✓ حەقیقی (1902 - 1996)

«کامیل» ئەو مانگی موبارەک فەڕز و ئەمری بارییە
مانگی نوێژ و تاعەت و سەرفترە وو دیندارییە

لەززەتی ڕۆژوو ئەتۆ تێ فکرە عەینی ڕەحمەتە
خواردنی ڕۆژێ ئەتۆ بڕوانە زەهری مارییە

دەنگی قوڕئانخوێندن و ئەڵڵاهووئەکبەر دێ مودام
کەی لە مانگی دیکەدا تۆ گوێت لە دەنگی قارییە

بیست و حەوتەم حامیلی قورئانە جەبریلی ئەمین
حامیلی وەحیی موبین بۆ ئەحمەدی موختارییە

لەیلەتولقەدرێ کە وا سەف سەف مەلاییک دێنە خوار
دەرکی ڕەحمەت بازە، عاسی! وەختی گریە و زارییە

دەرکی دۆزەخ داخرا دەرکی بەهەشت ئاواڵەیە
موژدە بێ ڕەحمەت دەبارێ باری عامی بارییە

سەیقەلی ژەنگی مسی ساڵێکە سەرفترە و زەکات
مشتوماڵی نەفس و ماڵە سوننەتێکی جارییە

مام مەلای بێچارە، کاروبارێکی دیکەی نییە
یازدە مانگان خەوتووە و ئەو مانگە وەختی کارییە

کاکە گیان ئێستا «حەقیقی» زەوقی جارانی نییە
تەبعی تۆ سەرشارە، ئەمما شێعری من بێعارییە

Kurdish_Poetry