✓ سیروان موسەننێفی (1976)

هەموو ساڵێک
لە کۆتاییی ڕەشەمەدا
ئەبمە نێرگزی چاوشالای
دەشتی دەرەناخێ و
بەرەو قەڵاجێ ڕێ ئەکەوم.
باخەڵەم پڕ ئەکەم لە هەڵووژەی کاڵ و
بەرەو نژمار ڕێ ئەپێوم.
دەستی کیژێکی ترێڕەشەی
ئەوێش ئەگرم و
بەرەو ئەسحابی نێ ڕێ ئەکەوین
باوەشمان پڕ ئەکەین
لە دۆعای سمۆرەکانی ئەسحاب و
ماسییەکانی زرێبار
هێدی هێدی
بەرەو باخە هەنارەکانی نۆدشە
ئەبینەوە.
لەگەڵ هەنارەکاندا
ئەفڕین و
ئەفڕین و
ئەفڕین
تا ئەگەینە جێژوانی هەڵەبجە
پێکەوە ئەبینە پەیکەری
شەهیدی مام هۆمەر و
به دیواری مێژووی جیهاندا
کوردانە هەڵئەواسرێین.

Kurdish_Poetry