٢٦٧٢
✓ کەمالی
ئەم دڵەم کاتێ زەمانی نەوجەوانی یاد ئەکا
میسلی نەی کونکون ئەبێ ھەر ناڵە و فەریاد ئەکا
وا خەتی موشکین لە ڕووی ھات دڵبەرم خاکم بەسەر
جا نیزامی موڵکی حوسن و ئانی ئەو بەرباد ئەکا
ڕێ مەدەن زاھید کە بێتە مەجلیسی مەستانەوە
ھەر بە تەسبێحی خەریکە پێکی مەی تەعداد ئەکا
تا ئەبەد مەمنوونی پیاوی بێئەدەب بم حەقمە من
چونکە ڕەفتاری بەدی بۆ چاکە من ئیرشاد ئەکا
بۆ تەماع گەر خزمەتی زاڵم بکەم بێمروەتم
عالەم ئەیزانێ کە ھەر سەگ خزمەتی سەییاد ئەکا
گەر لە خۆشیانا پەڕوپۆ دەر بکەم حەقمە ئەمن
فەقر و فاقە ئێستە دائیم لێم موبارەکباد ئەکا
خوێن لە جەرگی دێ وەکوو فوارە «کەمالی» ھەر گەھێ
مەجلیسی عیلم و قسەی شیرینی مەحوی یاد ئەکا
تیری برژانگی کە ھێرش دێنێ بۆ سەر دڵ ئەڵێی
لەشکەری ھیندە خەیاڵی گرتنی بەغداد ئەکا
ڕێی قیامەت دوور و بێ پایانە توێشووی لازمە
پیاوی عاقڵ بۆیە مەیلی جەمعی توێشوو زاد ئەکا