✓ ئەحمەد هەردی

● پێنجخشتەکیی هەردی لەسەر شیعرێکی شێخ نووری

قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو
خۆت نەخەیتە بەر شەپۆلی ئەشکی بێپایانی شەو
ئەی کچی خواوەندی جوانی و ئەی چرای دیوانی شەو
[خۆت بپارێزە لە ئاھی دڵبریندارانی شەو
نەک خواناکەردە گیرا بێ دۆعای ناڵانی شەو]

وێڵم و تاریکە دەورم فەرشی ڕێگەم مەینەتە
بێکەسم تەنیا ئەناڵم مەرگی خۆمم عەزرەتە
سازی ئاھەنگی شەوانم سۆزی جەرگی لەتلەتە
[یاوەر و یاری ئەنیسم ئاھ و ئەشکی حەسرەتە
ئافەرین ئەی بارەکەڵڵا دیدەیی گریانی شەو]

وا نەزانی دەستی خەم یادت لە دڵدا دەرئەکا
ئەشکی خوێنینم دەلیلە بۆ کەسێ باوەڕ نەکا
گیانەکەم بەو تیشکی چاوەی شەڕ لەگەڵ ئەختەر ئەکا
[دڵ ئەبێتە قەترەیێ خوێن و لە دیدەم سەر ئەکا
ھەر کە ڕابوورێ بە دڵما سوحبەتی جارانی شەو]

ھاودەمێ فەرمووی لەبەر چی کردەوەت گریانە ھەر
تافی لاوێتیتە لاوی قەڵبەزەی سەیرانە ھەر
من وتم سەیران و خۆشی پێشکەشی شادانە ھەر
ئەشکی حەسرەت لازمی جەمعی سیابەختانە ھەر
شەونمی سوبحە دەلیلی قەترەیەک گریانی شەو

ھەوڵی زۆرم دا لە داوی زوڵفی ئەو بێمروەتە
دەرچم و دوایی بھێنم بەم عەزاب و مەینەتە
پێی وتم بێسوودە ھەوڵت تاکوو ماوی جێگەتە
[(نووری) لەم پێچ و خەمی زوڵفە نەجاتت زەحمەتە
لای سەخیتەبعان مەحاڵە ڕوخسەتی میوانی شەو]

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry