✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: حەسەن دەرزی
  • شیعر: نالی

نەمردم من ئەگەر ئەم جارە بێ تۆ
نەچم شەرت بێ هەتا ئەم خوارە بێ تۆ

دەروونم خاڵییە وەک نەی دەناڵێ
هەوارێکی چ پڕهاوارە بێ تۆ

بیناییم کوێرە هەڵنایێ بەڕووی کەس
موژەم یەک یەک دەڵێی بزمارە بێ تۆ

قەسەم بەو شەربەتی دیداری پاکەت
شەرابم عەینی ژەهری مارە بێ تۆ

لەکن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من
لەکن من خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ

لەکن من با وجوودی ناس و ئەجناس
کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ

هەتا تۆم ئاشنا بووی ئاشنام بوون
ئەمێستا موو بە مووم ئەغیارە بێ تۆ

هەموو ڕۆژێ لەتاو هیجرانی ئەمساڵ
تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ

لە حەسرەت سەروی قەددت چاوی «نالی»
دوو جۆگە بەڵکوو دوو ڕووبارە بێ تۆ

Kurdish_Poetry