٥

 

✓ بێهجەت یەحیا

گوێ بگرن ئەی هەموو جیهان، ئەوە سنووری ئێمەیە
گەر کوردستان پێویستی بێ، هەموو کوردێ پێشمەرگەیە

درێژەی بابەت ...

Kurdish_Poetry 

 

درێژەی بابەت

٣٢٠٤

 

✓ نالی

قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆشمروور
ئەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری شارەزوور

داخڵ نەبی بە عەنبەری سارایی خاکوخۆڵ
ھەتا نەکەی بە خاکی سولەیمانییا عوبوور

  • بەشێک لە نامەیەکی شاعیری گەورەی کورد «نالی»ـیە بۆ کوردستان کە ڕەوانەی «سالم»ـی شاعیری کردووە. لە سەرەتای نامەکەدا نالی بە «بای سەحەر» ئەڵێ ئەم نامە ببە بۆ شارەزوور. لە درێژەی شیعرەکەدا دەڵێت ئەی بای سەحەر هەتا هەواڵ بۆ سلێمانی نەبەیت و بەوێدا تێ نەپەڕی نەڕۆیتە ناو خاکوخۆڵ... هەردوو نامەکەی نالی و سالم بە بنچینەی ئەدەبی کوردی هەژمار دەکرێن و لێکۆڵینەوە و تێڕوانینی جیاوازیان بۆ کراوە. نالی لەو کاتەدا لە خاکی غەریبیدا ژیانی بەسەر بردووە. خاکوخۆڵ دێیەکە لە شارەزوور و نالی لەوێ لەدایک بووە و ژیاوە.
  1. دەقی نامەکەی نالی بۆ سالم
  2. وڵامی سالم بۆ نامەکەی نالی

Kurdish_Poetry 

٣٢٠٣

 

✓ سالم

جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر
ئەی پەیکی موستەعید لە هەموو ڕاهی پڕخەتەر

ئەی میروەحەی جەماڵی مەهاسای دڵبەران
وەی شانەزەن بە کاکۆڵی تورکانی سیمبەر

جاڕووکەشی مەنازیلی جانان لە خەڵوەتا
فەڕڕاشی فەڕشی سەبزە بەهاران لە دەشتودەر

ماڵش دەدەی بە دەم لە دەمی خوابی سوبحدەم
هەم زوڵفی قیرگوونە و هەم چیهرەیی قەمەر

باری لە سروەکەت بە شنەی ئەنگەبینی گەز
کردوویە جونبوشت بە هەماغووشی نەیشەکەر

وەختی تەوافی عاریزی دڵبەر شنۆیی تۆ
لەغزش دەخا بە توڕڕە لە سەر تا بە پێی کەمەر

کەی دێتە خەندە غونچەدەمێ بێ وەزیدەنت
گەر تۆ نەبی درەختی چەمەن ناگرێ سەمەر

ئەحیاکونی جەمیعی نەباتاتی عالەمی
ڕەعنا کشا لە تەربیەتت قامەتی شەجەر

ئابی حەیاتە ئاتەشی ئەفسوردەیی دەمت
تەحریکی تۆیە گڕ لە تەنوورا کە دێتە دەر

میحنەت ئەوەندە زۆرە هێندە دڵم تەنگ بووە
دوودی هەناسەیی سەحەرم هەوری گرتە بەر

هیممەت کە چابوکانە بە ئیجرایی مەتڵەبم
لەم سەر بڕۆ وەکوو بەرید و لەوێ بێ وەکوو تەتەر

بۆ موڵکی شامە نامەیی من سوویی «نالی»ـیە
هەر حەرفی ئەو لە وەزعی ویلایەت دەدا خەبەر

