٣٤٦٧


✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: خالید ڕەشید
  • شیعر: پەشێو

سەرمای گەلێ شارانم دی
بەڵام پەنجەم لەگۆ نەچوون
چونکە سەرمای هەموو جێیە
تیشکی ڕۆژی نیشتمانی منی تیایە

گەرمای گەلێ شارانم دی
بەڵام گیانم وەڕەز نەبوو
چونکە گەرمای هەموو جێیە
سروەیەکی نیشتمانی منی تیایە

چاوی کچی ئەورووپایی گەر شینیش بێ خۆشم ئەوێن
وا تێ دەگەم شینترین چاو و سەوزترین چاو لەم دنیایە
تۆزێ ڕەشیی چاوی کچی نیشتمانی منی تیایە

نیشتمانم تۆ وەک تانەی، تۆ وەک تانەی لەسەر چاوم
تۆ وەک تەمی لە گشت لاوە، لە گشت لاوە دەورەت داوم
تۆ ئاوێنەی لەناو تۆدا هەموو دنیا بەدی ئەکەم

تۆ تەیمانی بەهۆی تۆوە هیچ نابینم
نە کەل دەبینم نە زەوی، نە خوا دەبینم نە ئاسمان
جا نازانم نیشتمانم نە جیهان وەک تۆ بچووکە
نە تۆش گەورەی بەقەد جیهان

Kurdish_Poetry

٣٤٦٦

 

✓ وەفایی

دەردەدارم بێزبانم بێدڵم سەوداسەرم
ئاخ لەبۆ دڵمیهرەبانێ هەمزبان و هەمسەرێ

لەحزەیەک یادی خودا ناکا لەبەر عەیشی جیهان
نەفسی کافر وا دەزانێ قەت جیهان ڕانابرێ

بێ شەکەرخەندەی دەمت وەسڵی ڕوخت مومکین نییە
جەننەتم نابێ هەتا نەمشۆن بە ئاوی کەوسەرێ

پێم بڵێ وەجهی چییە زولفت موقیمی ڕوومەتە
خۆ بە شەرعی موستەفا جەننەت بە کافر نادرێ

کردمێ مەجنوونی دەرودەشتان و فەرهادی زەمان
شۆخ و سەلماڕەنگ، لەیلادەنگ و شیرینشەککەرێ

کردمیە ئەفسانەی هەموو بازاڕ و شاران عاقیبەت
ڕووبەخاڵ، گەردەنمەراڵ، چاوکاڵ و گێسووعەنبەرێ

مەنعی ناڵینم مەکەن یاران لەدەست موژگانی یار
زۆر بەئێشودەردە ڕێشی جێگەنێشی نەشتەرێ

زەحمەتی بێهوودە تا کەی ئەی تەبیبی میهرەبان
دەردی من دەردێکە بێدەرمانە چارەی ناکرێ

سۆزی جەرگی من بە گریان وا بە باڵای هەڵچووە
گەر هەزار تۆفانی نووح بێ ئاوری دانامرێ

ڕووی وەدەرنا تا بە تا زولفی دڵاوێزی بزووت
ئاھ و ناڵەی عاشقان هات بوو بە ڕۆژی مەحشەرێ

Kurdish_Poetry

٣٤٦٥

 

✓ ڕەئووف جەهانی

  • پەیڤکاتۆر
    • کوتەک ئەزانێ حەق بۆ چی ئاوسە!️
    • دەستی ماندووە لەسەر سکی شێرە!
    • برسێتی لە ماڵی دەوڵەمەنددا لەبرسا مرد!
    • کەڵەشێر ئەڵێ قووقەی من شەو ئەشواتەوە!
    • هەر ئێستا لە بەخاکسپاردنی دوو کۆرپەلەی ئاواتی نوێم هاتمەوە.
    • سپیترین شیعر بە یەخەی چارەڕەشترین کەسەوەیە.
    • برایەتیی بەرپرسی نەزان و خەڵکی دڵسۆز نابڕێتەوە!
    • شوورای شاری مەریوان گرەوی لە بوومەلەرزە بردۆتەوە!
    • بووک و زاوا ناتوانن لە زەماوەندی خۆیاندا پڕبەدڵ هەڵپەڕن، ئەی بۆ چی دەعوەتن؟
    • شوورای شارەکەم ئەڵێی باوەپیارەیە، بەس چاو زیت ئەکاتەوە!
    • گوێم لە قاڕەقاڕکردنی کۆتری ئاشتییە.
    • تا بارانێکی زۆر نەباری، نەمزانی بەرپرسان هەموو کاراسانییەکیان بۆ لافاو کردووە.
    • کە دادپەروەری کەوتە نەخۆشخانە، دوکتۆر مردبوو.
    • شەق بە حەق ئەڵێ شێوەت ئەکەم، جەنابیشت چەتەی؟
    • لێوانلێوم لە هەناسەساردی، هاوینیش گەرمم نابێتەوە.
    • لافاو بەزەییی بە ماڵی بەرپرساندا نەهاتایەتەوە، ڕوویی تێ ئەکرد.
    • خاڵخاڵۆکە بەدوای ماڵی خاڵیی خۆیدا وێڵه.
    • شووتی شووی نییە.
    • درۆ ماڵەباوانی بەرپرسانە.

Kurdish_Poetry

٣٤٦٤

 

✓ نالی

بە مەرگی خۆت قەسەم زاهید هەموو عومرت عوبوورێکە
مەقام و مەنزڵت ئاخر لەکن جەمعی قوبوورێکە

دڵم بەردە ئەگەر شاخە بە چاوی سووکی مەنواڕێ
بەخۆڕایی نەسووتاوە ئەمیشە کێوی "طور"ـێکە

  • واتە: ئەی زاهیدی لەخۆبایی! بە مەرگی خۆت قەسەم، تەمەنت هەرچەند درێژ بێت، لەوە زیاتر نییە کە بازدان و پەڕینەوەیەکە لە سەردەمی پێش هاتنە دنیاوە بۆ ئەو دنیا. ئارامگای دواییشت ئەبێ سەرەنجام لە گۆڕستانێکدا بێ لەپاڵ کۆمەڵە گۆڕێکی تردا.
  • دڵم ئەگەر بەردێکی بێبایەخ و هیچوپووچ بێ یا شاخێکی سەخت و گەردەنکەش بێ، هەرچۆن بێ بەسووک سەیری مەکە، بەخۆڕایی و بێهۆ نەسووتاوە، هۆی سووتانی ئەوەیە وەک چۆن کێوی "طور" کەوتە بەر تەجەللای نووری خوا و سووتا، کەوتووەتە بەر گڕی ئاگری عەشق، بۆیە دڵی منیش لەجیاتیی ئەوەی بە چاوی سووک سەیری بکرێ، شایانی ئەوەیە وەک کلەی کێوی "طور" چاوی پێ بڕێژرێ.

Kurdish_Poetry

٣٤٦٣


✓ قانێع

قوربانی ئەم خاکەیە ئەم ڕۆحە لەبەرما
سۆزی دڵی پڕدەردە کە خولیایە لەسەرما

ئامادەیی مەیدانم و ئەم بەرگە کە پۆشیم
کفنە نەوەکوو چاکەت و پانتۆڵە لەبەرما

Kurdish_Poetry

٣٤٦٢


✓ هەوراز مەریوان

ئەوینت ڕێژنەبارانە و نەبوو بۆ من دڵۆپێکت
لە دونیادا چراخانی و نەبوو بۆ من گوڵۆپێکت
ئەڵێن سەرمەستە بێگانە لەسەر بادەی چەم و کانیت 
بڵێن ئەشکێ بەسەریاندا هەموو گیانم لەسەر پێکت

Kurdish_Poetry

٣٤٦١


✓ ئاران

گەر هاتی گوڵم ئاو و هەوا بێنە لەگەڵ خۆت
بارانی بزە و نانی نەوا بێنە لەگەڵ خۆت

گەر هاتی دەمێک لێرەوە ڕابووری گوڵی ئاڵ
پڕ باوەشێ سەربەستیی با بێنە لەگەڵ خۆت

بەینێکە هەموو دەروەچی ڕووحم بەسراوە
بۆ ماڵی دەروون نوور و فەزا بێنە لەگەڵ خۆت

گەر هات و هەڵەت کرد و لە ئەم چۆڵگەوە هاتی
قەی ناکا گوڵم دەسکێ نیگا بێنە لەگەڵ خۆت

وا ژەنگی هەڵێناوە هەناوم لە نەبوونت
بۆ ئاسنی ڕۆح ڕەنگێ جودا بێنە لەگەڵ خۆت

لێرە خەوی لێ کەوتووە هەستی دڵی سستم
گەر هاتی دەهۆڵ و کەڕەنا بێنە لەگەڵ خۆت

ئێرە سەرەتای دۆزەخ و دەسپێکی برینە
پارچەغەزەلی داو و دەوا بێنە لەگەڵ خۆت

لێرە شەو و ڕۆژ هەر دەگڕێ کوورەیی ناخم
قۆریەڕەش و دوو پیاڵەیی چا بێنە لەگەڵ خۆت

گەر هاتونەهات ئەم سەفەرەش هەر بەری گرتین
چەن گشتەک و چەن نوشتەدوعا بێنە لەگەڵ خۆت

گەر هاتی نەوەک هیچ کەسێ لەم ماڵە نەمابێ
چەن لاپەڕە شێعری ڕەشەبا بێنە لەگەڵ خۆت

چیدیکە بە ئەم حاڵەوە مەمهێڵە بەقوربان
ئەم سووڕەتە بۆ خاتری خوا بێنە لەگەڵ خۆت

Kurdish_Poetry

٣٤٦٠


✓ بێخود

ئەگەر مەیلت لە دڵ دەرچێ هەتا ڕۆژی جەزا «بێخود»
جەزای ئەو بێوەفایە ڕەببی دەردی بێوەفایی بێ

Kurdish_Poetry

٣٤٥٩


✓ بێخود

لە دیوانی چەمەنزاری مەحەببەت هەر وەکوو قومری
بەڵاگەردانی سەروی میسرەعی مەوزوونی باڵاتم

لەبۆ میحرابی ئەبرۆی تۆیە گەر مەجبووری مزگەوتم
لە نەشئەی چاوی مەستی تۆیە مەفتوونی خەراباتم

لە بەزمی حوسنی خۆتا تۆ خودا جارجارێ یادم کە
کە من پەروانەکەی ڕوخساری شەمعی مەجلیساراتم

Kurdish_Poetry

٣٤٥٨


✓ دەنگی کوردی

  •  دەنگ: عەدنان کەریم
  • شیعر: سالم

هەموو شەو چاوەڕێم بەڵکم بەمەخفی یاری جانی بێ
لە تاریکی شەوا شوعلەی چرا موشکیل نیهانی بێ

چرای ئەووەڵ شەوی قەبرم گڕەی دڵمە لە هیجرانت
بە سروەی بای ئەجەل شەمعی حەیاتم هەر کە فانی بێ

لە سەحرای مەحشەریشا یاری من تەرکی ستەم ناکا
فیدای ئەو شۆخە بێ ڕۆحم کە جەوری دوو جیهانی بێ

لیقا خواهیش دەکەم دایم کە بنوێنێ وەلێ ناچار
ڕەزام حەرفێ لە جوابت بشنەوم گەر "لن ترانی" بێ

بەشێوەی چەنبەری قەددی خەمیدەی پیری بێتاقەت
دەبێ فیکرێ بکا یار ئەر غورووری نەوجەوانی بێ

بەجوز مانی، موسەوویر قەوسی ئەبرۆی وی نەکێشاوە
کە مانی نەقشی کێشابێ دەبێ هەر وا کەمانی بێ

وەفا داغی نەکا گەر دڵ بە کزلک چاکە دوولەت بێ
زوبانی پێوە دا عەقرەب کەسێ سیدقی زوبانی بێ

ڕەوانی کۆهکەن با تازە کا تەقریری شیرینم
بە شیرینی لەبت ناگا شەکەر با ئیسفەهانی بێ

خەمۆشی بەسیەتی «سالم» برینی باتینی کوشتمی
نیهانی تا بە کەی خوێنم حەنای پەنجەی فڵانی بێ

Kurdish_Poetry