٣٤٦٤
✓ نالی
بە مەرگی خۆت قەسەم زاهید هەموو عومرت عوبوورێکە
مەقام و مەنزڵت ئاخر لەکن جەمعی قوبوورێکە
دڵم بەردە ئەگەر شاخە بە چاوی سووکی مەنواڕێ
بەخۆڕایی نەسووتاوە ئەمیشە کێوی "طور"ـێکە
- واتە: ئەی زاهیدی لەخۆبایی! بە مەرگی خۆت قەسەم، تەمەنت هەرچەند درێژ بێت، لەوە زیاتر نییە کە بازدان و پەڕینەوەیەکە لە سەردەمی پێش هاتنە دنیاوە بۆ ئەو دنیا. ئارامگای دواییشت ئەبێ سەرەنجام لە گۆڕستانێکدا بێ لەپاڵ کۆمەڵە گۆڕێکی تردا.
- دڵم ئەگەر بەردێکی بێبایەخ و هیچوپووچ بێ یا شاخێکی سەخت و گەردەنکەش بێ، هەرچۆن بێ بەسووک سەیری مەکە، بەخۆڕایی و بێهۆ نەسووتاوە، هۆی سووتانی ئەوەیە وەک چۆن کێوی "طور" کەوتە بەر تەجەللای نووری خوا و سووتا، کەوتووەتە بەر گڕی ئاگری عەشق، بۆیە دڵی منیش لەجیاتیی ئەوەی بە چاوی سووک سەیری بکرێ، شایانی ئەوەیە وەک کلەی کێوی "طور" چاوی پێ بڕێژرێ.
Kurdish_Poetry
+ بڵاو کرایەوە لە 2019/5/19 ـدا کاتژمێر 23:24 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس