✓ ئاران

گەر هاتی گوڵم ئاو و هەوا بێنە لەگەڵ خۆت
بارانی بزە و نانی نەوا بێنە لەگەڵ خۆت

گەر هاتی دەمێک لێرەوە ڕابووری گوڵی ئاڵ
پڕ باوەشێ سەربەستیی با بێنە لەگەڵ خۆت

بەینێکە هەموو دەروەچی ڕووحم بەسراوە
بۆ ماڵی دەروون نوور و فەزا بێنە لەگەڵ خۆت

گەر هات و هەڵەت کرد و لە ئەم چۆڵگەوە هاتی
قەی ناکا گوڵم دەسکێ نیگا بێنە لەگەڵ خۆت

وا ژەنگی هەڵێناوە هەناوم لە نەبوونت
بۆ ئاسنی ڕۆح ڕەنگێ جودا بێنە لەگەڵ خۆت

لێرە خەوی لێ کەوتووە هەستی دڵی سستم
گەر هاتی دەهۆڵ و کەڕەنا بێنە لەگەڵ خۆت

ئێرە سەرەتای دۆزەخ و دەسپێکی برینە
پارچەغەزەلی داو و دەوا بێنە لەگەڵ خۆت

لێرە شەو و ڕۆژ هەر دەگڕێ کوورەیی ناخم
قۆریەڕەش و دوو پیاڵەیی چا بێنە لەگەڵ خۆت

گەر هاتونەهات ئەم سەفەرەش هەر بەری گرتین
چەن گشتەک و چەن نوشتەدوعا بێنە لەگەڵ خۆت

گەر هاتی نەوەک هیچ کەسێ لەم ماڵە نەمابێ
چەن لاپەڕە شێعری ڕەشەبا بێنە لەگەڵ خۆت

چیدیکە بە ئەم حاڵەوە مەمهێڵە بەقوربان
ئەم سووڕەتە بۆ خاتری خوا بێنە لەگەڵ خۆت

Kurdish_Poetry