٣٠٠٩

 

✓ مەزڵووم

جەژنم غەمە، یاخود ئەسەف، بادەم تاڵە وەک زەھری مار
تەنسوختە و دڵحەزینم لە فیرقەتی یار و دیار

تەنزامدار و دڵسپێرم لەبۆ تەعنەی ڕەقیبانم
کونکون بووە جەرگ و دڵم، ھەر وەکوو نەی ئەکا ھاوار

لە ڕاستیدا من کەسێکم لەناو ئۆردووی دەرد و غەما
فەقەت ئەمرۆ بەرزە شانم، فەریق و سپەهسالار

ئەوسافی خۆم گەر بەیان کەم لەبۆ ئیوە بەموختەسەر
گەهـ فاعیل و گەهـ عامیلم، گاھی جامباز لە ناوی شار

غەمم زۆرە، غەمی ئێوەش کە بێمەیلن بۆتە سەربار
خوایە دوور بن لە موسیبەت، ھەم لە بەڵای ڕەبی سەتتار

دائم ئەڵێم بە ڕۆژ و شەو "أسعد الله أيامكم"
موبارەک بێ لەبۆ ئێوە جەژنی ئەمساڵ ھەر وەکوو پار

با «مەزڵووم»ـیش لە غوربەتا جەژنی غەم بێ و خۆراکی دەرد
بێبەھرە بێ لە دیدارتان ھەتا ڕۆژی دیوانی کار

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٠٨

 

✓ ئەحسەن موفتی

چوارچرا و عەفرین و کەرکووک تا ئەبەد ئامادەیە
هەر وەکوو ئامەد بەجارێ لەو کەسە نەفرین ئەکا

وا کە خاکی ئەم وڵاتەی خستە بازاڕی هەڕاج
وەک هەڵەبجە ئەمڕۆ سەیری شارەکەی عەفرین ئەکا

خاکی کوردستان بەجارێ دەستی خائین تێکی دا
پشت بە تورک و حەشد و دوژمن حوکمی تا حەمرین ئەکا

ڕەببی ڕووی ڕەش بێ نەیاری ئەم گەلە بێ بەختەیە
وا بە هەر ناوێ بگونجێ ئەم گەلە بێدین ئەکا

«ئەحسەن»ـە تا ماوە ژینی لەو کەسە نەفرەت دەکا
ئەسپی شۆخی ئەم وڵاتەم بۆ نەیاری زین ئەکا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٠٧

 

✓ ڕەنج سەنگاوی

  • نامەیەک بۆ عەبادی

من وەک دۆڕاوێکی جەنگ فەرمانەکانت واژوو ئەکەم بەڵام تۆش لە ناخەوە شانازی بە شکۆی خۆتەوە ناکەیت چونکە ئەزانیت ئەوە قارەمانێتی خۆت و سەربازە لەرزۆکەکانت نییە منیان تووشی شکست کرد؛ ئەوە جارێکی تر غەدری جیھان بوو لە من. کەوتنی ماسکی بەھاباڵاكان و داڕمانی پایەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ بوو. ھەموو جارێ چەند ئەتەوێ بەویقارەوە لەپشت چەپکەمایکی تیڤییەکاندا دەرکەویت و جووڵەی مەغروورانە بکەیت. ھەر وەک ئەو دووما و بووکەڵانە دەرئەکەویت کە بە دەزوو ئەیانجووڵێنن کە توند لەژێر مێزەکەوە گرتوویانن تا نەکەون.

من بەویقارەوە ئیمزای سەرکەوتنی تۆ ئەکەم تۆ بەلەرزۆکی پەڕە ئیمزاکراوەکەمم لێ وەردەگریت. نەکەوتنی ئێمە ئەبەدییە، تۆ بە چاوی خۆت کەوتنی دۆمینەی ئاپارتمانەکانت دەبینی یان بەدەستی ئێمە یان ئەوانەی لە گەمەکەدا بۆیان ھەڵچنیت. تۆ کەوتوویتەتە گەمەیەکەوە سەرمەستانە پێ ئەکەنیت، بەلام ئێمە بەڕاستی لە مەراقێکی قووڵداین. تۆ ئەوەی بردووتەتەوە ھی خۆت نییە، بەڵام ئێمە ئەوەی لەدەستمان داوە ھی خۆمانە. کەس لە ئێسکوپرووسکی باوکی خۆش نابێت. ئێمە لە شارەکەی خۆشماندا ھێشتاش دڵمان بەو بازاڕ و گەڕاجانە ناکرێتەوە کە خۆمان گۆڕستانی خۆمانمان بۆ تێک داوە. پێت وا نەبێ ئەوەی دروستمان کرد و تۆ تێکت دایەوە بیرمان ئەچێتەوە. پێویستمان بەو بوغزە بوو کە تیاماندا چاندتانەوە. ئەم جارە خۆمان کۆ ئەکەینەوە جوانتر دروستی ئەکەینەوە. دڵنیا بە ئەوەی بردتان وەری دەگرینەوە. شەوی تۆ ماوە و ڕۆژی ئێمە.

تۆ ھێشتاش کورد ناناسیت. تۆ بە زاری کوردێک تاڵیی ڕۆژگارت نەچەشتووە. ئێمە میللەتێکی دڵتەنگین. تووڕەین لە خۆمان. لە مێژووی خۆمان لە باپیرانی خۆمان لە سەرکردەی خۆمان؛ بەڵام لەرزۆک نین. زۆر جار بەکۆمەڵ کوژراوین. نەک ھەر مرۆڤ شاری شەھیدیشمان ھەیە. بەڵام ھەرگیز لەگەڵ شکست ڕا نایەین. یەکەمین میللەتی دنیا ئێمە بووین ڕەوڕەوەی مناڵمان دروست کرد؛ چونکە تەحەموولی دانیشتنی مناڵی ساوای خۆشمان ناکەین. بۆیە پێت وا نەبێ ئەم دانیشتنەی ئێستامان ھەستانەوەی لەدوا نییە و ھەر وا بە دڵی تۆ ئەبێت. لێرەدا ئیتر با بەس بێت. سەرکەوتنیش ئادابی خۆی ھەیە. پردێک بھێڵەرەوە کە سبەی وەکوو تۆ نەکەین و بەڕێزەوە بەڕێت بکەینەوە بۆ خاکی خۆت.

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٠٦

 

✓ ڕەنج سەنگاوی

نیشتمانێ
پڕە لە نامەی کراوە و گوێی داخراو
چاوی نووقاو
قاقای بێگیانی سەرکردە و
جەرگی سووتاو
میللەتی تەزیو لە سەرما و
لەسەر ئاڵاش وێنەی هەتاو

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٠٥

 

✓ حەریق

خاڵت لە ڕوخت نوقتەیە بۆ مەرکەزی عالەم
زولفی وەکوو قەترەت بە کەشش هاتنە جەولان

بۆ مەتلەعی بورجی قەمەر و شەمسی جەماڵت
کەوتوومە ڕەسەدخانەیی نێو چاهی زەنەخدان

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٠٤

 

✓ نالی

لەو کەسە دینی ئەتۆ نووری دڵ و ئیمانیە
ڕوو بە زوڵفت دامەپۆشە یەعنی کافرسانییە

دڵ کە وا هەم قاسییە هەم عاسییە دوورە لە تۆ
مونزەجیر نابێ کە حوببی تۆ لە قاسیدا نییە

گوێت لە ئاوازی سوروشکی من گرانی گوارەیە
غافڵی لەم دوڕڕی بەحرەین و عەقیقی کانییە

ڕوومەتت شەمعی شەوی قەدرە دڵم پەروانەیە
نەحری مینای ڕۆژی عیدە ڕۆحەکەم قوربانییە

خوێنی سیرفە پێی سەر و دەستت حەنایی کردووە
ڕەنگی دەست و سەر نییە ڕەنگی سەری دەستانییە

دوور لە تۆ «نالی» سەگێکە بێوەفایە هەرزەگۆ
بۆ چی بانگی ناکەی ئەم کەلبە کە نانینانییە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٠٣

 

✓ جەلال مەلەکشا

سنوورەکان بشێوێنن
من تامەزرۆی بۆن و تامی نیشتمانم
چۆن هەنگ شەیدای گوڵەباخە
من دڵداری کوردستانم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٠٢

 

✓ شێرکۆ بێکەس

مافی مرۆڤ
درۆیەک بوو
ڕۆژێ لە ڕۆژان 
لە دەمی هەڵەوەڕی مێژوو دەرچوو

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٠١

 

✓ مەزڵووم

دڵ پەرێشانە لە دووریت بە سێ دەرد ئەی دولبەرم
یەک بە فیرقەت دوو بە هیجران سێ دوژمنی بێفەڕم

بۆ دڵی بیماری من هەر لە دونیا سێ بەڵایە
یەک بریندار دوو نەخۆشی و سێ شەهیدی خەنجەرم

مانعی وەسڵی من و تۆن سێ گرۆهی شەرمەزار
یەک ڕەقیب دوو بەخیل و سێ دوژمنی بێشەرم

مەرهەمی دەردی دڵم هەر لە دونیا سێ دەوایە
یەک تەبیب دوو دەلیل و سێ ویساڵی مەنزەرم

دەردی دڵم گەر دەپرسی لەتلەتی سێ شت بووە
یەک بە تەعنە دوو بە لۆمە سێ بە خەندەی مەحقەرم

ئاهی «مەزڵووم» گەر ئەپرسی بەم سێ وەسفە چارییە
یەک شەهادە دوو شەفاعەت سێ دیوانی مەحشەرم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٣٠٠٠

 

✓ بێخود

دیدەکەم لەو ڕۆژەوە من ئاشناتم ڕۆحەکەم
ئاشنایێکی بە گیان و دڵ فیداتم ڕۆحەکەم

پەڕتەوی ڕووی تۆم کە دی لەو ساوە وەک "روحُ البَيان"
هەر خەریکی سەیری سوورەی "والضُّحى"ـتم، ڕۆحەکەم

تا لە چاوی مورشیدی تۆ بەیعەتم وەرگرتووە
ڕۆژ و شەو مەجزووبی حەوشی خانەقاتم ڕۆحەکەم

دڵ ئەگەر مەفتوونی دانەی خاڵەکەی سەرگۆنەتە
خۆم ئەسیری پەرچەمی داوی بەڵاتم ڕۆحەکەم

تۆ کە لۆرتی حوسنی ئەمڕۆ فەرزە من بێبەش نەکەی
موستەحەققی ڕووت و موحتاجی زەکاتم ڕۆحەکەم

من بە قووتی وەسڵی ئێوارە و سبەینێی تۆ ئەژیم
توخودا تۆش نەیبڕی مووچە و بەراتم ڕۆحەکەم

شەو ئەزانی بۆ چی هەر دەور و خولی ڕووی تۆ ئەدەم
تا بزانی من کە پەروانەی چراتم ڕۆحەکەم

بشمرم خاکم لەپاش سەد ساڵ ئەڵێ وەک سامی نووح
ئەی مەسیحا چاوەڕێی یەک مەرحەباتم ڕۆحەکەم

تووشی تیغی نازی تۆ بووم تازە توخوا لێم گەڕێ
با شەهادەت بێ بە ئەسبابی نەجاتم ڕۆحەکەم

جائیزەی ئەم شێعرە نازدارانە «بێخود» عەرز ئەکا
کافییە بەم نەوعە لوتفت بۆ خەڵاتم ڕۆحەکەم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

 

3000