✓ شێرکۆ بێکەس
لە کاتێکا کە منداڵ بووم
دەستی چەپم حەزی ئەکرد
وەک دەستی منداڵی پۆشتەی دراوسێمان
سەعاتێکی تیابێ ئەویش
وڕکم ئەگرت
دایکم ناچار گازی ئەگرت لە مەچەکم
بە جێگەی دان سەعاتێکی بۆ ئەکردم
ئــــــای کە دڵخۆشی ئەکردم
لە کاتێکا کە منداڵ بووم
واتەی کامەرانی لای من لەوەدا بوو
لە حەماما
بەسەر پەشتەماڵی جاما
فوو بە کەفی سابوونا کەم
گڵۆپێکی سەوز و سووری لێ دروس کەم
لە کاتێکا کە منداڵ بووم
لە زستانا
لەبەر تینی ئاگردانا دائەنیشتم
سەرنجم ئەدا لە پشکۆی گەشاوە و ئاڵ
وام حەز ئەکرد منی مناڵ
بچمە ناو پشکۆکانەوە
دابنیشم و بیکەم بە ماڵ
کە مناڵ بووم
زۆر ئێوارە ئەیانناردم
لە ماڵی پوورە مەنیجە
ترشیات بکڕم
کام تام لەو تامە خۆشتر بوو
لە دوای ئاوڕ
لە پێچی تەنگی کۆڵانا
کاتێ یەک دوو قوومی خێرام
ئەدا لە ترشیاتی ناو جام
لە کاتێکا کە مناڵ بووم
خۆشەویستی لام ئەوە بوو
شەوی جەژن
تا بەیانی چاو ھەڵدێنم
لەگەڵ خۆما دەسلەملان
پێڵاوی تازە بنوێنم
کە گەورە بووم
دەستی چەپم زۆر سەعاتی ڕاستەقینەی جوانی بینی
بەڵام ھیچیان وەک سەعاتی جێگە دانی دایکم
لەسەر قۆڵ و دەستم
وەھا دڵخۆشیان نەکردم
کە گەورە بووم
ھیچ چلچراو گڵۆپێکی ژوورەکانم
وەک گڵۆپی کەفی سابوون
پێکەنینیان پێ نەگرتم
کە گەورە بووم
ھیچ گڕێکی زۆپای ئێستام
نەکردە ماڵ و تیا بژیم
کە گەورە بووم
ھیچ خواردنێ
تامی ئەو قومە ترشیاتەی پێ نەبەخشیم
کە گەورە بووم
ھیچ کراس و بۆینباخ و قاتێکێ نوێم
نەھێنایە ژێر جێگەوە
وەکوو پێڵاوەکەی جەژن
تا بەیانی چاو ھەڵدێنم
لەگەڵ خۆما بیاننوێنم
© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry