٣٠٧٩

 

✓ مینە جاف

ئەم زاڵمە خوێنخوارە وا ڕەسەنە جافە
ئەم شۆخە ستەمکارە وا پڕفەننە جافە

ئەم زوڵفە کە وەک سونبول پەخشانە لەسەر شانی
بەم دیدە کە وەک دیدەی ئاهووی خوتەنە جافە

ڕۆخساری درەخشانە وەک شەمسی درەخشانە
ئەم لێو لەعل بەدەخشانە لێوزەقەنە جافە

گەردەنسپی و ناسک وەک شووشەیی بلووری
گوڵ باغ بەهەشتە، ڕەنگ بێ نازاری منە جافە

تابووری فەرەنگ موژگان، شمشێری دەبان ئەبرۆ
بێڕەحم و ستەمپەروەر گیانکێشی منە جافە

باڵایی دڵئارایە بیعەینی کە تووبایە
ئەڕوا وەکوو ڕم وایە سیمینبەدەنە جافە

باریکە قەدی دێژی شمشادی دەبستانە
لەنجەی کە ئەڵێی قومریی ناوی چەمەنە جافە

نازارە دڵئازارە عەییارە ستەمکارە
غەددارە جەفاکارە دیندوژمنە جافە

ئیمانی نییە قەتعەن ویجدانی نییە حاشا
کافربەچەیە ئەسڵەن ئەو چونکە ژنەجافە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry 

٢٨٦٨

 

✓ مینە جاف

ئیشارەت کە بە برژانگت بڵێ خوێنم بڕێژن زوو
ئەوا مردم لە هیجرانت نەما سەبرم توانام چوو

هەتا کەی بم وەکوو مەجنوون منی بێچارە سەرگەردان
لە عەشقی ماهی تابانت لە چینی پەرچەم و گێسوو

دەمێکە دڵ بریندارە عەزیزم تو خوا سا دەی
بڵێ با زوو لە گیانم کەن جەلاوی دیدەیی جادوو

بە غەمزەی چاوی فەتتانت منی بێچارە ئەوگارم
ئەزانم کوشتنە چارەم دە بیکە چاوەکەم فەرموو

لە حەسرەت قامەتی سەروت ئەوەندە دڵپەرێشانم
ئەناڵێنم وەکوو قومری هەمیشە ویردمە کووکوو

سبەینێ جەژنی قوربانە بەقوربانت ئەکەم قوربان
سەر و ماڵ و دڵ و گیانم بە چاوی تۆ قەسەم هەر دوو

بەحەیرانی ئەسووڕێمۆ وەکوو پەروانەیە «مینە»
لە شوعلەی شەمعی سەر کوڵمت لە عەشقی خاڵەکەی سەر ڕوو

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry