✓ فانی 

پێنجخشتەکی لەسەر غەزەلێکی زێوەر

بۆ وەسڵی شیفا فیکری سەفەر مەرھەمە ئیمڕۆ
بۆ چاوی کزم خاکی ڕەھت سورمەمە ئیمڕۆ
کۆیی تووە قەدر و شەڕەفم کەعبە مە ئیمڕۆ
عالەم بەسەبەب قافڵەیی ئاھم تەمە ئیمڕۆ

شۆڕاوی سروشکم بەمەسەل زەمزەمە ئیمڕۆ

ڕووم زەردە ئەگەر بێت و بڵێم شاھی جیھانی
شایانی جیھان شاھن ئەتۆ شاھی ئەوانی
ڕەمزی دەمە یا جەوھەرە یا نوقتەیی مانی
لێوت کە عەقیقە بووەتە ڕوکنی یەمانی

ماچی کە جەوازی نییە جێی پەنجەمە ئیمڕۆ

بۆ نەوعی بەشەر جین و مەلەک مەحرەم و ئەغیار
تەوفی حەرەمی تۆ بەسە بۆ دەردی دڵی زار
بوێە کە دەسووڕێن وە دەگرێین و لە ھاوار
مەحفووزە لە بۆسە و لە دەسی عاشقی غەمبار

ئەو ڕوکنەیی شامی کە دەڵێ پەرچەمە ئیمڕۆ

زوڵفت کە بە تاریکی و پێچی بە چە ناچێ
لەو زوڵمەتە ترسم ھەیە ڕووحم بەفەنا چێ
ڕێی ماچی ڕوخی گرتووی توخوا بڵێ لاچێ
چونکی خاڵت "حجرالاسود"ـە دەست ناکەوێ ماچێ

دەستم کە بگاتێ سەبەبی ژینمە ئیمڕۆ

نەسرین و سەمەن یاسەمەن و سەوسەن و سونبوڵ
سەودازەدەیی پەرچەمی تۆن ناڵەیی بوڵبوڵ
پڕحیکمەتی غونچەی دەمتە باعیسی ئەی گوڵ
کو بۆتەوە حەجاجی خەیاڵم لە "مینا"ـی دڵ

شەیتانی ڕەقیب ڕەجمی لەلام ئەلزەمە ئیمڕۆ

تو خودا مەڵێ «فانی» لە جەفادایە لەمیشە
ڕووحم لە خەیاڵی توو فیراقی نییە پیشە
خۆشی لە دڵێکە کە لە یادی توو لە ئیشە
«زێوەر» وەکوو حاجی لە تەوافایە ھەمیشە

ئەم تەوفە وەداعی نییە لەو بێغەمە ئیمڕۆ

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry