✓ وەفایی

دەردەدارم بێزبانم بێدڵم سەوداسەرم
ئاخ لەبۆ دڵمیهرەبانێ هەمزبان و هەمسەرێ

لەحزەیەک یادی خودا ناکا لەبەر عەیشی جیهان
نەفسی کافر وا دەزانێ قەت جیهان ڕانابرێ

بێ شەکەرخەندەی دەمت وەسڵی ڕوخت مومکین نییە
جەننەتم نابێ هەتا نەمشۆن بە ئاوی کەوسەرێ

پێم بڵێ وەجهی چییە زولفت موقیمی ڕوومەتە
خۆ بە شەرعی موستەفا جەننەت بە کافر نادرێ

کردمێ مەجنوونی دەرودەشتان و فەرهادی زەمان
شۆخ و سەلماڕەنگ، لەیلادەنگ و شیرینشەککەرێ

کردمیە ئەفسانەی هەموو بازاڕ و شاران عاقیبەت
ڕووبەخاڵ، گەردەنمەراڵ، چاوکاڵ و گێسووعەنبەرێ

مەنعی ناڵینم مەکەن یاران لەدەست موژگانی یار
زۆر بەئێشودەردە ڕێشی جێگەنێشی نەشتەرێ

زەحمەتی بێهوودە تا کەی ئەی تەبیبی میهرەبان
دەردی من دەردێکە بێدەرمانە چارەی ناکرێ

سۆزی جەرگی من بە گریان وا بە باڵای هەڵچووە
گەر هەزار تۆفانی نووح بێ ئاوری دانامرێ

ڕووی وەدەرنا تا بە تا زولفی دڵاوێزی بزووت
ئاھ و ناڵەی عاشقان هات بوو بە ڕۆژی مەحشەرێ

Kurdish_Poetry