پرسیویە زاهیرەن لە ڕەفیقانی یەکجیهەت
ئەحواڵی ئەسڵی شەهر و موقیمانی سەربەسەر

لەو ساوە حاکمی بە ستەم دەربەدەر کرا
نەیدیوە کەس لە چیهرەیی کەس جەوهەری هونەر

تا بوو بە جایی مەتلەعی خورشیدی موڵکی ڕۆم
سووتا گیاهی تیشنە و خوشکیدە بوو شەجەر

ناکەن هەوایی هیچ کەبابێ زەلیلی شەهر
بوریانە بەس لە ناری غەما پارەیی جگەر

جوز گاهی ئاھ و گریە لە ئەییامی ڕۆمییا
نەمدیوە وا ببێ لە فەرەحدا لەبی بەشەر

سەیوان پڕە لە شەخسی ستەمدیدە خوار و ژوور
هەر قەبری پڕغەمانە لە هەر لا دەکەم نەزەر

جێی تورکەکانی ڕۆمە دەر و ژووری خانەقا
غافڵ هەموو لە جایی موریدانی باخەبەر

ئەو حەوزە پڕ دەبوو کە وەکوو چاوەکانی ئەو
تەغییرە ئاوی وەک دڵی مەردانی پڕکەدەر

ئەو دەشتە جایی یاریی یارانی حوجرە بوو
یەکسەر مەقامی ڕۆمییە هەروەک تەهی سەقەر

سووتا دڵم بە حاڵەتی جۆباری سەرچنار
لێڵاوە چەشمەساری وەکوو چاوی بێبەسەر

زستانی ئەووەڵین بوو دڕا بەرگی شێخ هەباس
ڕۆمی ئەوەندە شوومە لە شەخسیش دەخا زەرەر

وەک پیری خوردساڵە خەمی داری پیرمەسوور
مەشغووڵی لەغزشە هەمەجا پای تا بەسەر

ئەو بەردەکانی ناوی نرا قسنی شەخسەکەی
دایان بە شاخ و دارەکەیا تورکی بێهونەر

وەک چاوی بێ غەمانە هەموو شیوی ئاودار
بەس موشکلە لە چەشمەیی ئەو قەترە بێتە دەر

ئەوسا مەکانی ئاسکە بوو کانی ئاسکان
ئێستە لە دەنگ و ڕەنگی ئەڕۆمی پڕە لە کەر

ئەمڕۆ فەزایی بازیگەھ جایی ڕەهزەنە
لەو دەشتە دێ لە غەیبەوە ئاوازی ئەلحەزەر

تا دوزدجۆیی نیمەشەبن تورکی بێ نیزام
دوزدن هەموو لە خەرمەنی مونعیم وەکوو شەرەر

شەهرێکە پڕ لە زوڵم و مەکانێکە پڕ لە شین
جایێکە پڕ لە شۆر و وڵاتێکە پڕ لە شەڕ
سەربانی پڕ لە کەژدوم و دیواری پڕ لە مار

گەودالی پڕ لە ڕەهزەن و سەحرایی پڕخەتەر

دڵ نایەڵێ بڵێم چییە سامانی حوجرەکەی
هەر تۆڕی عەنکەبووتە حیجابی بیرون و دەر

نایێ سەدا لە پەنجەرەکەی جوز فیغانی جوغد
غەیرەز شەقامی مووری نییە شوێن و پێگوزەر

توو خوا بڵێ بە حەزرەتی «نالی» دەخیلی بم
بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر

ئەم موڵکە نەزمی نابێ بەبێ زەبتی واریسی
بێ ئەو بەقەسدی ئەم تەرەفە با نەکا سەفەر

«سالم»ـسیفەت لە بێکەسییا با نەبێ هیلاک
من کردم ئەو نەکا لە غەما خوێنی خۆی هەدەر

Kurdish_Poetry 

٣٢٠٢

 

✓ نالی

  • دەقی نامەکەی نالی بۆ کوردستان کە ڕەوانە سالمی کردووە.

قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆشمروور
ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور

ئەی لوتفەکەت خەفی و هەواخواھ و هەمدەمە
وەی سروەکەت بەشارەتی سەرگۆشەیی حوزوور

ئەی هەممیزاجی ئەشکی تەڕ و گەرمی عاشقان
تۆفانی دیدە و شەرەری قەلبی وەک تەنوور

گاهێ دەبی بە ڕەوح و دەکەی باوەشێنی دڵ
گاهێ دەبی بە دەم دەدەمێنی دەمی غوروور

مەحوی قەبووڵی خاتری عاترشەمیمتە
گەردی شیمال و گێژی جەنووب و کزەی دەبوور

سووتا ڕەواقی خانەیی سەبرم، دڵ و دەروون
نەیماوە غەیری گۆشەیی زیکرێکی یا سەبوور

هەم هەمعەنانی ئاهم و هەم هەمڕیکابی ئەشک
ڕەحمێ بەم ئاھ و ئەشکە بکە هەستە بێقوسوور

وەک ئاهەکەم دەوان بە هەتا خاکی کۆیی یار
وەک ئەشکەکەم ڕەوان بە هەتا ئاوی شیوەسوور

بەو ئاوە خوت بشۆ لە کودووراتی سەرزەمین
شاد بن بە وەسلی یەکدی کە تۆی تاهیر ئەو تەهوور

ئەمجا مەوەستە تا دەگەییە عەینی سەرچنار
ئاوێکە پڕ لە نار و چنار و گوڵ و چنوور

چەشمێکە میسلی خۆر کە لە سەد جێ بە ڕۆشنی
فەورانی نووری سافە لەسەر بەردی وەک بلوور

یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا کە وا
ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شەهابی نوور

یا چەشمەساری خاتری پڕفەیزی عاریفە
یەنبووعی نوورە دابڕژێنێ لە کێوی توور

دەموت دوو چاوی خۆمە ئەگەر بەکرەجۆیی ئەشک
نەبوایە تیژ و بێسەمەر و گەرم و سوێر و سوور

داخڵ نەبی بە عەنبەری سارایی خاکوخۆڵ
هەتا نەکەی بە خاکی سولەیمانییا عوبوور

یەعنی ڕیازی ڕەوزە کە تێدا بە چەن دەمێ
موشکین دەبی بە کاکۆڵی غیلمان و زوڵفی حوور

خاکی میزاجی عەنبەر و داری ڕەواجی عوود
بەردی خەراجی گەوهەر و جۆباری عەینی نوور

شامی هەموو نەهار و فوسوولی هەموو بەهار
تۆزی هەموو عەبیر و بوخاری هەموو بوخوور

شارێکە عەدل و گەرمە لە جێگێکە خۆش و نەرم
بۆ دەفعی چاوەزارە دەڵێن شاری شارەزوور

ئەهلێکی وای هەیە کە هەموو ئەهلی دانشن
هەم نازیمی عوقوودن و هەم نازیری ئوموور

سەیرێ بکە لە بەرد و لە داری مەحەللەکان
دەورێ بدە بە پرسش و تەفتیش و خوار و ژوور

داخۆ دەروونی شەق نەبووە پردی سەرشەقام
پیر و فوتادەتەن نەبووە داری پیرمەسوور

ئێستەش بە بەرگ و بارە عەلەمداری شێخ هەباس
یا بێنەوا و بەرگە گەڕاوە بە شەخسی عوور

ئایا بە جەمع و دائیرەیە دەوری کانی با
یاخۆ بووە بە تەفریقەیی شۆڕش و نوشوور

سەیوان نەزیری گونبەدی کەیوانە سەبز و ساف
یاخۆ بووە بە دائیرەیی ئەنجومی قوبوور

ئێستەش مەکانی ئاسکەیە کانی ئاسکان
یاخۆ بووە بە مەلعەبەیی گورگ و لوورەلوور

ئێستەش سوروشکی عیشقی هەیە شیوی ئاودار
یاخۆ بووە بە سۆفیی وشکی لە حەق بەدوور

داخۆ دەروونی سافە گوڕەی ماوە تانجەرۆ
یاخۆ ئەسیری خاکە بە لێڵی دەکا عوبوور

سەیرێکی خۆش لە چیمەنی ناو خانەقا بکە
ئایا ڕەبیعی ئاهووە یا چایری ستوور

سەبزە لە دەوری گوڵ تەڕە وەک خەتتی ڕوویی یار
یا پووشی وشک و زوورە وەکوو ڕیشی کاکە سوور

قەلبی مونەووەرە لە حەبیبانی نازەنین
یا وەک سەقەر پڕە لە ڕەقیبانی لەندەهوور

دەسبەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن
یا حەڵقەیانە سۆفی ملخوار و مەندەبوور

مەیلێ بکە لە سەبزەدرەختانی مەدرەسە
ئەوراقیان موقەددیمەیی شینە یا نە سوور

حەوزی پڕی کە نائیبی دیدەی منە لەوێ
لێڵاوی دانەهاتووە وەک سەیلی شیوەسوور

ئێستەش کەناری حەوشەکە جێی باز و کەوشەکە
یاریی تیایە یا بووەتە مەعرەزی نوفوور

چاوێ بخە لە سەبزە و سێرابی دائیرە
جێ جیلوەگاهی چاوەکەمە نەرمە یا نە زوور

توخوا فەزایی دەشتی فەقێکان ئەمێستەکەش
مەحشەرمیسالە یا بووەتە چۆڵی سەلم و توور

واسیل بکە عەبیری سەلامم بە حوجرەکەم
چی ماوە چی نەماوە لە هەیوان و تاق و ژوور

ئەو غاری یارە ئێستە پڕئەغیارە یا نە خۆ
هەر غاری یارە یا بووەتە غاری ماروموور

زارم وەکوو هیلال و نەحیفم وەکوو خەیاڵ
ئایا دەکەومە زار و بە دڵدا دەکەم خوتوور

لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هیجرەتە
دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور

ئایا مەقامی ڕوخسەتە لەم بەینە بێمەوە
یا مەسڵەحەت تەوەققوفە تا یەومی نەفخی سوور

حاڵی بکە بە خوفیە کە ئەی یاری سەنگدڵ
نالی لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور

Kurdish_Poetry 

٣٢٠١

 

✓ قسەی خۆش با ون نەبێ

لە شوێنێکدا دوو سێ کەس پێکەوە بووین. ھاوڕێیەکمان ھەبوو تۆزێ منگ بوو، جا وا بزانم خەتای لووتی بوو، چونکی ھەندێ وشەی بە لووت ئەوت. ڕۆژێ چوومەوە بۆ ماڵ و درگام کردەوە و ئەو ھاوڕێمە لە حەمامە و دەنگی دێ و لەبەر خۆیەوە ھەر ئێژێ: ھانێ گون ... ھانێ گون ... ھانێ گون ... جار بۆ جاریش دەنگیشی بەرز دەکردەوە. سەرەتا گومانم لا درووست بوو، کەمێ وەستامەوە دیتم بە ئاوازەوە ئێژێتی و لە گۆرانی ئەچێ. ھەمووی چەند چرکەیەکی پێ چوو. ئاخرەکەی باش بوو و خوا ڕەحمی کرد بەقیەکەشی وەبیر ھاتەوە و وتی: ھانێ گون، چەپکێ گون، بیدە نە بەن یەخەکەو ... با نەژاکێ گونی تازە و تەنکەکەو، نازاوە بێ پەنچەم و ئەگنیجەکەو ...! لەگەڵ ئاوازەکەشیا دەنگی دووشەکەش ھات. ئیدی خاترجەم بووم ئەو دووش ئەگرێ و لە حەمام دەنگی خۆی خۆش ھاتووەتە گوێی و ئاوا خەریکە گۆرانییەکەی حەمەجەزای ڕەحمەتی ئێژێتەوە. ھۆگری ئەو گۆرانییەش بوو، بەڵام دوایی ئەیزانی ئێمە کەیفمان بە گۆرانییەکەی دێ، ھەرچییەکمان ئەکرد نەیەوتەوە. ناچار جاروبار بەدزییەوە گوێمان لێ ئەگرت.

  • مەبەست گاڵتە بەکەس نییە، تەنیا بیانوویەکە بۆ پێکەنین.

Kurdish_Poetry