٢٦٧٧

 

✓ قانێع

ئەی وەتەن دایم خەریکی شیوەن و گریانتم
ئەی وەتەن سووتاوی زامی دەردی بێ دەرمانتم
گەر خوا بۆم کا بەوەڵڵا گیانفیدای لاوانتم
ئەی وەتەن شێواوی حاڵی قەومی بێ سامانتم
دایما سەودازەدەی دەستی خەم و ھیجرانتم

خۆم ئەزانم چەن کەساس و دڵبرین و ڕەنجەڕۆم
خۆم ئەزانم چۆن دوچاری زامی پڕئێش و بەسۆم
با بزانن یەک بە یەک ئەفغان و تورک و فارس و ڕۆم
کۆھکەندەی بێستوونی فیرقەتی شیرینی تۆم
بۆیە دایم بێ تەوەققوف جان بەڵاگەردانتم

ئەی وەتەن وەڵڵا لە بووکی یەکشەوە زیباتری
تۆ لە دووسەد کیمیا و زێڕ و گەوھەر چاتری
بۆ خوماری کەللە بێ شک تۆ لە مەی سەھباتری
تۆ بەمومتازی لە فیردەوەسی بەرین ئەعلاتری
بۆیە وەک بولبول ھەمیشە تالبی گریانتم

ئەو کەسەی تەنیا و بەبێکەس ڕۆڵەڕۆی بێ ھەر منم
خەمفرۆش و خەمکڕ و یا خەم بە کۆی بێ ھەر منم
گەر بەڕاستی بێ تەواوی یا درۆ بێ ھەر منم
گەر لە دنیا تاقەتی ئەحزانی تۆی بێ ھەر منم
وا موقیمم ئەی وەتەن وەک شاخی ھەورامانتم

گەر دەمیشم ھەڵدروون دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا
چاو بەبێ فیکری دەروون چۆن فێرە خۆی گریان ئەکا
دار و بەردی ھۆدەکەم ھەر زیکری یا کوردان ئەکا
عیشقی میللەت لە دڵما ھێرش و جەولان ئەکا
ئەی وەتەن بۆ تۆ بفەوتێم قۆچەکەی قوربانتم

من وەکوو ئەسکەندەرم کەوتوومە ناو گێژی مەمات
ئەی ئەرستۆی خوێندەواران غیرەتێ بۆ ڕێی نەجات
ئەی وەتەن وەک بەعزێ کەس گوێ نادەمە ھات و نەھات
گەر لەگەڵ یادی ئەتۆدا سەرفی کەم مودەی حەیات
وا ئەزانم موونسی سەد کەوسەر و عەدنانتم

«قانع»ـا نەزمت پەشێوە داخەکەم فاییەی چییە
من ئەزانم ھەوڵ و دادت بێ سەمەر داری بییە
ھەرچی ھاوارێ ئەکەی لای بێتەمیز ھەر فیفییە
باوەڕت بێ ئەی وەتەن لافم لە ئەشعارا نییە
شاعیرێکی گیانفیدای ئاووھەوای نیشتمانتم

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٧٦

 

✓ قانێع

میزانی حوکم کە بە مقامات و تەجرەبەس
دەخلی جیایە بەسەر لە شەم و سەمع یا مەزاق

ھێندێ بەشەر کە قابلە ئەیداتێ تەخت و تاج
ھێندێ بە نانی وشکەوە ئەکێشێ بەڵایی شاق

باری کەرەم ئەدات بە سولەیمان سەروەری
ئەیووب ئیمتەحان ئەکا بە تەکالیفی لایەتاق

«قانع» کیفایەتی حاڵی ئەتۆیە بە سالمی
بەخشیویە پێت خوا بەیانات و قەلبی ساق

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٧٥

 

✓ قانێع

ئەگەر مردم وەتەن لاوانی تۆ خۆش
ئەگەر ھیتلەر نەما گاوانی تۆ خۆش

موخەییەر بم لە بەینی تۆ و بەھەشتا
لە جەننەت دوور ئەبم سەیرانی تۆ خۆش

ھەموو حۆری موبارەک بێ بە زاھید
لەبۆ من ھەر کچ و غیلمانی تۆ خۆش

بە من چی سەیری باخ و قەسری لوبنان
وەتەن سەحرا و کەژ و کێوانی تۆ خۆش

ئەگەر دنیا نەما یەکسەر بەجارێ
وەتەن گەرمیان و ھەم کوێستانی تۆ خۆش

ئەگەر نەفعی خوسووسیت تیا نەمێنێ
موبارەک بێ وەتەن دەورانی تۆ خۆش

ئەگەر خۆ «قانع»ـی ئەمرۆ نەمێنێ
وەتەن ڕەببی وەتەنخاھانی تۆ خۆش

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٧٤

 

✓ فەنایی

یاری من دایم لە موڵکی نازەنینی شایە ئەو
نەخشی خامەی کردگارە بۆیە بێهەمتایە ئەو

هەر چی من بیڵێم لە ئەوسافی حەمیدە و جوانی ئەو
ئەو بە حوسنی بێنەزیری زیاترە و هەر وایە ئەو

ماهی کەنعان شوعلەبەخشی شاری میسرە و میسرییان
شەمسی عالەمتابی ئێمە مەتلەعی بەتحایە ئەو

حوسنی خولق و سیرەتی وەک حوسنی ڕەنگ و سوورەتی
شاهیدی دەعوامە ئارێ گەوهەری یەکتایە ئەو

سەروی نازی نازداران پەیکەری ئەنواری حەق
مەحرەمی موڵکی حوزوورە شەوڕەوی ئەسرایە ئەو

فەخری ڕۆڵەی ئادەمە بۆ بەرتەری جینن و مەلەک
بۆ بە لەش دەعوەتکراوی بارەگای ئەعلایە ئەو

تا بە "قَابَ قَوْسَيْن" ئەو موشەڕڕەف بوو بە جیسم
سیدرەیە جەولانگەهی هەم "جَنَّةُ الْمَأْوى"ـیە ئەو

سەر بە سەرگەردی غوبار و گەرد و تۆزی ڕێگەکەی
چونکە باڵای خوشخەرامی تا بڵێی ڕەعنایە ئەو

سینە گەنجینەی عولوومی ئەووەڵین و ئاخرین
مەرکەزی ئەسراری کەنزی "عَلَّمَ الْأَسْمَا"ـیە ئەو

ڕاز و نازێ بەو دراوە بۆ سەراپەردەی حوزوور
ناڕەوایە بۆ کەسی تر پەیکی "أَوْ أَدْنَى"ـیە ئەو

حیکمەتی سونعی ئەزەل بوو وا بە ئەمری "كُنْ فَكَانْ"
خاڵ و ڕەمزی وەسڵی خەلق و عالەمی باڵایە ئەو

سیڕڕی موڵکی ماسیوایە نیکتەکەی عەهدی ئەلەست
بەسیە بۆ وەسفی لە عالەم مەرتەبەی " لَوْلَا"ـیە ئەو

باسی نازی ئەو «فەنایی» گەر ئەکا هەر بۆیەیە
تا بڵێن خامەی ئەویش خۆ خاوەنی هەودایە ئەو

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٧٣

 

✓ ئەحمەد موختار جاف

دڵ وەکوو بولبول لە ھیجری نەوگوڵێ ئەفغان ئەکا
ناری جەرگ و سۆزی سینەم عالەمێ بوریان ئەکا

وا دیارە لەم وڵاتی کۆھسارە عاجزە
مەیلی خاکی گەرمەسێر و ھەم قەڵای شێروان ئەکا

ئەم وڵاتە بێ سەفایە، ساردە بۆ عوششاقی ڕووت
ئیشتیاقی بەر ھەتاوی ڕوومەتی خووبان ئەکا

بارش و بارانی ھەوری چاوەکانم جارییە
زەڵمە یا خۆ تانجەڕۆیە تێکەڵی سیروان ئەکا

ھەر کەسێ ئەمڕۆ لە ڕێگای ئەو نیگارە ڕێی ببێ
بۆ سبەینێ گەپ بە موڵک و تەختی شا و سوڵتان ئەکا

ئافەرین بۆ لەشکەری موژگان و زولفەینی سیات
وا بە یەکدەم موڵکی جان و دڵ ھەموو وێران ئەکا

بەرقی ئاھ و سەیلی دیدەی من لە ھیجری دڵبەرم
ھەر ئەڵێی ھەوری بەھارە ناڵە و تۆفان ئەکا

مەحمەلی لەیلا دەخیلم تۆ بەتوندی وا مەڕۆ
عاشقی مەجنوونسیفەت لەم دەشتەدا گریان ئەکا

وا بەیادی تیغی ئەبرۆی دڵبەری بێڕەحمی خۆی
«ئەحمەد»ـی عاشق خەریکە ڕۆحی خۆی قوربان ئەکا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٧٢

 

✓ کەمالی

ئەم دڵەم کاتێ زەمانی نەوجەوانی یاد ئەکا
میسلی نەی کونکون ئەبێ ھەر ناڵە و فەریاد ئەکا

وا خەتی موشکین لە ڕووی ھات دڵبەرم خاکم بەسەر
جا نیزامی موڵکی حوسن و ئانی ئەو بەرباد ئەکا

ڕێ مەدەن زاھید کە بێتە مەجلیسی مەستانەوە
ھەر بە تەسبێحی خەریکە پێکی مەی تەعداد ئەکا

تا ئەبەد مەمنوونی پیاوی بێئەدەب بم حەقمە من
چونکە ڕەفتاری بەدی بۆ چاکە من ئیرشاد ئەکا

بۆ تەماع گەر خزمەتی زاڵم بکەم بێمروەتم
عالەم ئەیزانێ کە ھەر سەگ خزمەتی سەییاد ئەکا

گەر لە خۆشیانا پەڕوپۆ دەر بکەم حەقمە ئەمن
فەقر و فاقە ئێستە دائیم لێم موبارەکباد ئەکا

خوێن لە جەرگی دێ وەکوو فوارە «کەمالی» ھەر گەھێ
مەجلیسی عیلم و قسەی شیرینی مەحوی یاد ئەکا

تیری برژانگی کە ھێرش دێنێ بۆ سەر دڵ ئەڵێی
لەشکەری ھیندە خەیاڵی گرتنی بەغداد ئەکا

ڕێی قیامەت دوور و بێ پایانە توێشووی لازمە
پیاوی عاقڵ بۆیە مەیلی جەمعی توێشوو زاد ئەکا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٧١

 

✓ فانی 

پێنجخشتەکی لەسەر غەزەلێکی زێوەر

بۆ وەسڵی شیفا فیکری سەفەر مەرھەمە ئیمڕۆ
بۆ چاوی کزم خاکی ڕەھت سورمەمە ئیمڕۆ
کۆیی تووە قەدر و شەڕەفم کەعبە مە ئیمڕۆ
عالەم بەسەبەب قافڵەیی ئاھم تەمە ئیمڕۆ

شۆڕاوی سروشکم بەمەسەل زەمزەمە ئیمڕۆ

ڕووم زەردە ئەگەر بێت و بڵێم شاھی جیھانی
شایانی جیھان شاھن ئەتۆ شاھی ئەوانی
ڕەمزی دەمە یا جەوھەرە یا نوقتەیی مانی
لێوت کە عەقیقە بووەتە ڕوکنی یەمانی

ماچی کە جەوازی نییە جێی پەنجەمە ئیمڕۆ

بۆ نەوعی بەشەر جین و مەلەک مەحرەم و ئەغیار
تەوفی حەرەمی تۆ بەسە بۆ دەردی دڵی زار
بوێە کە دەسووڕێن وە دەگرێین و لە ھاوار
مەحفووزە لە بۆسە و لە دەسی عاشقی غەمبار

ئەو ڕوکنەیی شامی کە دەڵێ پەرچەمە ئیمڕۆ

زوڵفت کە بە تاریکی و پێچی بە چە ناچێ
لەو زوڵمەتە ترسم ھەیە ڕووحم بەفەنا چێ
ڕێی ماچی ڕوخی گرتووی توخوا بڵێ لاچێ
چونکی خاڵت "حجرالاسود"ـە دەست ناکەوێ ماچێ

دەستم کە بگاتێ سەبەبی ژینمە ئیمڕۆ

نەسرین و سەمەن یاسەمەن و سەوسەن و سونبوڵ
سەودازەدەیی پەرچەمی تۆن ناڵەیی بوڵبوڵ
پڕحیکمەتی غونچەی دەمتە باعیسی ئەی گوڵ
کو بۆتەوە حەجاجی خەیاڵم لە "مینا"ـی دڵ

شەیتانی ڕەقیب ڕەجمی لەلام ئەلزەمە ئیمڕۆ

تو خودا مەڵێ «فانی» لە جەفادایە لەمیشە
ڕووحم لە خەیاڵی توو فیراقی نییە پیشە
خۆشی لە دڵێکە کە لە یادی توو لە ئیشە
«زێوەر» وەکوو حاجی لە تەوافایە ھەمیشە

ئەم تەوفە وەداعی نییە لەو بێغەمە ئیمڕۆ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٧٠

 

✓ فانی 

ئەی موحەممەد گەر دەرم کەی ڕوو لە کێ کەم بچمە کوێ
خۆ گەدای دەروازەیی تۆ، باڵاتری ھەر پادشا

غەوسی ئەعزەم تۆ کوڕی دڵسۆزی ئەم زاتەی مەدەد
بۆ دەوای دەردم بپاڕێوە لە دەرگانەی خودا

بێقەرار و دەردەدار و دڵفیگار، ئیمڕۆ منم
ئەی خوداوەندی شیفادەر پێم کەرەم کە یەک دەوا

تاکوو ماچ کەم خاکی دەرگای ئەحمەدی موختاری تۆ
خاکی ئیکسیرە لەبۆ ئەنواعی دەردی بێ شیفا

من بە ڕوویی ڕەشمەوە دێمە لات چی لێم بکەی
چونکی شک نابەم چە جێگای تر حەبیبی کیبریا

چوومە لای ڕۆژی فیراقم دەردی ھیجرم عەرز کرد
وەسڵی من یەکسانە فەرمووی بۆ ھەموو ئەھلی منا

«فانی» یا دەرمانی دەردت ھەر لە یەک جێگایە بەس
تاکوو ماوی ھەر بکەی ھاوار خودا ھاوار خودا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٦٩

 

✓ موفتی پێنجوێنی

ئەوەی ھەقبێژە قەولی ترش و تاڵە
ئەمن ھەرچی ئەڵێم ئەیکەن بە گاڵە
خەیاڵی ژێری لێفەی شەو بەتاڵە
ھەتا ڕەنجێ نەدەی گەنجێ مەحاڵە

بەئوممێدی دوعا تۆ دامەنێشە
ھەناسەی ڕزق و ڕۆزی ھەڵمەکێشە
ئەگەر مەردی وەکوو شێرانی بێشە
شکارت ھەوڵە گەر بیکەی بە پێشە

ئەگەر سەروەت بە ھاوار و دوعا بێ
گەدای سەر جادە ھەڵدەگرێ کە شا بێ
بە یەک ھەفتە لە دەرد و خەم ڕەھا بێ
نەوەک تا ماوە ھەر وا بێنەوا بێ

تەماشای دەسی حاجی کردنی تۆ
گەلێ چاترە لەمانە مردنی تۆ
لە گۆشتی ڕانی خۆت برژێنە بیخۆ
تەمەڵ لێی دامەنیشە دەستەوئەژنۆ

بەمنداڵی لەبۆ حاجی نەباری
وەکوو تۆ خاو نەبوو ئێسک و دەماری
بە ڕەنجی شانی خۆی بوو کەسب و کاری
بەھیوای کەس نەبوو بۆ کۆڵ و باری

چ مانێک و ژیانێکە ھەتا سەر
لەبۆ دەسمایە ڕیش و پرچ و مێزەر
ئەسەف بۆ تۆ ئەگەر مەردی و ھونەروەر
نەڕێژی چینی عارەق عەینی گەوھەر

تەماعی دەوڵەمەند و خێر و ئیحسان
خودا دایناوە بۆ ئینسانی نوقسان
ئەمانە گەر نەبێ ئەمرێ لە برسان
حەرامە بۆ کەسێکی ساخ و ملپان

ھەتا گەنجی بەکار و خۆبەکۆڵ بە
لەگەڵ ئەھلی وەتەن یەک ڕۆح و دڵ بە
بە ئەخلاق و تەبیعەت خاک و گڵ بە
بە شەوق و میھرەبانی ڕەنگی گوڵ بە

دەروونم کەیل و پڕدەردی زەمانە
نەبوونی زاڵمێکی بێ ئەمانە
سەعیکردن لە قورئانا بەیانە
بە کفری تێ ئەگا ھەر کەس نەزانە

برا بۆ تۆمە من عاجز نەبی لێم
مەڵێ خراپە ھەرچی کە من ئەیڵێم
بە پشکۆی جاھیلی سووتاوە ژێرپێم
نەخۆشێکی پەرێشانم لەسەر جێم

ئەتۆ «موفتی» ئەگەر ئاوازە خۆشی
لەبۆ خۆت بگری تا ئەمری نەخۆشی
بە داخی خەڵکەوە بۆچ وا بەجۆشی
مەتاعی چاکە ھەڵبەت ئەیفرۆشی

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry

٢٦٦٨

 

✓ قسەی خۆش با ون نەبێ

کابرایێ کاتی نیوەڕۆ زۆر برسی و تینوو دێتەوە بۆ ماڵ و دوو هێلکە ئەنێتە سەر ئاگر و ئەیکاتە هێلکەوڕۆن و پەرداخێ دۆ و تۆزێ سەوزیش ئەخاتە پاڵ دەستی و باڵی بۆ هەڵەماڵێت. کاتێ دەس ئەکاتە خواردن، دەرگاکەیان تەقەی لێ ئەدرێ. لە پشتی دەرگا سەیر ئەکا پیاوێکی ماندووی حەپۆڵینی قەڵەوە! سەرەتا ناوێرێ دەرگا بکاتەوە. ئیتر بەزەیی بە حاڵیا دێت و دەرگای بۆ ئەکاتەوە و ئەیباتە ژوور. لەگەل خۆیا بیر ئەکاتەوە کە ئەگەر خوڵکی لێ کا چێشتەکە زۆر نییە و بەشی هەردووکیان ناکا و خوڵکیشی لێ نەکا تۆزێ بێئەدەبیە. زۆر لەگەل خۆیا باس دەکا. وەڵڵا قوربان خوڵکی لێ ئەکا و ئەڵێ: مامە گیان بێ قسە نانت خواردووە؟ ئەویش ئەڵێ: نا کاکە گیان نەمخواردووە ... ئەمیش لە وەڵامدا ئەڵێت: بەئیمانم خواردووتە خۆم ئەزانم، خواردووتە، تۆ باش بیر کەرەوە ...

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry